لایەنە كوردستانییەكان تاوتوێی پێڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانیی كوردستانی دەكەن

:: PM:05:46:13/02/2020 ‌
چاوەڕوان دەكرێت كۆتایی هەفتەی داهاتوو، فراكسیۆنە كوردستانییەكان سەرنج و پێشنیازی خۆیان لەسەر رەشنووسی پێكهێنانەوەی هاوپەیمانیی كوردستان بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بگەیەنن، لە كۆبوونەوەكیشدا تاوتوێی پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی بكەن. بەهار مەحموود دەڵێ، پرسی پێكهێنانەوەی هاوپەیمانیی كوردستانی خراوەتە جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی شوبات، بەهار مەحموود سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ـی راگەیاند، پاش كۆبوونەوەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پرسی پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی خراوەتە جێبەجێكردن و چاوەڕوانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكەین فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئاگادار بكاتەوە بۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە نووسینەوەی پێڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانیەتییەكە.

بەهار عەبدولڕەحمان روونی كردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێڕەوێكی ناوخۆی ئامادەكراویان خستەر ِوو، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە خۆمان پێڕەوێك بنووسینەوە گونجاو بێت لەگەڵ شێوازی كاركردنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوە دا، هێشتا وەك پێویست متمانە لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان نییە، پارتی و یەكێتی متمانەیان بە یەكتریی نییە، فراكسیۆنەكانی تر متمانەیان بە پارتی و یەكێتی نییە و گوتی "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكە پێی گوتین

لە 10 رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەكە ئەنجام دەدەین و تاوتوێی سەرنج و پێنشیازی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین لەسەر پێڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی كوردستانی


بە بڕوای بەهار عەبدولڕەحمان لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بەتایبەت، فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆدەنگ بوونە لەسەر پرسە پێوەندارەكانی پێوەست بە بەرژەوەندی باڵای كوردستانی، گوتی "بەڵام بوونی هاوپەیمانی كوردستانی بەرانبەر بە لایەنە شیعەكان و سوننەكان، سەنگی كورد لە دانوستاندنەكان قورستتر دەكات".

دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بارەی كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە "وشە"ـی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان، رەشنووسی پێڕەوێكی ناوخۆ بەسەر فراكسیۆنە كوردستانییەكان دابەشكرا، گوتی "پێمان گوتن لە ماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژی تر، سەرنج و پێنشیازی خۆتان لەسەر رەشنووسەكە بنووسن"، زیاتر گوتی "لە 10 رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەكە ئەنجام دەدەین و تاوتوێی سەرنج و پێنشیازی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین لەسەر پێڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی كوردستانی".

لە دوو خولی رابردوو پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق جگە لە تابلۆیەكی سەر هۆڵێكی لایەنە كوردستانییەكان بە كردەیی بوونی نەماوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا دروست كردبوو، لە چەندین بۆنەشدا كاریگەری بەسەر هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان دیار بوو.

سێشەمی رابردوو 11ی شوبات، لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فراكسیۆنە كوردستانییەكان و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە، ئامانجیش لە كۆبوونەوەكە پرسی بەشداری لە حكوومەتی عێراق و پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی بوو.


وشە - فه‌رمان سادق