سۆران.. 50 ئۆتۆمبێل ژێربەفر کەوتوون

:: PM:12:28:17/02/2020 ‌
بەهۆی ئەو شەپۆلی بەرفربارینەی سنووری سۆرانی گرتووەتەوە، چوار پێشانگای ئۆتۆمبێل داڕماون و چەندان ئۆتۆمبێل، دوكان و فەرمانگە زیانیان بەركەوتووە.

لە سنوورەكە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لە ئەنجامی داڕمانی چوار پێشانگای ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەتووە
ئەمڕۆ دووشەم 17ـی شوبات، بیار باڵەكی بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەهۆی شەپۆلی بەفربارین لە سنوورەكە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لە ئەنجامی داڕمانی چوار پێشانگای ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەتووە، هەروەها كەپری چوار ماڵ و دوو دوكانیش داڕماون و زیانی ماددیان لێ كەوتەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران گوتی، شەپۆڵی بەفربارین بەردەوامە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە 16 هاووڵاتی كە لەناو بەفردا گیریان خواردبوو لەلایەن تیمەكانیان رزگار كراون، نۆ پێشمەرگەش كە داوای بەهاناوەچونیان كردبوو رزگاركراون.

ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەو شەپۆڵە بەفر بارینە زیانی زۆر هەبووە و بەشێك لە كەپری قوتابخانە و كارگەی ئاو و یاریگا و فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێم و لە چەند شوێنێكیش بەشێكی شاخەكان داڕماون.


وشە - رامیار جەواد