عەلاوی جارێکی تر لەگەڵ کورد کۆ دەبێتەوە

:: PM:12:26:22/02/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تر لە نێوان شاندی كوردی و محەمەد تۆفیق عەلاوی بەڕێوە بچێت و لە كۆبوونەوەكە باس لە مووچە و بودجە و پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی شوبات، ئەندامێكی گفتوگۆی نێوان شاندی كورد لەگەڵ عەلاوی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تر لە نێوان كورد و عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەڕێوە دەچێت.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەسەر داوای محەمەد تۆفیق عەلاوی خۆیەتی 
ئەو ئەندامە كە نەیویست ناوی بهێنرێت گوتی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەسەر داوای محەمەد تۆفیق عەلاوی خۆیەتی و پرسی مووچە و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و پارەی گەنم و پشكی كورد لە حكوومەتی عێراق باس دەكرێت.

لەبارەی ئەگەری نزیكبوونەوەی كورد و عەلاوی، ئەو ئەندامە ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی یەكەم هیچ نزیكبوونەوەیەك نەبوو، بۆیە گفتوگۆی ئەمڕۆ دەكەوێتە سەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد لەلایەن عەلاوی.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پێوەندی بە چەندان نوێنەری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانیان نەدایەوە.

هەفتەی ڕابردوو یەكەمین گفتوگۆ لە نێوان كورد و عەلاوی ئەنجام درا و هیچ ئەنجامێك لە كۆبوونەوەكە نەبوو، عەلاویش داوای كردووە ڕۆژی دووشەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت بەمەبەستی پێدانی متمانە بە حكوومەتەكەی.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 8972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌