زانیاری لەسەر كۆنسێرتەكەی ئلیسا لە هەولێر

:: PM:08:08:17/02/2020 ‌
خانمە گۆرانیبێژ ئلیسا لە دوای ئەنجامدانی كۆنسێرتی مەسیكی بۆ ڕەوەندی عەرەبی لە ئەوروپا، بڕیار وایە لە نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ئاهەنگێكی تایبەتی خێزانی ساز بكات.

ڕۆژی دواتر و هەمان شەو دەگەڕێتەوە لبنان
تۆنی سەركیس دیزاینەری ناوداری لبنانی و دیزاینەری تایبەتی ئلیسا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گۆرانیبێژ ئلیسا ئێوارەی ڕۆژی 20ی ئازار لە شاری هەولێر ئاهەنگێكی تایبەتی خێزانی بۆ هەوادارانی لە هەرێمی كوردستان ساز دەكات، ڕۆژی دواتر و هەمان شەو دەگەڕێتەوە لبنان، چونكە هەفتەی دوای ئەوە ئاهەنگی هەیە لە كەنەدا.

زیاتر گوتی، ئاهەنگەكە لە هۆڵی گالاكسی لە شارۆكەی عەنكاوە دەبێت و تەنیا بۆ خێزانەكان دەبێت، ئێستە ئامادەكاری بۆ فڕۆشتنی تكتی چوونە ژوورەوە دەكرێت.

هونەرمەند ئلیسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شاژنی هەستەكان ناسراوە، تەمەن /46 ساڵ/، ناوی تەواوی ئلیسار زەكەریا خورییە، ئلیسا خاوەنی چەندان بەرهەمی ناوازەیە و لە وڵاتانی عەرەبی هەوادارێكی زۆری هەیە و نوێترین ئەلبوومی ساڵی پار بڵاوی كردەوە، لە چەندان بەرنامەی ناوداری عەرەبی دادوەر بووە بۆ هەڵبژاردنی ئەستێرەی دەنگ خۆشی عەرەبی، خەریكی بارزگانیكردنە بە زێڕ و ئەلماس.


وشە - محەمەد میران