مۆبایل مەترسیدارترینە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

:: PM:07:09:13/02/2020 ‌
تا دێت قوربانیان و تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زیادبوون دایە. لە 24 سەعاتی رابردوودا تەنیا لە چین زیاتر لە 240 كەس گیانیان لە دەستداوە و 15 هەزاریش تووشی  ڤایرۆسەكە بوون. وەزارەتی تەندروستی سەنگافورە هۆشداری دەداتە بەكارهێنەرانی مۆبایل و دەڵێ، بە بەردەوام پاكی بكەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی شوبات، وەزارەتی تەندروستی سەنگافورە رای گەیاند، رەنگە مۆبایل كە هەموو كەسێك هەیەتی و بە دەستیەوەیە، مەترسیدارترین هۆكاری گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، دەڵێ، مۆبایلەكانتان زۆر مەترسیدارترە لەو دەمامكی پارێزگاری كە هاووڵاتییان بەكاری دەهێنن بۆ تووش نەبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

پزیشكانی سەنگافورە ئاماژە بەوە دەدەن كە تا ئێستە ئەوە نەسەلمێنراوە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەواو بگوازرێتەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵام مۆبایلەكان بەو پێیەی بەكارهێنەران نزیكی دەكەنەوە لە گوێ و چاو، بە بەردەوامیش دەستی لێ دەدەن، زۆر مەترسیدارن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە.

رۆژنامەی "ساوس چاینا پۆتس" لە زاری پزیشكانی سەنگافورە بڵاوی كردووتەوە، ئامۆژگاری بەكارهێنەران دەكەن كە زوو زوو مۆبایلەكانیان پاك بكەنەوە، لە كاتی چوونە دەرەوەیان لە ماڵ دەمامكی پارێزگاری ببەستن و خۆیان بە دوور بگرن لە تێكەڵ بوون لە شوێنە گشتییەكان، زیاتر دەڵێن "پابەندبوون بەو رێكارانە رەنگە ببێتە هۆی وەستانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا".

پزیشكانی سەنگافورە: مۆبایلەكانتان زوو زوو پاك بكەنەوە


جێی باسە تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 20 وڵات زیاتریش بڵاوبووەتەوە و تا ئێستە لە دەرەوەی چین دوو كەس گیانیان لەدەست داوە، یەكێكیان لە هۆنگ كۆنگ و ئەوەی تریان لە فلیپین. 
 
رێكخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە وڵاتان دەكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك دوژمنی سەرەكی مرۆڤ بناسێنن، هەموو هەوڵێك بدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە كە بەم دواییە بە ناوی "كوفید – 19" ناسێنرا. 

جێی باسە لە 24 سەعاتی رابردوو تەنیا لە چین 242 كەس گیانیان لە دەستداوە و 15 هەزار كەسی تریش ڤایرۆسی كۆرۆنایان تووشبووە، بەمەش ژمارەی قوربانیان گەیشتە هەزار و 355 كەس و ژمارەی تووشبووانیش نزیكەی 60 هەزار كەس تەنیا لە چین. 



وشە - فه‌رمان سادق