دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین سه‌رۆكی ئه‌نستیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه "مێری"، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر پڕۆژه‌ی "رێككه‌وتنی سه‌ده" و پلانی ئاشتی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ و ده‌ڵێ، تره‌مپ نه‌خشه‌یه‌كی گشتگیری بۆ ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێ نه‌بووه و ناشبێت، هاوكات له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری تێكهه‌ڵچوونی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه "بۆ تره‌مپ گرنگه ئه‌مساڵ به هێمنی تێپه‌ڕێنێ چونكه له كاتی هه‌ڵبژاردن شه‌ڕی ناوێ".
دۆناڵد تره‌مپ هیچ جۆره نه‌خشه‌یه‌كی گشتگیری بۆ ئاشتی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێ نه‌بووه و پێی نابێ
* 28ی كانوونی دووه‌م دۆناڵد تره‌مپ به‌شێك له ناوه‌ڕۆكی "رێككه‌وتنی سه‌ده" پڕۆژه‌ی ئاشتی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیلی راگه‌یاند، ئه‌و خاڵانه‌ی له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه خرایه روو، ناڕه‌زایه‌تی فه‌له‌ستینییه‌كانی لێ كه‌وته‌وه، ئایا نیازی ئه‌مه‌ریكا له راگه‌یاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌ستپێكردنی دانوستانی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیله، یان نه‌خشه‌ڕێیه‌كی داناوه و ده‌یه‌وێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێبه‌جێی بكات؟ به تێڕوانینی ئێوه ئاسۆی ئه‌و رێككه‌وتنه به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟
دۆناڵد تره‌مپ هیچ جۆره نه‌خشه‌یه‌كی گشتگیری بۆ ئاشتی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێ نه‌بووه و پێی نابێ. هه‌ر پلان و ستراتیجێكیش كه ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ ناوچه‌كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له روانگه‌ی ته‌سكی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی و وڵاته‌كه‌ی دایڕشتووه.
راسته تره‌مپ ده‌یه‌وێ ببینرێت كه كێشه‌ی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین چاره‌سه‌ر ده‌كات و داوای دروستكردنی دوو ده‌وڵه‌تی هاوته‌ریبیان بۆ ده‌كات، به‌ڵام ئۆفه‌ره‌كانی هاوسه‌نگ نین و به ئاشكرا به‌لای ئیسرائیلی داشكاندووه. ته‌نانه‌ت له‌وه ده‌چێ هه‌ر ئیسرائیل خۆی و لۆبی زایۆنی ئه‌مه‌ریكی پاكێجه‌كه‌یان داڕشتبێت. شاراوه‌ش نییه لۆبی زایۆنی یه‌كێكه له پاڵپشته سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌مپینی دۆناڵد تره‌مپ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ئه‌مه‌ریكا.
له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی رابردوودا به‌رنامه‌یه‌كی بۆ كێشه‌ی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین گه‌ڵاڵه كرد كه بریتی بوو له دوو ته‌وه‌ر. یه‌كه‌میان پێوه‌ست بوو به لایه‌نی ئابووری كه له كانوونی دووه‌می ساڵی 2019 رای گه‌یاند. به‌ڵێنی دا ئه‌مه‌ریكا 50 ملیار دۆلار له دۆسته عه‌ره‌به‌كانی كه‌نداو و هه‌ندێ وه‌به‌رهێنه‌ری تر مسۆگه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی له ژێرخان و سه‌رخانی غه‌زه و كه‌ناری رۆژئاوای خه‌رج بكات و به‌شێكیشی لێ بداته میسر و ئوردن و لبنان.
ته‌وه‌ری دووه‌م سیاسی بوو كه له زووه‌وه كاری له‌سه‌ر كراوه. له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا دۆناڵد تره‌مپ مۆركی (تاپۆی) ئیسرائیلی به‌سه‌ر ته‌واوی ئۆرشه‌لیم و به‌رزاییه‌كانی جۆلاندا سه‌پاند و باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌یشی گواسته‌وه بۆ ئۆرشه‌لیم. ئه‌وه‌ی له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی 28ی كانونی دووه‌م رای گه‌یاند، ته‌واوكه‌ری ئه‌و پاكێجه سیاسییه بوو كه مۆركی ئیسرائیلی به‌سه‌ر (دۆڵی ئوردن)یشدا سه‌پاند كه ده‌كاته سێیه‌كی (30%)ی ناوچه‌ی كه‌ناری رۆژئاوا.
له به‌رانبه‌ردا تره‌مپ ئۆفه‌ری جۆره ئۆتۆنۆمییه‌كی سنوورداری خسته به‌رده‌م فه‌له‌ستینییه‌كان و هۆشداریشی پێ دان كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌قۆزنه‌وه و پێشوازی له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه نه‌كه‌ن، ئه‌وا ئاینده‌یان له ئێسته‌یان چاكتر نابێ.
بێگومان فه‌له‌ستینییه‌كان به‌وه رازی نه‌بوون، چونكه له‌وكاته‌ی پێگه‌ی ئیسرائیل به‌هێز ده‌كات، وا ده‌كات فه‌له‌ستینییه‌كان له وڵاتێكی پارچه‌كراو و خوردكراوه‌دا ته‌نیا خودموختارییان هه‌بێ، ده‌روازه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانیشیان به ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌وره درابێت و رێشیان پێ نادرێ له هیچ كاتێكدا سه‌ربه‌خۆیی ته‌واویان هه‌بێ و ببنه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه له ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل.
به‌ڵام تره‌مپ گوێی نه‌داوه‌ته ره‌خنه‌ی فه‌له‌ستینی و عه‌ره‌به‌كان. بگره سه‌ركرده‌كانیان به گه‌نده‌ڵ وه‌سف ده‌كات، به‌وه‌ی كه له‌ناو خۆیاندا ته‌با نین، چاویان له ده‌سه‌ڵات و پاره‌یه. نهێنی نییه كه توێژی بڕیارده‌ری فه‌له‌ستینییه‌كان چنگیان له هه‌موو ئه‌و یارمه‌تییه داراییه گیر كردووه كه له ده‌ره‌وه بۆیان دێت، بۆیه سه‌ركرده فه‌له‌ستینییه‌كان نه‌ك ته‌نیا متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان له ده‌ست داوه، به‌ڵكو وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان خۆیشیان گوێ به هاواره‌كانیان ناده‌ن. ته‌نانه‌ت له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا باڵوێزی ئیمارات و به‌حرێن و عومان ئاماده بوون و له‌ولاشه‌وه سعوودیه و وڵاتانی تری كه‌نداو، ئاماده‌ن به هاوكاری داراییه‌وه پشتگیری له پلانه‌كه بكه‌ن.
ئیداره‌ی تره‌مپ پلانی درێژخایه‌نی نادیاره، بۆیه ناتوانرێ گره‌و له‌سه‌ر هیچ جۆره نه‌خشه‌یه‌ك بكرێ، جا له سووریا یان هه‌ر وڵاتێكی تر كه كوردی لێیه
* له كۆنگره‌كه‌دا تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیریان هه‌یه به‌ناوی ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌ر سه‌یری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین، ئه‌و وڵاتانه‌ی له روانگه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه هۆی ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌ن، لایه‌نی كه‌م له سێ وڵاتیان كورد هه‌یه، پێت وایه پلانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سووریا چی بێت و رۆڵی كورد له داهاتووی ئه‌و تێڕوانین و نه‌خشه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا چۆن ده‌بینن؟
ئیداره‌كانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا پلان و ستراتیجی گشتگیریان بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بوو، به‌ڵام ئیداره‌ی تره‌مپ پلانی درێژخایه‌نی نادیاره، بۆیه ناتوانرێ گره‌و له‌سه‌ر هیچ جۆره نه‌خشه‌یه‌ك بكرێ، جا له سووریا یان هه‌ر وڵاتێكی تر كه كوردی لێیه.
پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا و عێراق زۆر لاواز بووه. تره‌مپ نایه‌وێ پێوه‌ندییه ستراتیجه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا به قوربانی كوردی سووریا بكات، ئه‌وه‌ی پێشتریش له‌و وڵاته كردی، له چوارچێوه‌ی شه‌ڕی داعشدا بوو، هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌یه بوو كه له سه‌رده‌می باراك ئۆباما ده‌ستی پێ كرا و تره‌مپ به میرات بۆی مایه‌وه. ئه‌گه‌رنا له یه‌كه‌م رۆژه‌وه تره‌مپ نه‌یده‌ویست بودجه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا خه‌رج بكات یان سیاسه‌ت بۆ شوێنێكی پڕ له ئاڵۆزی وا دابڕێژێ كه سه‌ری لێ ده‌رناچێ. هه‌ڵبه‌ته له‌مه‌ودای كورت تا مامناوه‌ندیدا ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌مه‌ریكا له سووریا به‌و هێزه بچووكه‌ی ئێسته بمێنێته‌وه، به‌ڵام ده‌شتوانێ له‌ناكاو ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرێ و پشتی كوردانی سووریا به‌ربدات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر توركیا فشارێكی سیاسی و سه‌ربازی نوێی له‌سه‌ر دروست بكاته‌وه.
* ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به داینه‌مۆی تێكچوونی ته‌ناهی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌سف ده‌كرێت، پێت وایه داهاتووی ئه‌و ململانێیانه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، ئایا بژارێك له‌سه‌ر مێزی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌دی ده‌كرێت بۆ رووخانی ئه‌و رژێمه؟
ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌مێكه له ئارادایه و له ئاینده‌شدا چیڕه‌ی درێژ ده‌بێ. بژاری گفتوگۆ هه‌میشه له‌سه‌ر مێزدایه، جا به نهێنی بێ یان ئاشكرا، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران له كۆتایی ئه‌و مانگه و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كۆتایی ئه‌مساڵ، جارێ چاوه‌ڕوانی گفتوگۆی رژد و ئاشكرا ناكرێ، وه‌ك چاوه‌ڕوانی شه‌ڕی مان و نه‌مان و رووخاندنی رژێمی ئێرانیش ناكرێ. به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێ گرژی و ورووژاندنی یه‌كتر به ته‌شقه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ هه‌ر به‌رده‌وام ببێت و ناو به‌ناو بگاته ئاستی پێكدادانێكی سنووردار، به‌ڵام بۆ تره‌مپ گرنگه ئه‌مساڵ به هێمنی تێپه‌ڕێنێ، چونكه له كاتی هه‌ڵبژاردن شه‌ڕی ناوێ و هیواداریشه كه ئێران شه‌ڕی رژدی پێ نه‌فرۆشێ و تووشی بڕیارێكی چاره‌نووسسازی نه‌كات.
له ساڵی ئاینده‌ش به‌ولاوه ململانێی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا كێ ده‌بێته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا. به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، پرسی رووخانی رژێمی ئێران له ئه‌جێندادا نییه.
* كورد له داهاتووی ئه‌و ململانێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئێران چی به‌رده‌كه‌وێت، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی تا ئێسته ئۆپۆزسیۆنی رۆژهه‌ڵات نه‌یتوانیوه كه‌ڵك له‌و ململانێیه‌ی نێوان ئێران و به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا ببینێت، ئایا هیچ ئاسۆیه‌كی روون بۆ كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌دی ده‌كه‌ن؟
بێگومان باشترین كار ئه‌وه‌یه لایه‌نی كوردی نه‌یه‌ته ناو ململانێكه و هه‌وڵیش نه‌دات هه‌لپه‌رست بێ، چونكه نه‌هه‌نگه زله‌كان هه‌میشه ده‌توانن ماسییه بچووكه‌كان سزا بده‌ن یان قوتیان بده‌ن. ئه‌وه چ جای ئه‌وه‌ی كه هیچ كام لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی و ئێران له چوارچێوه‌ی ململانێكان و پارسه‌نگی هێزه‌كاندا حیسابێكی ئه‌وتۆ بۆ ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ناكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه كوردی رۆژهه‌ڵات ناتوانن سوود له ده‌رفه‌ت ببینن.
یه‌كێك له سووده‌كان ره‌نگه ئه‌وه‌بێ له‌مه‌ودوا ئێران كه‌نارگیرتر ده‌كرێ و به‌ره‌و لاوازتر ده‌چێ، بۆیه له به‌رژه‌وه‌ندیدا ده‌بێ كه ئاگری شه‌ڕی ناوه‌خۆ خامۆش بكاته‌وه و له‌گه‌ڵ هێزه كوردییه‌كان بكه‌وێته گفتوگۆ، جا بۆ خاتری ئامانجێكی تاكتیكی و كاتیی بێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕه له ژێرپێی هه‌ر لایه‌نێك ده‌ربێنێ كه بیه‌وێ ناكۆكی نێوان تاران و كوردانی ئێران بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كار بێنێ، یان بۆ خاتری بنبڕكردنی كێشه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌یی بێ بۆ دۆزی كورد له ئێران.
به‌ڵام ئه‌و جۆره پرۆسه‌یه پێویستی به ده‌ستپێشخه‌ریی بوێرانه و زه‌وینه‌سازی ناوه‌كی هه‌یه و پێویستی به دروستكردنی پردی متمانه هه‌یه له نێوان هه‌ردوو لایه‌ن، ئه‌وانه‌ش كاری قورسن، چونكه كۆماری ئیسلامیی ئێران له رۆژی دروستبوونیه‌وه له به‌رانبه‌ر ئۆپۆزسیۆنی كوردیدا زۆر توند و به زه‌بری داپلۆسین مامه‌ڵه‌ی كردووه، له هیچ كاتێكدا داواكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و مافی مه‌ده‌نی كوردانی به هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه.
شایانی باسه ئێران رێزی له‌و پێگه و ئاسته سه‌ربه‌خۆییه گرتووه كه كورد له عێراقدا به‌ده‌ستی هێناوه، به‌ڵام له دیوی ئێران رێی به‌و جۆره مۆدێله نه‌داوه. به‌ڵام ئێسته‌یش دره‌نگ نییه ئێران به كارێكی وا هه‌ڵبستێ و قه‌ناعه‌ت به ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی بێنی كه مه‌به‌ستی ریشه‌كێشكردنی ناكۆكییه ناوكییه‌كانیه‌تی.
به دیوه‌كه‌ی تردا، ته‌نیا لایه‌نێك ده‌توانێ ده‌رفه‌ت بقۆزێته‌وه كه له ناوه‌وه‌دا یه‌كڕیز و ته‌با و تۆكمه بێ. ئه‌وكات دۆست و نه‌یار به رژدتر وه‌رت ده‌گرێ. ئێسته به‌هۆی په‌رته‌وازه‌یی هێزه ئۆپۆزسیۆنه كوردییه‌كان، ئێران به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یان دانانێ، واته زۆر به رژدی وه‌ریان ناگرێ و بگره به نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی كوردانی رۆژهه‌ڵاتیشیان نابینێ. بۆیه هێزه كوردییه‌كانی ئێران زۆریان ماوه تا باز به‌سه‌ر به‌ربه‌سته ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كاندا بده‌ن و ئاماده بن سوود له ده‌رفه‌ته مێژووییه‌كان وه‌ربگرن كه له‌مه‌ودوا دێنه كایه‌وه.
* عێراق یه‌ك له‌و سه‌كۆ هه‌ره گرنگانه‌یه بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ناكۆكییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن، ئێران له دوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2011دا، توانی به سوودوه‌رگرتن له هه‌ستی مه‌زه‌وی، به خێرایی دزه بكاته ناوه‌نده‌كانی بڕیار له به‌غدا و ده‌ستی به‌سه‌ر جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته گرت، له دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه ئاشكرایه تا ئاستێك كاڵ بووه‌ته‌وه، پێت وایه ئه‌مه‌ریكا به‌كرده‌یی نیازی هه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه عێراق؟
ئه‌مه‌ریكا قه‌ت نه‌یویستووه به ته‌واوی له رووی دیپلۆماسی و ئابوورییه‌وه ده‌ست له عێراق هه‌ڵبگرێ و ئێسته‌یش نایه‌وێ، چونكه عێراق نه‌ك ته‌نیا له رووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا ستراتیجه، به‌ڵكو له رووی ئابووریشه‌وه بازاڕێكی مه‌زن ده‌بێ له ئاینده‌دا. به‌ڵام شاراوه نییه ئه‌مه‌ریكا یارییه سیاسییه گه‌وره‌كه‌ی له عێراق دۆڕاندووه و پێگه‌ی لاواز بووه. ئێرانیش كه وه‌ك باستان كرد ده‌ستی به‌سه‌ر جومگه‌كانی بڕیاردان گرتووه. شاراوه نییه كه به نه‌مانی ئه‌و دوو سه‌ركرده گرنگه‌ی هێزی قودس و حه‌شدی شه‌عبی، بۆشاییه‌ك دروست بووه و هه‌ندێ شپرزه‌یی به سیاسه‌تی ئێرانه‌وه له عێراق دیاره، به‌ڵام مانای وا نییه پێگه‌یان له وڵاته‌كه لاواز بووه یان نفووزیان كاڵ بووه‌ته‌وه، بۆیه هیچ جۆره گۆڕانكارییه‌ك له پێوه‌ندی هێزه عێراقییه‌كان و ده‌وڵه‌تی ئێران له ئارادا نییه كه ئه‌مه‌ریكا دڵی پێ خۆش بێ.
ده‌وڵه‌تی عێراقی له هه‌ناودا لاواز بووه و به‌ره‌و لاوازتریش ده‌چێ. به‌ڵام توانای هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌یه
* داهاتووی سیاسیی و حوكمڕانی له عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و كورد ده‌بێ چ رۆڵێك له‌و ناوه‌نده‌دا ببینێت؟ پێت وایه جارێكی تر كورد بتوانێ له به‌غدا هاوشێوه‌ی ساڵانی 2005 بۆ 2014 تا ئاستێك وه‌ك هاوبه‌شی سیاسیی رۆڵ ببینێته‌وه، تێڕوانینت بۆ داهاتووی كورد له عێراق له‌و پێوه‌ندییه‌دا چییه؟
داهاتووی سیاسی و حوكمڕانی له عێراقدا به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نادیار ده‌ڕوات. ده‌وڵه‌تی عێراقی له هه‌ناودا لاواز بووه و به‌ره‌و لاوازتریش ده‌چێ. ده‌وڵه‌ت مۆنۆپۆڵی به‌كارهێنانی هێزی له ده‌ست داوه، توانای پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و رازیكردنی هاووڵاتییان و په‌ره‌پێدانی ئابووریی وڵاته‌كه‌ی زۆر كز بووه. كۆمه‌ڵگه‌كانی عێراقیش به‌بێ هه‌ڵاوێردن، لێكترازاون و جه‌مسه‌رگیرن و پڕچه‌كن.
له ئاستی ده‌ره‌كیشدا عێراق سه‌روه‌ری له ده‌ست داوه و چیتر به ئه‌ندامێكی كارای كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له قه‌ڵه‌م نادرێ. له كه‌شی ململانێی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكاشدا، عێراق ئه‌وه‌نده‌ی تر بووه‌ته ئامراز و له‌لایه‌ن یاریكه‌ره گه‌وره‌كانه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت.
به‌ڵام ئه‌وه مانای وانییه كه ئه‌و حاڵه‌ته هه‌ر وا به‌رده‌وام ده‌بێ. عێراق توانای هه‌ڵسانه‌وه‌ی ماوه و ده‌كرێ له ئاینده‌دا هه‌ڵسێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌یه له‌ناكاو نابێ، به‌ڵكو نه‌وه‌یه‌ك ده‌خایه‌نێ ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێ. له‌و ناوه‌دا پێویسته لایه‌نی كوردی رۆڵێكی دروستكه‌رانه له ناو هه‌رێم و له به‌غدا ببینێ. له هه‌رێمدا خه‌ریكی تۆكمه‌كردنی بنه‌ماكانی سیستمی حوكمڕانی بێ و هاووڵاتییان رازی بكات و حكوومه‌ته‌كه كارا بكات. له به‌غدایش به قورساییه‌وه كار بۆ ئه‌وه بكات كه ده‌نگی زوڵاڵ بێ و خۆی به خاوه‌ن ماڵ بزانێ و دووپات له هاوبه‌شێتی راسته‌قینه بكاته‌وه تا له پارسه‌نگی هێزه‌كاندا حیسابی رژدی بۆ بكرێ. جا به‌ڵێ لایه‌نی كوردی ده‌توانێ رۆڵی مه‌لیك دروستكه‌ری جاران په‌یدا بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌یان به ئاواتخواستن و نزاكردن نایه‌ته دی، به‌ڵكو پێویستی به كاری رژد و یه‌كڕیزی و جێبه‌جێكردنی ستراتیج و به‌رنامه‌ی داڕێژراو ده‌بێ. پێویستی به سه‌رنجی سه‌ركرده بڕیارده‌ره‌كان و حزووریان له به‌غدا ده‌بێ.