سەرۆك بارزانی: دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی حكوومەتی عەلاوی سەركەوتوو نییە و قبووڵ ناكرێت

:: PM:12:14:25/02/2020 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی زاگرۆسی عەرەبی، باسی لە چەند پرسێكی هەنووكەیی ئێستەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد، هەڵوێستی خۆیشی لە بەرانبەریان دەربڕی.

سەرۆك مەسعوود بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ كەناڵی زاگرۆسی عەرەبی كە ئەمڕۆ سێشەم 25ـی شوبات دەقی چاوپێكەوتنەكەی بە کوردی بڵاو كراوەتەوە رایگەیاند، خۆپیشاندانەكانی ئێستە پەرچەكرداری شكستەكانی رابردوون و پێویستە كار لەسەر چاككردنەوەی هەڵەكان بكەن، كە بوونەتە هۆی ئەو شكستانە.

سەرۆك بارزانی گوتی، لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆمان بۆ خۆپیشاندەران و داوا رەواكانیان دەربڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوامان كردووە، چارەسەرەكە ئاشتییانە بێت و رێگە بە كەسانی هەڵپەرست نەدەن سواری شەپۆلەكە ببن.

ئەگەر عەلاوی بەبێ بەشداریی كورد و سوننە كابینەكەی پێك هێنا، ئەوا پیرۆزی بێت
 
سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوەش كردەوە، هەولێر دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ میوانداریكردن و كۆبوونەوەی نێوان سەركردە سیاسییەكان و نوێنەرانی خۆپیشاندەران، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو و دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستەی وڵات تێی كەوتووە.

سەرۆك بارزانی، لە بارەی محەممەد تۆفیق عەلاوی و میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت گوتی، عەلاوی لە خێزانێكی دیارە، بەڵام میكانیزمی دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی حكوومەتەكەی سەركەوتوو نییە و قبووڵ ناكرێت، پێویستە كار لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینە و دەستنیشانكردنی وەزیرەكان بکات، هەموو سەرپێچییەكیش رەت دەكەینەوە، كە دەبنە هۆی پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق.

سەرۆك بارزانی روونیشی كردەوە، سونە و كورد و ژمارەیەكی زۆر لە شیعەكان لەو شێوازەی عەلاوی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی رازی نین، چونكە گوایە بەناوی سەربەخۆیی و بێلایەنیی وەزیرەكان دەستنیشان دەكەن، بەڵام دواتر بە ئارەزووی خۆیان بەكاریان دەهێنن، هەروەها ئەگەر عەلاوی بەبێ بەشداریی كورد و سوننە كابینەكەی پێك هێنا، ئەوا پیرۆزی بێت.

سەرۆك بارزانی ئاشكرای كردووە، رێككەوتنی عەلاوی لەگەڵ دوو لایەن، یان سێ لایەن، نابێتە هۆی پابەندبوونی ئەو لایەنانەی كە لە رێككەوتنەكەدا نین.

لە بارەی هەڕەشەكانی داعش و گەڕانەوەی مەترسییەكانی رێكخراوەكەش، لەو گفتوگۆیەدا سەرۆك بارزانی بە روونی ئاماژەی بەوە كرد، رێكخراوەكە هێشتا مەترسییە و گوتی، داعش ئێستەیش هەڕەشەیەكی ڕژدە بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەگەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكشێنەوە، ئەوا رێكخراوەكە جارێكی دیكە و بە هێزێكی زیاترەوە دەگەڕێتەوە، بۆیە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، بڕیارێكی چارەنووسسازە و نابێت بكەوێتە ژێر هەست و سۆز و موزایەدات.

"نابێت عێراق، یان هەرێمی كوردستان ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ئەمەریكی – ئێرانی، لەسەر عێراق پێویستە راسپاردەكانی ئێران، یان هەر وڵاتێكی دیكە رەت بكاتەوە" ئەوا سەرۆك بارزانی وای گوت.

پەیوەست بە پرسی ناوخۆیی عێراقیش، سەرۆك بارزانی دەڵێت، عێراق بەدەست نەبوونی سیاسەتێكی یەكگرتووی ناوخۆیی و دەرەكییەوە دەناڵێنێت، ئێمەش لەگەڵ هەمواری دەستووریین ئەگەر ئامانج لێی دەوڵەمەندكردن و چاكسازیی بێت، بەڵام بە هەموو شێوەیەك ئەو كارە رەت دەكەینەوە، ئەگەر ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە مافەكانی گەلی كورد و هەرێمی كوردستان و دیموكراسیەت.

لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكە سەرۆك بارزانی داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات، كە دەستبەرداری ناكۆكییەكان بن و هەوڵی گەیشتن بدەن بە میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەری گرفتەكان.



وشە - رامیار جەواد