زانیاری نوێ‌ لەسەر كەیسی كچە هەشت ساڵانەكە لە دادگا ئاشكرا بوو

:: PM:01:47:24/02/2020 ‌
پارێزرەی كەیسی كچە هەشت ساڵانەی هەولێر ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ ئەو کەیسە جارێكی تر گەڕێندراوەتەوە دادگای لێكۆڵینەوە.

بە بریارێكی تایبەت" تەمیز" گەڕێنرایەوە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر
ئەمڕۆ دووشەم 24ـی شوبات، ڕێبین سەباح پارێزەری ل. لوقمان كچە هەشت ساڵانەكەی هەولێر کە ساڵی پار دەستدرێژیی کراوەتەسەر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەم دۆسیەیە بە بریارێكی تایبەت" تەمیز"  گەڕێنرایەوە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر.

پارێزەرەكە گوتی، گەڕانەوەی كەیسەكە بۆ لێكۆڵینەوە، بۆ ئەوەیە بە تەواوەتی رێكارەكانی لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە تەواو بكرێن، بۆیە وەك تیمی پارێزەرانی بەرگریكار دڵنیاتان دەكەینەوە تا دوا قوناغ لە بەرگریكردن و بەدەست هینانەوەی مافی ئەو منداڵە كۆڵ نادەین.

ڕۆژی 21ـی شوبات، جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەواوی داودەزگا پێوەندیدارەكان هاتوونەتە راسپاردن، بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسی رووداوی "منداڵە هەشت ساڵییەكەی هەولێر" كە لە مانگی نیسانی 2019 رووی داوە و ئەوکات تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بووە. 

ئاشكرای كرد، لایەنە پێوەندیدارەكان رێكاری یاساییان بەرانبەر ئەم دۆسیەیە و تۆمەتبارەكانی گرتووەتەبەر، ئەو پێنج تۆمەتبارەی كە پێشتر بە دەستەبەری ئازاد كرابوون، گیرانەوە و بەهیچ شێوەیەكیش چاوپۆشی لە تۆمەتبارانی ئەم تاوانە قێزەونە ناكرێت.



وشە - رامیار جەواد