هێڵی ئاسمانی عێراقی دوای چەندان ساڵ لەبەردەوامی بوونی گەشت بۆ تەواوی شارەکانی ئەوروپا لە چەند فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە گەشتی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ بەپێی بڕیارێکی تەواو گەشتەکانی ڕاگرت.
ئەمڕۆ شەموو 15ی شوبات، هاشم نوورەدین عەلی بەڕێوبەری فڕۆیشتنی پلیتی هێڵی ئاسمانی عێراقی و بریكاری سەرەکی لە بەغدا بە "وشە" ڕاگەیاند، ئاگادارییمان پێ گەیشت کە سیستەمی سەرەکی هێڵی ئاسمانی عێراقییە سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئەوروپا ڕادەگرێت، ئەمەیش کێشەی گەورەی بۆ گەشتیاران دروست کردووە و بەدوای چارەسەرەوەین.
هێڵی ئاسمانی تورکیش شوێنەکان پڕ دەکەنەوە
زیاتر گوتی، تا ئێستە هۆکارەکەی و ماوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەمە زیانی زۆر بە هێڵی ئاسمانی عێراقییە دەگەیەنێت.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە "وشە"ی گوت، ڕاگرتنەکە بەهۆی خراپی و کۆنی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی بووە، بڕیارەکە لەلایەن ئەورووپاوە دەرچووە و مۆڵەتی مانگێک بە کارگێڕی هێڵی ئاسمانی عێراقی دراوە بۆ باشترکردنی.
سەرچاوەکە زیاتر گوتی، تاکو ئەوکات هێڵی ئاسمانی مەلەکی ئووردنی و هێڵی ئاسمانی تورکیش شوێنەکان پڕ دەکەنەوە.
هێڵی ئاسمانی عێراقی لەساڵی 1945 دامەزراوە لەلایەن بەڕیتانیاوە سەرپەرشتی کراوە، ناوی کۆمپانیایەکی هاتوچۆی فەرمی ئاسمانی عێراقییە، لەشارەکانی بەغدا و هەولێر و بەسڕە و نەجەف و سلێمانی ڕۆژانە بۆ هەموو جیهان گەشتی هەیە، لەڕووی ئەستێرەوە لە دەستەی فڕۆکەوانی گشتی جیهانی سێ ئەستێرەی وەرگرتووە.