لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان یەك حاڵەتی كۆرۆنا راگەیەنراوە . بەرپرسانی تەندروستیی ئەو پارێزگایە ئاشكرایان كرد كە نەخۆشەكە ماوەیەك بوو لە نەخۆشخانەیەكی ورمێ خەوێنرابوو و لەژێر چاودێریدا بوو، بەڵام چاك بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە.
نەخۆشەكە ژنێكی تەمەن 55 ساڵ بووە
نەخۆشەكە ژنێكی تەمەن 55 ساڵ بووە و دوای ئەوەی گومانی لێ دەكرێ تووشی كۆرۆنا بووە، رەوانەی نەخۆشخانەی تالەقانی ورمێ دەكرێت.
جەواد ئاقازادە سەرۆكی زانكۆی پزیشكیی و خزمەتگوزاری دەرمانیی ورمێ ئاماژەی بەوە داوە، دوای چاكبوونەوەی ئەم ژنە، هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە پارێزگاكە نییە.
بەگوێرەی "
ئیرنا" ئەو ئاماژەشی دا پشكنینیان بۆ 36 گومان لێكراوی تر كردووە و نموونەكانیان رەوانەی تاران كردووە، چاوەڕوانن ئەنجامەكانیان بۆ بگەڕێتەوە. لە شارەكەدا 220 تەختی نەخۆشخانە تەرخان كراوە بۆ ئەوانەی گومانی كۆرۆنایان لێ دەكرێت .
بەگوێرەی ئامارەكانی ئێران، زۆرترین حاڵەتی ڤایرۆسەكە لە قوم بڵاو بووەتەوە كە نزیكە لە تارانی پایتەخت و لەدوای ئەو پارێزگایەش، تاران لە پلەی دووەم دێت.
لە قوم 63 كەس تووشی كۆرۆنا بوون. ژمارەكە لە تاران 26 حاڵەتە. لە هەمەدان یەك حاڵەت، لە سمنان دوو حاڵەت، لە فارس سێ حاڵەت، لە مەركەزی پێنج حاڵەت، لە ئەلبورز سێ حاڵەت، لە سیستان و بەلووچستان دوو حاڵەت، لە هورمزگان دوو حاڵەت و لە خوراسانی رەزەوی حاڵەتێك تۆمار كراوە. لە ورمێ حاڵەتێك، لە كرماشان دوو حاڵەت و لە لوڕستانیش حاڵەتێك تۆمار كراوە.
كۆی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە 141 حاڵەت كە لەم ژمارەیە 22 كەسیان مردوون و 54 كەسیان چاك بوونەتەوە.