لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە، ژمارەیەك مەرزی بازرگانی هەن. هەرچەندە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە مەرزەكانی پەروێزخان كە نێودەوڵەتییە لەگەڵ مەرزەكانی تیلەكۆ و پشتە رێوشوێنی تەندروستی گونجاو دژی كۆرۆنا گیراوەتەبەر. بەڵام لە مەرزەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە رێوشوێن نەگیراوەتەبەر و مەترسی هەیە لە عێراقەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ كوردستان بگوازرێتەوە.
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی توندی لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان گرتەبەر و لەو رووەوە سەركەوتوو بووە، بەڵام عێراق لەم رووەوە كەمتەرخەمی كردووە.
لەناو خانەقین پلانی تۆكمەیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییان
دلێر حەسەن قایمقامی شارۆكەی خانەقین، بە"وشە"ی راگەیاند، لە سنووری خانەقین و دەوروبەری بە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری پارێزگای دیالە، داخستنی مەرز بە رووی گەشتیاران و كاری بازرگانی، ماوەیەكی كەمە.
ئەو گوتی، لە رۆژی 26ی ئەم مانگەوە بڕیارە جارێكی تر كاروباری بازرگانی دەست پێ بكاتەوە، چونكە مەرزی مونزریە و سۆمار كە دەكەونە سنووری مەندەلی و خانەقینەوە، لەلایەن حكوومەتی خۆجێی دیالەوە بڕیار لەسەر كردنەوە یان داخستنیان دەدرێت نەك ئێمە، هەرچەند شوفێر و بازرگانانی كورد بەزۆری كاری تێدا دەكەن.
ئەو وەك بەرپرسی یەكەمی خانەقین، زۆر رازی نەبوو لە شێوازی گرتنەبەری پلانی تەندروستی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و چۆنێتی پشكنینی ئەو گەشتیارانەی روو لە ناوچەكە دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەگوتەی خۆی "لەناو خانەقین، پلانی تۆكمەیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، چ بە بڵاوكردنەوەی رێنوێنی چ پاكڕاگرتنی شوێنە گشتییەكان".
لەلایەكی ترەوە خالید جەبەل بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی خانەقین، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، جیاواز لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، نەخۆشخانەی خانەقین بەهۆی ئەوەی سەربە تەندروستی دیالەیە، ناتوانن سەرپەرشتی مەرزەكان بكەن، بەڵكو دەكەوێتە دەستی تەندروستی دیالە، بەڵام لە خانەقین ژووری عەمەلیات بۆ بەرەنگاربوونەوی كۆرۆنا دروست كراوە.
لای خۆیەوە سەروەت عەلی چالاكی مەدەنی لە خانەقین، رەخنەی توندی لە لاوازیی پشكنین گرت لە مەرزەكانی ناوچە كوردستانییەكان و بۆ "وشە" هێمای بۆ ئەوە كرد، خەڵكی خانەقین نیگەرانن لە نەگرتنەبەری پلانی گونجاو لە مەرزەكانی سنووری ناوچە كوردستانییەكان، هاوكات نزیكیی ناوچەكە لە ئێرانەوە، وایكردووە خەڵك بە بایەخەوە بڕوانێتە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئەحمەد خوشید شارەزایەكی ئابووری، بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕوو كە داخستنی مەرزەكان هەنگاوێگی گرنگە، بەڵام دەبێ حكوومەت هەنگاوەكانی چڕ بكاتەوە بۆ رێگری لە گرانی نرخی كاڵا و كەلوپەل، بەتایبەت ئەو كەلوپەلانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن.
خورشید پێداگری لەوەش كرد كە "بۆی هەیە كەسانێك یان بازرگانی قۆرخكار كە پێشتر كەلوپەلیان شاردووەتەوە، هەلەكە بقۆزنەوە تا ئەوكاتەی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكۆتا دێت و دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە".
لە شارۆكەی كەلار كە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، ماوەی چەند رۆژێكە شوێنی تایبەت بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست كراوە كە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
شەهاب ئەحمەد قایمقامی كەلار، بۆ "وشە" پێداگری لەوە دەكات كە لە هوتێلێكی شارۆكەكە كە جێی زیاتر لە 150 كەسی تێدا دەبێتەوە، شوێنی تایبەت بۆ پشكنینی ئەو كەسانە تەرخان كراوە كە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە.
لە هیچ دەرمانخانەیەك قبووڵ ناكەن دەمامك گران بكەن
زیاتری خستەڕوو "لە سنووری مەرزی پەروێزخانەوە زیاتر لە 70 كەس گەڕاونەتەوە و لەژێر پشكنیندان و چاودێریی ورد دەكرێن،
ئەوانە لانی كەم 14 رۆژ دەهێڵرێنەوە تا بەتەواوی لێیان دڵنیا بینەوە كە هیچ گومانێكی نەخۆشییەكەیان لەسەر نییە، هەرچەندە هیچ كەس لە سنووری گەرمیان و دەوروبەری گومانلێكراو نییە".
قایمقامی كەلار دەڵێ، راستە ناوچەكە سنوورییە، بەڵام بەردەوام هاوئاهەنگی زۆرباش لە نێوان تەندروستی گەرمیان و قایمقامییەت و دامەزراوەكانی مەرزی پەروێزخان هەیە.
لەبارەی ئەو كەسانەی لەژێر پشكنیندان، قایمقام نەیشاردەوە كە هەیانە فەرمانبەرە، یان پێشمەرگەیە و مۆڵەت بووە و لەم رۆژانە لە ئێران گەڕاوەتەوە، ئەوانە پێوەندیی بەدامەزراوەكانی خۆیانەوە هەیە بۆ ئەوەی بكرێن بە مۆڵەت یان هاوكاری بكرێن، لە ماوەی ئەو 14 رۆژەی دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە.
لەبارەی لێكەوتەكانی دۆخی بازاڕ بەهۆی مەترسی ڤایرۆسەكەوە، قایمقامی كەلار دووپاتی كردەوە كە لە هیچ دەرمانخانەیەك قبووڵ ناكەن دەمامك گران بكەن. هاوكات دووپاتی كردەوە "چەند دەرمانخانەیەك بەو هۆیەوە سزا دراون و ئێستە نرخی دەمامك جێگیرە".
كامەران محەمەد بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، لە مەرزی پەروێزخان چەند رۆژێكە بنكەی تایبەت بە پشكنینی هاووڵاتییان دانراوە و بەشێوەیەكی هەمیشەیی كاری خۆی دەكات نەك كاتی.
بەڵام چالاكی مەدەنی و هاووڵاتییان بە پێویستی دەزانن خاڵی پشكنینی تەندروستی و پلانی تۆكمەی هاوشێوەی ئێران لە نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەند بگیرێتە بەر.
عەباس محەمەد ئەندامی تۆڕی رێكخراوەكانی گەرمیان، بە"وشە"ی گوت، گرتنەبەری پلانی هاوشێوەی مەرزەكان و ئێران لەگەڵ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق، بەگرنگ دەزانین بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی نزیكن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندەوە.
عەباس روونی كردەوە، ئێرانییەكان بەهۆی میلیشیاكان و پێوەندی مەزەویی، لە زۆر جێوە سەردانی عێراق دەكەن و مەترسی هەیە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بن. عێراقیش نەیتوانیوە وەك كوردستان رێوشوێن وەربگرێت و هاووڵاتییان كەرەنتینە بكات، بۆیە كاتێك ئەو هاووڵاتییانە بگەڕێنەوە عێراق و دواتر روو لە كوردستان بكەن، ئەگەری ئەوە هەیە ڤایرۆسەكە بگوازنەوە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی