بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ستیانێك ترس دەخاتە ناو ژنان

:: PM:04:34:04/03/2020 ‌
بڵاوبوونەوەی ڤیدۆیەك كە ستیانێك دەركەوتووە مادەیەكی شلی تێدایە، گوایە دەبێتە هۆی شێرپەنجە ترسی دروست كردووە و "وشە" بەدواداچوونی بۆ دەكات. بەڕێوەبەری پشكنین و دڵنیایی جۆریش دڵنیایی دەدات و رای دەگەیەنێت، ئەو بابەتە لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار، ڤیدۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاو كرایەوە، ستیانێكی ژنان دەركەوتووە كە مادەیەكی شلی تێدایە، هێنراوەتە بازاڕِەكانی هەرێمی كوردستان.

لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە و بە دواداچوونی بۆ دەكرێت

لە ڤیدۆكەدا هێما بۆ ئەوە كراوە، لە كۆنترۆڵی جۆری لە بەغدا پشكنین بۆ ئەو مادە شلە كراوە و دەركەوتووە هۆكارە بۆ شێرپەنجە.

لە بەدواداچوونێكی "وشە" بۆ چەند دوكانێكی ستیانفرۆش لە هەولێر، بەشێك لەو دوكاندارانە ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، بێ ئاگان لەو جۆرە ستیانە و شتی وایان نەفرۆشتووە.

لای خۆیەوە ئازاد نەوزاد بەڕێوەبەری گشتی پشكنین و دڵنیایی جۆری بۆ "وشە" گوتی، ئەو ستیانەی لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاو كراوەتەوە، لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە و بە دواداچوونی بۆ دەكرێت، دواتر رای گشتی لێ ئاگەدار دەكرێتەوە.

بەهۆی ئەوەی لە پێشتر لە ڕێی مەرزەكانەوە بەشێكی زۆر لە كەلوپەل بە قاچاخ هێنراوەتەوە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام كابینەی نۆ هەوڵ دەدات لایەنی تەناهیی مەرزەكان توندتر بكات.



وشە - زریان تەها