سلێمانی.. ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ دوو كتێبی ساسان عەونی دەكرێ

:: AM:10:11:25/02/2020 ‌
لە ڕێوڕەسمێکدا، خوێندنەوە بۆ هەریەک لە کتێبەکانی "ناوەڕاستی رۆژهەڵات ململانێ و هەژموون" و "ئامانجەكانی مۆسكۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"ی ساسان عەونی نووسەر و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەکرێ.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی شوبات، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری سلێمانی لە لایەن دوو مامۆستا و توێژەرەوە، خوێندنەوە بۆ دوو كتێبی ساسان عەونی نووسەر و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، بە ناوەكانی "ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات ململانێ و هەژموون" و "ئامانجەكانی مۆسكۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" دەكرێ.

خوێندنەوە بۆ دوو كتێبی ساسان عەونی نووسەر دەكرێ

مەراسیمەکە ئەمڕۆ سەعات سێی ئێوارە لە دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی بە سپۆنسەری رێكخراوی كوردستان دیالۆگ بۆ ناساندن و راڤەكردنی دوو كتێبی ساسان عەونی بەڕێوە دەچێ، لەگەڵ ئەوەشدا كتێبەكان وەك دیاری بەسەر ئامادەبووان دابەش دەكرێن، رێكخراوی كوردستان دیالۆگ تێچوو و ئامادەسازی بۆ مەراسیمەكە گرتووەتە ئەستۆی خۆی كە پێشتریش چەند كارێكی تریان بۆ راڤەكردنی كتێبی نووسەران كردووە.

ناوەڕاستی رۆژهەڵات ململانێ و هەژموون، لە نووسینی ساسان عەونی، لەلایەن دانا كەمال توێژەر خوێندنەوەی بۆ دەكرێ، كە ئەم كتێبە باس لە پێگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دنیا و ململانێی وڵاتانی زلهێز لەو ناوچە گرنگ و ئاڵۆزە دەكات، هەروەها ئەو كتێبە باس لە پێگەی هەرێمی كوردستانیش لەو بەشە گرنگەی ناوچەكە دەكات وەك ناوچەیەكی جوگرافی گرنگ كە رۆڵی لە سیاسەتی ناوچەكەدا دەبێت.

هەروەها سیروان حەمەشەریف مامۆستا و توێژەر خوێندنەوە بۆ كتێبی ئامانجەكانی مۆسكۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكات، ئەو كتێبە هی نووسەری رووسی دمیتری ترینین و لە وەرگێڕانی ساسان عەونییە، ناوەڕۆكی كتێبەكە باس لە سیاسەت و چاوتێبڕینی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بە تایبەتی نووسەری كتێبەكە خۆی بەڕێوەبەری پەیمانگەیەكی رووسییە بۆ سیاسەت و بە وردی ئاگای لە ململانێ و سیاسەت و ئامانجەكانی مۆسكۆ لەو ناوچە گەرمەی جیهاندا هەیە، واتە رووسیا ئامانجی گەورەی لەو ناوچەیە هەیە، بەتایبەتی دوای شەڕی سووریا و ئەو رەوشە ئاڵۆزەی وڵاتەكە، جارێكی تر رووسیای زلهێز هاتەوە ناو هاوكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئاستی بەهێزبوونەوەی مۆسكۆ لەو ناوچە گەرمەی ململانێی  وڵاتان.




وشە - ڕێناس شابان