ڕۆژنامه‌ی "سه‌نده‌ی تایمز"ی به‌ریتانی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گه‌مارۆ و سزاكانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه خه‌ڵكی به‌هۆی هه‌ژاری و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی خۆراك و ژیانێكی باشتر له‌و ته‌نگژه قورسه‌ی ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه، ده‌ستیان به فرۆشتنی ئه‌ندامانی له‌شیان كردووه و له نه‌خۆشخانه‌كان ئه‌ندامی له‌ش ده‌فرۆشن.
نێردراوی ڕۆژنامه‌كه ده‌ڵێ، كاتێك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی هاشمی نه‌ژاد له تاران ده‌كه‌یت، ده‌یان نووسراوی هه‌ڵواسراو ده‌بینیت، كه به ده‌ست له‌سه‌ریان نووسراوه و ناوه‌رۆكی تێكسته‌كانیش بریتییه له خستنه‌ڕووی فرۆشتنی ئه‌ندامێكی جه‌سته له به‌رانبه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك، له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و نووسراوانه نووسراوه، من ته‌مه‌نم 37 ساڵه و یه‌كێك له گورچیله‌كانی خۆم ده‌خه‌مه ڕوو بۆ فرۆشتن، به‌هۆی قه‌رز و كێشه داراییه‌كانه‌وه، پێویستم به پاره‌یه" هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش گرووپی خوێن و ژماره ته‌له‌فۆنی له‌سه‌ر نووسراوه، ئیتر هه‌ر كه‌سێك پێویستی پێ بێت، ئه‌وا پێوه‌ندی پێوه ده‌كات و به مامه‌ڵه‌كردن له‌سه‌ر نرخه‌كه‌ی ڕێك ده‌كه‌ون و دواتر به نه‌شته‌رگه‌ری گورچیله‌ی ده‌رده‌هێنرێت و بۆ نه‌خۆشی كڕیار داده‌نرێت.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، بینینی ئه‌و نووسراوانه له نه‌خۆشخانه‌كان، ئاماژه‌یه‌كی ڕوون و به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، له‌سه‌ر دۆخی ژیان و قورسی سه‌ر شانی ئێرانییه‌كان كه دوای سه‌پاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆ و سزاكان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته ڕووبه‌ڕووی ئێرانییه‌كان بووه‌ته‌وه.
له نه‌خۆشخانه‌كان خه‌ڵكی نووسراو هه‌ڵده‌واسن و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌یان بۆ فرۆشتن ده‌خه‌نه‌ڕوو
هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌رپرسه باڵاكانی ئه‌م وڵاته هه‌میشه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌رگه‌ی گه‌مارۆ و سزاكان ده‌گرن و خۆیان ڕاده‌ستی ئه‌مه‌ریكا ناكه‌ن و به مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش بۆ دانوستاندن ڕازی نابن و تا گه‌مارۆكانیش به ته‌واوی هه‌ڵنه‌گیرێن به هیچ شێوه‌یه‌ك ناچنه ناو دانوستاندنه‌وه، به‌ڵام قسه‌ی به‌رپرس و سیاسییه‌كان جۆرێكه و ئه‌وه‌ی له واقیعیش ده‌بینرێت، به ته‌واوی جیاوازه و خه‌ڵكی له حاڵێكی ته‌واو خراپدان و هه‌ژاری و برسیه‌تی له وڵاته‌كه بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵكه‌كه نه‌ڕووخێت، میدیاكانی ئێران به كه‌مترین شێوه باسی لێوه ده‌كه‌ن و بگره به به‌رده‌وامیش په‌رده‌پۆشی ده‌كه‌ن، تا تووڕه‌یی خه‌ڵك دژی حكوومه‌ت و ڕژێمی وڵاته‌كه ده‌ست پێ نه‌كاته‌وه.
ئه‌م گرفت و ته‌نگژه ئابوورییه ته‌نیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر چینی هه‌ژار و مام ناوه‌ندی وڵاته‌كه نه‌كردووه، به‌ڵكوو گه‌وره سه‌رمایه‌دارانی وڵاته‌كه‌یش تووشی كێشه و كه‌موكورتی بوون و وه‌كو پێشتر مامه‌ڵه ناكه‌ن و پاره خه‌رج ناكه‌ن، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری لقی كۆمپانیا زه‌به‌لاح و ماركه جیهانییه‌كان له ئێران دابخرێن.
یه‌كێك له كارمه‌ندانی كۆمپانیایه‌كی ماركه له ئێران به ڕۆژنامه‌كه‌ی گوتووه، پێشتر ته‌نیا جانتای گه‌شتكردنی ماركه‌مان به 15 هه‌زار یۆرۆ فرۆشتووه، به‌ڵام دوو ساڵه به‌هۆی سزاكان و گه‌مارۆدانه‌وه، كه‌س هیچ شتێكی گرانبه‌ها و ماركه ناكڕێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لقی ماركه جیهانییه‌كان له شاره گه‌وره‌كانی ئێران زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه و سه‌رجه‌میان داخراون.
له‌گه‌ڵ گه‌مارۆی ئابووری هه‌ژاری و برسیه‌تی بووه به مۆته‌كه‌ی ئێرانییه‌كان
ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵه ئه‌مه‌ریكا دوای كشانه‌وه‌ی له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، ده‌ستی به سه‌پاندنی سه‌رجه‌م سزا و گه‌مارۆكان به‌سه‌ر ئێران كردووه‌ته‌وه و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ی له په‌كخستن نزیك كردووه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌وه‌یش به‌های تمه‌نی ئێرانی به به‌رده‌وامی ڕووی له دابه‌زینه و ئێران وه‌كو پێشتر ناتوانێ نه‌وت هه‌نارده بكات و بیفرۆشێت، به‌هۆی سزادانی ئه‌و وڵاتانه‌ی نه‌وت له ئێران ده‌كڕن له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، به‌وهۆیه‌وه وڵاته‌كه تووشی گێژاوێكی گه‌وره‌ی ئابووری بووه.
له ماوه‌ی ڕابردوویش به‌هۆی گرانكردنی نرخی به‌نزین شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی خۆپێشاندان سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌ی گرته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌ڵكوتانه سه‌ر خۆپێشاندانه‌كان و مامه‌ڵه‌كردن به توندترین شێوه، ده‌نگی ناڕازی خه‌ڵك هه‌مووكات كپ ده‌كرێته‌وه و به سه‌دان له خۆپێشانده‌رانیش گیران و ده‌یانیشیان لێ كوژران، هێزه‌كان له سه‌ر شه‌قامه‌كان به ئاشكرا و بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ده‌ستدڕێژی گولـله‌یان له خه‌ڵك ده‌كرد.
ئێسته سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو گرفته‌ی كه به‌رۆكی ئێرانییه‌كانی گرتووه، ڤایرۆسی كۆرۆنایش گه‌یشتووه‌ته وڵاته‌كه و پێشبینی ده‌كرێ زۆرێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشی ده‌روازه‌كان دابخه‌ن و مامه‌ڵه‌ی بازرگان‌یش له‌گه‌ڵ ئێران كه‌م ببێته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌یش دۆخه‌كه زۆر قورس‌تر ده‌كه‌ن و به ته‌واوی خه‌ڵك سه‌رگه‌ردان و برسی ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده ده‌گوترێ كه سوڵتاننشینی عه‌مان و عێراق و چه‌ند وڵاتێكی تری ئه‌وروپی هه‌وڵی نێوه‌ندگیری نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌ده‌ن، به‌ڵام تا ئێسته هه‌وڵه‌كان هیچ ئاكامێكیان نه‌بووه و ئه‌مه‌ریكایش سووره له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی سزا و گه‌مارۆكان، له ته‌ك ئه‌وه‌یش دا هێزه‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاد ده‌كات و هه‌میشه مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه، كه ئێرانییه‌كان دوای قۆناغی برسیه‌تی و نه‌داری به‌هۆی سزاكانه‌وه، دواجار ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌مه‌ریكایش هێرش بكاته سه‌ر وڵاته‌كه ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ و كاره‌ساتێكی یه‌كجار گه‌وره ده‌بنه‌وه.