پانۆرامای پاشەكشەی نرخی لیرەی توركیا لە 12 ساڵی رابردوودا

:: PM:02:19:26/02/2020 ‌

ئەگەر سەرنج بدرێتە گۆڕانكارییەكانی نرخی لیرە لە بۆرسەی دنیا، لانی كەم لە 12 ساڵی رابردوودا لیرە بەردەوام لە دابەزیندا بووە و دابەزینەكەش لەوكاتەوە كە رەجەب تەیب  ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دەستی بە فراوانخوازییەكانی كردووە، زیاتر خێرا بووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی لیرە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی زیاتر لە جاران رووی لە دابەزین كردووە. بەگوێرەی xe ئەمڕۆ چوارشەم 26ی شوباتی 2020 نرخی لیرە بەرانبەر بە دۆلار بۆ نزمترین نرخ دابەزی كە لە 18 مانگی رابردوو تۆمار كرابێت. ئێستە هەر 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 615  لیرەی توركیا ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

 كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر بازاڕەكانی دنیا و سیاسەتە فراوانخوازییەكانی ئەردۆغان لە لایەك و دۆخی نالەباری ئابووری ئەو وڵاتە و پاشەكشەی توركیا لە بنەماكانی دیموكراسی لە لایەكی تر، بە گرنگترین هۆكاری دابەزینەكە هەژمار دەكرێت.

نوێترین هۆكاری دابەزینی نرخی لیرە بەرانبەر دۆلار بۆ ئەو رێوشوێنانە دەگەڕێتەوە وڵاتان بەرانبەر بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناویانە و لە دوو رۆژی رابردوودا كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ئێران زیاتر تەشەنەی سەند، حكوومەتی توركیا دەروازەكانی لەگەڵ ئێران داخست و پێنوێنی بۆرسەی ئەو وڵاتەش دابەزینی تۆمار كرد.

توركیا لە سووریا خۆی خزاندووەتە ناو جەنگ و ژمارەیەكی زۆری سەربازەكانی لە جەنگی ئیدلب كوژراون
كەمبوونەوەی جموجووڵی ئابووری لە توركیا هۆكارە لە پاشەكشەی ئابووری وڵاتەكە. لیرەی توركیا پێشتریش لە ئاكامی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی توركیا كاریگەریی نەرێنی وەرگرتبوو.

توركیا لە سووریا خۆی خزاندووەتە ناو جەنگ و ژمارەیەكی زۆری سەربازەكانی لە جەنگی ئیدلب كوژراون. توركیا بۆ پاڵپشتی هێزە توندڕەوەكانی سوننە لە پاریزگای ئیدلب هێزی رەوانەی ئەو پارێزگایە كردووە و سووریاش بە پاڵپشتی رووسیا سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پارێزگایە كۆنترۆڵ بكاتەوە. هەر بەهۆی ئەم جەنگەوە نزیكەی یەك ملیۆن كەس ئاوارە بووە و بە سەدان كەس كوژراون.

توركیا بەم كارەی كاریگەریی خراپی بۆ سەر ئابووری وڵاتەكەی دروست كردووە و پێشبینی دەكرێ تەنگژەكانی توركیا قووڵتر ببنەوە. توركیا تەنیا لە سووریا دەستێوەردانی نەكردووە، بەڵكو هێزی رەوانەی لیبیاش كردووە، لە كاتێكدا بەشێك بەرچاو لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا و خەڵكی ئەو وڵاتە دژی ئەوەن توركیا دەست لە كاروباری وڵاتانی تر وەربدات.

بەر لەم رووداوانەش لانی كەم لە پێنج ساڵی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەتی تاكڕەوانەی پێڕەو كردووە و لە بنەماكانی دیموكراسی و دادپەروەری دوور كەوتووەتەوە. ئەم كارانەی ئەردۆغان بووەتە هۆی تۆراندنی دۆستە رۆژئاواییەكانی، بۆیە پێوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا سنووردار كردووە.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی نرخی لیرە لەم چەند ساڵەدا، بۆ تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە لە توركیا كودەتا كرا و پاشان ئەمەریكای بەوە تۆمەتبار كرد داڵدەی كودەتاچییەكانی داوە. توركیا قەشەیەكی ئەمەریكی دەستبەسەر كرد و گوتی هەر كاتێك ئەمەریكا فەتحوڵا گولەنی رێبەری بزووتنەوەی خزمەتی رادەست كرد، ئەوا ئەوانیش قەشەكە ئازاد دەكەن. 

جگە لە پرسی هاوكارییە نهێنییەكانی نێوان ئێران و توركیا و پێشێلكردنی سزاكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران، لە پرسی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستانیش ئەمەریكا سزای توركیای داوە و هەمووی ئەو هۆكارانەش لە نرخی لیرەیان كەم كردووەتەوە. 

دابەزینی نرخی لیرە دەری دەخات بازرگانان و وەبەرهێنەران لە داهاتووی توركیا نیگەرانن و نازانن ئەردۆغان وڵات بەرەو چ ئاقارێك دەبات. هاوكات بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئەو مەترسییەی هێناوەتە كایەوە كە چالاكییە ئابوورییەكان كەم ببێتەوە.

لە سەرەتای ساڵی 2019 نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 530 دۆلار ئاڵوگۆڕ دەكرا. لە سەرەتای ئەمساڵیش 100 دۆلار بە 590 لیرە دەفرۆشرا . 

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵی 2018، بریتی بووە لە 375 لیرە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

پێشبینی دەكرێ نرخی لیرە هەر لە ئاستی سەرووی 600 بمێنێتەوە
لە نزیكەی شەش ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە سێ هێندە گرانتر بووە. بەگوێرەی چارت ی XE ، ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە.

بەگشتی هەموو ساڵیك بڕێك لە نرخی لیرە دابەزیوە و پێشبینی دەكرێ نرخی لیرە هەر لە ئاستی سەرووی 600 بمێنێتەوە و ئەگەر سیاسەتی توركیا گۆڕانكاری بەسەر نەیەت و مەترسییەكانی كۆرۆنا زیاتر ببێت و ئابووری دنیا پاشەكشە بكات، ئابووری توركیا لاوازتر دەبێت و دواجار نرخی لیرەش زیاتر دادەبەزێت.



وشە - سلێمان تاشان