پاش ئه‌وه‌ى گۆرانییه به‌ناوبانگه‌كه‌ى لوڕستان "دایه دایه وه‌ختی جه‌نگه" كه به خه‌ڵكی كوردستان ئاشنایه، له‌لایه‌ن ڕێكخراوی یونسكۆ له ڕیزی به‌رهه‌مه به بایه‌خه‌كانی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو تۆمار كرا، ئه‌و گۆرانییه فۆلكلۆرییه ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن چه‌ندان گۆرانیبێژێكى تر‌ى لوڕ و غه‌یره لوڕه‌وه گوتراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به ده‌نگی ڕه‌زا سه‌قایی سۆزی تایبه‌تی هه‌یه. بۆیه ره‌خنه‌گر و لێكۆڵه‌رانى بوارى موزیك له ئێران، نازناوى "ئه‌فسانه‌ى چیاى زاگرۆس و لوڕستان"یان به‌خشى به‌هونه‌رمه‌ند ره‌زا سه‌قایی.
ئه‌و گۆرانییه ئاواز و موزیكی فۆلكلۆری لوڕه و به‌پێی تێكست و میلۆدییه‌كه‌ى، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باس له خۆڕاگریی و كۆڵنه‌دانی خه‌ڵكی لوڕ و دانیشتووانی بناری زاگرۆس ده‌كات له هه‌مبه‌ر سته‌م و هێرشی سته‌مكاران. بۆیه له‌سه‌ر ئاستی ئێران و به‌تایبه‌تی له كوردستان، به زوویی ناسرا و ده‌نگی دایه‌وه.
بێگومان هه‌ر ناوچه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر له لوڕستانه‌وه تا ده‌ڤه‌رى باكورى كوردستان كه ناوچه‌ی شكاكیشى پێ ده‌گوترێ، خاوه‌ن كولتوورێكى فره ده‌وڵه‌مه‌ندن و پشكى شێریان به‌ركه‌وتووه له كولتوورى ره‌سه‌نى كوردى.
توانی گۆرانى و موزیكی لوڕی له سنوورى لوڕ و ده‌ڤه‌ره‌كه تێپه‌ڕێنێت و به خه‌ڵكی ئێران و ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ی بناسێنێت
له ناوچه‌ی لوڕستان كاتی خۆی عه‌لیڕه‌زاده‌یه‌ك هه‌بووه، حه‌سه‌ن زیره‌ك چه‌نده به ناوبانگ بووه، ئه‌ویش له گۆرانیی لوڕیدا به‌هه‌مانشێوه ناوبانگی هه‌بووه. هونه‌رمه‌ندان ره‌زا سه‌قایی، فه‌ره‌جی، ئێسته‌یش نیزام ره‌جه‌بزاده، حیشمه‌ت ره‌جه‌بزاده، عه‌لیزاده و چه‌ندان گۆرانیبێژی تر بوونیان هه‌بووه و خزمه‌تی باشیان كردووه و كولتوورى لوڕیان زیندوو كردووه‌ته‌وه.
یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی جێ په‌نجه‌ی دیاره، ره‌زا سه‌قایی بووه كه توانی گۆرانى و موزیكی لوڕی له سنوورى لوڕ و ده‌ڤه‌ره‌كه تێپه‌ڕێنێت و به خه‌ڵكی ئێران و ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ی بناسێنێت.
پێش ئه‌و، موزیكی لوڕی ته‌نیا له‌گه‌ڵ كه‌مانچه (جۆزه)یه‌كدا بوو، به‌ڵام سه‌قایی توانی ئامێره‌كانی تریش بێنێته ناو موزیكه‌كه و ئێرانییه‌كان به ئاسانى موزیكی لوڕی له‌وانی تر جیا بكه‌نه‌وه. به‌مه‌ش ده‌سپێشخه‌رى و رچه‌شكێنییه‌كى فره مه‌زنى كرد.
له سه‌رده‌می رژێمی پاشایه‌تیی ئێران‌دا هه‌موو ده‌رگه‌یه‌ك به رووی نه‌ته‌وه‌كاندا داخرابوو، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند ئازاد نه‌بوو له ئه‌نجامدانى كارى هونه‌رى، به‌ڵام كه‌سانێكى دڵسۆزی وه‌ك هونه‌رمه‌ندان سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی و ره‌زای سه‌قایی، توانییان ئه‌و ده‌رگایانه بشكێنن.
ئه‌و ڕاپه‌ی ئێسته له ئه‌وروپا و رۆژئاوا هه‌یه، له ناوچه‌ی له‌كستانیشدا پێش ئه‌وروپا هه‌بووه، وه‌ك "هه‌ی لای كۆرپه لای" ئه‌وه هی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه و ده‌توانین له‌گه‌ڵ راپی ئێسته هه‌ڵیسه‌نگێنین، ئه‌و راپه‌ی ئێسته ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌یڵێن، دروست وه‌ك "هه‌ی لای كۆرپه لای"یه‌كه‌ى ناوچه‌ی له‌كه كه له نێوان لوڕستان و كه‌ڵهوڕدایه.
ره‌زا سه‌قایی له سه‌رده‌می سته‌م و زۆرداریى شاهه‌نشاى ئێران‌دا، سروودی "دایه دایه وه‌ختی جه‌نگه"ی بڵاو كرده‌وه كه فۆلكلۆری لوڕییه، باس له‌وه ده‌كات كه كاتی شه‌ڕ هاتووه و پێویسته هه‌مووان شه‌ڕ بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان.
له به‌شێكی سرووده‌كه‌دا ده‌ڵێ:
زین و به‌رگم له ماینه‌كه ببه‌ستن، خه‌به‌ری من بۆ خاڵه‌كانم به‌رن.
هۆ دایه دایه وه‌ختی جه‌نگه، قه‌تاری فیشه‌كدانه‌كه‌م پڕه.
سه‌نگه‌ره‌كان تێكده‌ن و ته‌رمه‌كه‌م ده‌ربێنن له سه‌نگه‌ردا
بیبه‌ن بۆ دایكم تا شینم بۆ بكا.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده له 10/4/1939 له شاری "خوڕه‌م ئاوا”ی پارێزگای لوڕستان له‌دایك بووه. له گه‌نجییه‌وه هاتووه‌ته دنیاى هونه‌ره‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م هونه‌رمه‌نده ته‌نیا تا پۆلی چواری سه‌ره‌تایی خوێندووه، به‌ڵام له گۆرانیگوتندا زیره‌ك و به‌توانا بووه.
تا پێش شۆڕشی ئێران 57 به‌رهه‌می تۆمار كردووه، دوای شۆڕشی ئێرانیش به‌رهه‌مه‌كانی به‌شێوه‌ی باشتر و جوانتر تۆمار كردوونه‌ته‌وه.
سه‌قایی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند موجته‌با میرزاده كاری كردووه. به‌ڵام له ساڵی 1979 به‌هۆی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك كه بۆ قوڕگی كرابوو، به‌هۆی هه‌ڵه‌ی پزیشكه‌كانه‌وه بۆ هه‌میشه ده‌نگه سیحراوییه‌كه‌ی له ده‌ست داوه و چیتر نه‌یتوانیوه گۆرانی بچڕێته‌وه /ئه‌مه رووداوێكی گوماناویشه چونكه ده‌نگی سه‌قایی زۆر كاریگه‌ر بوو/ له‌وه به‌دواوه بۆ 20 ساڵ له گۆشه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆیدا مایه‌وه، دواتر له گه‌رمه‌ی جه‌نگی ئێران و عێراقدا له ئه‌نجامی هێرشی فڕۆكه‌كانی عێراق به سه‌ختی بریندار بووبوو.
له 18/7/2010 كۆچى دوایی كرد و له گۆڕستانی هونه‌رمه‌ندانی لوڕستان به خاك هاتووه‌ته سپاردن.
سه‌رچاوه:
كوردستان و كورد.
2. پایگاه خبرى/ فارسى.
3. ئێران ئۆنلاین/ فارسى.
وشە/ ستار جه‌بارى