پێشبینی ده‌كرێ ئه‌مڕۆ گه‌شتیارێكی زۆر به‌مه‌به‌ستی چوونه ناو به‌فڕ ڕوو له‌ناوچه شاخاوییه‌كانی كوردستان بكه‌ن، هاتوچۆی هه‌ولێر وریایی ده‌دات و ڕای ده‌گه‌یه‌نن، مه‌ترسیی له‌سه‌ر چه‌ند ڕێیه‌كی سنووری هه‌ولێر هه‌یه.
هێشتا به‌فرێكی زۆر ماوه
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 14ی شوبات، فازڵ حاجی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی هاتوچۆی هه‌ولێر بۆ "وشه" گوتی، رێی ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان و سه‌فین و هیران به‌هۆی زۆری ئه‌و به‌فره‌ی كه‌له‌سه‌ری كه‌وتووه تائێسته نه‌كراوه‌ته‌وه و مه‌ترسیی له‌سه‌ر ڕێیه‌كه هه‌یه.
به‌رپرسه‌كه‌ی هاتوچۆ هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه تیمه‌كانی راماڵینی به‌فر كاریان كردووه، به‌ڵام هێشتا به‌فرێكی زۆر ماوه له‌و سنووره.
هه‌روه‌ك داوایشی له هاووڵاتییان كرد كه به‌نیازن ئه‌مڕۆ بچن بۆ ناو به‌فر نه‌چنه ئه‌م رێگایه، به‌ڵكو ده‌توانن بچنه تونێلی پیرمام به‌ره و شه‌قڵاوه كه ئه‌و رێیه هیچ كێشه‌ی نیه.
جگه له‌ناو سه‌نته‌ری هه‌ولێر له زۆره‌ی ناوچه‌كانی كوردستان له دوێنیوه به‌فر باریوه و ئه‌مڕۆیش كه‌شناسی هه‌رێم رای گه‌یاند، شه‌پۆلی به‌فر بارین كۆتایی هاتووه، به‌ڵام پله‌كانی گه‌رما زیاتر نزم ده‌بنه‌وه.