له‌سه‌ر سكاڵای هۆزی كهرهویی نیشته‌جێی شاره‌دێی گوڵاڵه، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكه گیرا، گوته‌بێژی پۆلیسی دیاله‌ش هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 16ی شوبات، یه‌عقووب یوسف به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه‌ی سه‌ر به شارۆكه‌ی خانه‌قین له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌سه‌ر سكاڵای هۆزی كهرهویی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه گیرا.
مه‌حموود ده‌لۆ كارگێڕی لیژنه‌ی ناوچه‌ی گولاڵه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هۆزی كهرهویی كه هۆزێكی عه‌ره‌بی هاورده‌ی ناوچه‌كه‌ن، سكاڵایان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه تۆمار كرد و به‌گرتنیان دا.
ده‌یانه‌وێ كه‌سێك له هۆزه‌كه‌ی خۆیان پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه‌ی پێ بدرێت
زیاتر ڕوونی كرده‌وه، ئه‌و هۆزه به مه‌به‌ست سكاڵایان كردووه، چونكه ده‌یانه‌وێ كه‌سێك له هۆزه‌كه‌ی خۆیان پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه‌ی پێ بدرێت.
هه‌روه‌ها نیهاد محه‌مه‌د گوته‌بێژی پۆلیسی دیاله هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ "وشه" پشتڕاست كرده‌وه و ڕای گه‌یاند، له‌سه‌ر سكاڵای هۆزی كهرهوییهكان، یه‌عقووب یوسفی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گولاڵه گیراوه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسی گوڵاڵه‌وه به"وشه" دراون، هۆزی كهرهوییهكان تۆمه‌تی ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییانی كهرهوییهكانیان له دوای جه‌نگی داعش داوه‌ته پاڵ به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه و به گرتنیان داوه.
گوڵاڵه یان جه‌له‌ولا شاره‌دێیه‌كی سه‌ر به شارۆكه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به پارێزگای دیاله‌یه، شوێنی جیۆگرافیی له نزیك ڕووباری سیروان ھه‌ڵكه‌وتووه. ڕووبه‌ری گوڵاڵه 467 كیلۆمه‌تر دووجایه، به دووریی 32 كیلۆمه‌تر كه‌وتووه‌ته به‌ری خۆرئاوای خانه‌قین، ڕووباری سیروان كه‌وتووه‌ته خۆڕھه‌ڵاتی، زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی موسوڵمانن له نه‌ته‌وه‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان پێك هاتوون.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی