مووچەی چەند شوێنێك دابەش دەكرێت و پارەكەی بەغدا دەگات

:: AM:08:07:16/02/2020 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتێك و توێژێك دابەش بكرێت، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەش دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان بڵاو دەكرێتەوە ئەوەیش دوای گەیشتنی پارەكەی بەغدا.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی شوبات، بەپێی خشتەی دابەشكردنی مووچە، سبەی دووشەم مووچەی وەزارەتی شەهیدان دابەش دەكرێت لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان بۆ مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو و زیندانیانی سیاسی بۆ مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو، هەروەها ڕۆژی سێشەم مووچەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ مانگی چواری ساڵی ڕابردوو دابەش دەكرێت .

ئەم هەفتەیەش خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم شوێنەكان بڵاو دەكرێتەوە
لە زانیارییەكاندا هاتووە، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەش خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم شوێنەكان بڵاو دەكرێتەوە ئەوەیش دوای هاتنی پارەكەی بەغدا.

هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوای تەنگژەی دارایی، پشت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن دەبەستێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد