كاتی هاتنی پارەكەی بەغدا ئاشكرا كرا و دابەشكردنی مووچەی سبەی ڕادەگەیەنرێت

:: AM:09:03:24/02/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی پارەكەی بەغدا بگاتە هەولێر، وەزیری دارایی واژووی لەسەر خەرجكردنی كردووە و خشتەی مووچەی سبەی ڕاگەیەنرا.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی شوبات، سەرچاوەیەكی باڵا بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بۆ ناردنی پارەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر خەت بووینە و دوێنێ‌ واژوو لەسەر ناردنی پارەكە كراوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەمڕۆ ئەگەر پارەكەی بەغدا بگاتە هەرێمی كوردستان، ئەوا لیستێكی فراوانی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان لەم هەفتەیە بڵاو دەكرێـتەوە، ئەگەر سبەیش پارەكە بگاتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ پارەی پێویست بەردەست بێت، سبەی مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەكرێت.

سبەی مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەكرێت
هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دوای تەنگژەی دارایی پشت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن، دەبەستێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد