کۆرۆنا لە 20 پارێزگای ئێران بڵاو بووەتەوە

:: AM:10:36:27/02/2020 ‌

نوێترین نەخشەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران بڵاو كرایەوە و نیشانی دەدات كە تا ئێستە كۆرۆنا لە 20 پارێزگای ئەو وڵاتە بڵاو بووەتەوە، 22 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.

نەخشەكە لەلایەن ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی ئێران "ئیرنا" بڵاو كراوەتەوە كە بە گشتی سەرجەم حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن و چاكبوونەوەی خستووەتەڕوو.

بەگوێرەی نەخشەكە، زۆرترین حاڵەتی ڤایرۆسەكە لە قوم بڵاو بووەتەوە كە نزیكە لە تارانی پایتەخت و لە دوای ئەو پارێزگایەش تاران لە پلەی دووەمدا دێت.

لە قوم 63 كەس تووشی كۆرۆنا بوون. ژمارەكە لە تاران 26 حاڵەتە. لە هەمەدان یەك حاڵەت، لە سمنان دوو حاڵەت،  لە فارس سێ حاڵەت ،  لە مەركەزی پێنج حاڵەت، لە ئەلبورز سێ حاڵەت، لە سیستان و بەلووچستان دوو حاڵەت، لە هورمزگان دوو حاڵەت و لە خوراسانی رەزەوی حاڵەتێك تۆمار كراوە.

لە کرماشان دوو حاڵەت و لە ورمێش حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کرا
ڤایرۆسەكە زۆربەی  پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیشی گرتووەتەوە. لە ورمێ حاڵەتێك، لە كرماشان دوو حاڵەت، لە لوڕستانیش حاڵەتێك تۆمار كراوە.
 
كۆی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە 141 حاڵەت كە لەم ژمارەیە 22 كەسیان مردوون و 54 كەسیشیان چاك بوونەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان