عەلاوی ناكۆكی گەورە دەخاتە نێوان سوننە و شیعە هەوڵیش دەدات كورد رازی بكات

:: PM:05:46:26/02/2020 ‌

محەمەد عەلاوی كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بۆ فەرمانڕەوایەتیكردنی عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو هاتووەتە كاندیدكردن و بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپێردراوە و بڕیارە سبەی كابینەی حكوومەتەكەی بخرێتە دەنگدانەوە، بە شێوازی دانانی وەزیرەكانی ناكۆكی گەورەی خستووەتە نێوان سوننە و شیعە و هەوڵیش دەدات بۆ دانیشتنی سبەی پاڵپشتی كورد بەدەستبێنێت.
عەلاوی ناوی وەزیرانی دوا خستووە و دوا هەوڵی لەگەڵ كورد دەدات
ئەحمەد جبووری سەركردە لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكانی سوننە دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانیەتییەكەی و زۆرێك لە هاوبەشانی سیاسی و بەهێز لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بڕیاریان داوە بەرێگرتن لە تێپەڕاندنی حكوومەتی محەمەد عەلاوی لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان، ئەوەیش بەهۆی پابەند نەبوونی بە پرەنسیپەكانی هاوبەشیی نیشتمانی و بازدان بەسەر داواكاریی خۆپێشاندەرانەوە.

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە جێی سازش و بینە و بەردە نییە و بەرجەستەی ویستێكی نیشتمانییە بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و مافی گەلەكەی، بۆیە دوای كۆبوونەوەی فرەوان لەگەڵ سەرانی سیاسی كە نوێنەرایەتی شەقامی عێراقی دەكەن، دەركەوت كە عەلاوی بێ هیچ پاساوێك لە كۆدەنگی نیشتمانی دەرچووە و ئەوەیش وا دەكات هەوڵی تێپەڕاندنی حكوومەتەكەی ببێتە گرەوێكی دۆڕاو.

پێدەچێت حكوومەتی محەمەد عەلاوی ببێتە هۆی ترازانێكی دیاری سوننە و شیعە لە عێراق، كاتێك سەلام شمەری، پەرلەمانتاری شیعە سەر بە رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا گوتی، دۆخی عێراق بەرگەی تەنگژەی زیاتر ناگرێت و تێنەپەڕاندنی كابینەی حكوومەتی عێراق لە وادەی دەستووری بۆی دیاریكراوە، وڵات دەخاتەوە ناو تەنگژەیەكی تر، ئێستە سازانێك لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە بۆ تێپەڕاندنی كابینەی حكوومەتی عەلاوی و متمانە پێدانی بەمەبەستی جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپێشاندەران و مەرجەعیەت و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

لەوكاتەی شمەری داوای لە هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كرد كە دەنگ بە كابینەكەی عەلاوی بدەن، سەرچاوەیەكی سیاسی دووپاتی كردەوە كە تا ئەوساتەیش محەمەد عەلاوی لەگەڵ كورد لەگفتوگۆدایە و هەوڵی رازیكردنیان دەدات بۆ پاڵپشتیكردنی لە دانیشتنی سبەی، بۆیە ئەگەر كورد رازی بن گۆڕانكاری لە كابینەی حكوومەتەكەی دروست دەبێت. 


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌