رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ئاشكراى كردووه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، سزا به‌سه‌ر 20 به‌رپرسى عێراقى بسه‌پێنێ به تۆمه‌تى توندوتیژییان ده‌رهه‌ق به خۆپێشانده‌ران و کوشتنی هاووڵاتییانى وڵاته‌كه‌یان.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م نۆى ئادار، رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، له راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه، پێشبینى ده‌كرێت له نزیكترین كاتدا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا سزا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى عێراقى بسه‌پێنێ به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى به‌شدارن له‌و توندوتیژییانه‌ى دژ به خۆپێشانده‌رانى عێراق كراون.
پێشبینى ده‌كرێت سزاكان عادل عه‌بدولمه‌هدیش بگرێته‌وه
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، به‌رپرسانى سیاسى و حكوومى له عێراق ئاگه‌دارى ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ئه‌مه‌ریكان، بۆیه چاوه‌ڕوانى ده‌رچوونى لیستى سزادراوه‌كان ده‌كه‌ن كه له وانه‌یه چه‌ندان به‌رپرسى حكوومى و ته‌ناهى و سه‌ركرده دیاره‌كانى میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبى تێدا بێت، هاوشێوه‌ى ئه‌و سزایانه‌ى له مانگى كانوونى یه‌كه‌مى رابردوودا به‌سه‌ر چه‌ند به‌رپرسێكى عێراقى سه‌پێنران.
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌و سزایه‌ى ئه‌مه‌ریكا چه‌ند رۆژێك دواى راپۆرته‌كه‌ى جنین بلاسخارتى نێرده‌ى باڵاى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دێت، كه رۆژى سێشه‌مى رابردوو بۆ ئاگه‌داركردنه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر بارودۆخى عێراق پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ى كردبوو.
بلاسخارت له راپۆرته‌كه‌یدا باسى له‌وه كردبوو، چه‌ندان شێوازى پێشێلكاریى مرۆیى ده‌رهه‌ق به خۆپێشانده‌ران ئه‌نجام ده‌درێت، له‌وانه خۆپێشانده‌ران ده‌كوژرێن و ده‌ڕفێنرێن و دواتریش ئازادى راده‌ربڕین له عێراق سنووردار ده‌كرێ. نێرده‌ى باڵاى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق له هه‌موو ئه‌م كارانه گرووپه چه‌كداره‌كانى تۆمه‌تبار كردبوو، دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كردبووه‌وه كه ئه‌و گرووپانه بۆ سه‌قامگیرى و بنیاتنانه‌وه‌ى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ن.
به‌رپرسێكى عێراقى له نووسینگه‌ى ئاسایشى نیشتمانى كه له‌لایه‌ن فالح فه‌یازه‌وه سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، به رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید"ى راگه‌یاندووه، راپۆرته‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و پێشبینانه‌ى پشتڕاست كردووه‌ته‌وه كه له به‌غدا له‌باره‌ى سزاكانه‌وه هه‌بوو.
ئه‌و به‌رپرسه دووپاتى كردووه‌ته‌وه، سزاكان كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى عێراقى ده‌گرێته‌وه، له‌وانه‌یه له عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌ریش نزیك ببێته‌وه.
هه‌مان به‌رپرس باسى له‌وه كردووه، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى ئه‌مه‌ریكا وا ده‌كات دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تیش لیستێكى تایبه‌ت ده‌ربكات و داواى سزادانى ئه‌و كه‌سانه بكات كه ده‌ستیان له توندوتیژییه‌كان هه‌بووه.
له راپۆرته‌كه‌ى
"عه‌ره‌بى جه‌دید" هاتووه، لایه‌نه سیاسییه‌كانى عێراق، ماسیۆ تۆله‌رى باڵوێزى ئه‌مه‌ریكا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، راپۆرته‌كانى خۆى له‌باره‌ى بارودۆخى به‌غدا به‌رز ده‌كاته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان بۆ رۆژنامه‌كه‌یان ئاشكرا كردووه، له‌وانه‌یه ئه‌مجاره سزاكان بۆ 20 كه‌س بێت، ئه‌وانیش ئه‌و به‌رپرسانه‌ن كه بڕیاریان داوه ته‌قه له خۆپێشانده‌ران بكرێت و دواى گرتنى خۆپێشانده‌ران ئه‌شكه‌نجه بدرێن، یان ئه‌و كه‌سانه‌ى كه بڕیاریان داوه خزمه‌ته‌گوزارى ئینته‌رنێت رابگیرێت و ئازادى راده‌ربڕین سنووردار بكرێت.
له راپۆرته‌كه‌یش ناوى ئه‌و كه‌سانه هاتووه كه به‌ریتین له محه‌مه‌د هاشمى كه به ئه‌بوجیهاد هاشمى ناسراوه به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌ره، ته‌حسین عه‌بوودى كه به ئه‌بو مونته‌زه‌ر حوسه‌ینى ناسراوه و به‌رپرسى ئاسایشى ناوچه‌ى سه‌وزه. عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف گوته‌بێژى فه‌رمانده‌ى هێزه چه‌كداره‌كان، سامر محه‌مه‌د ئیسماعیل به‌رپرسى تیمى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خێرا له پۆلیسى فیدراڵ، لیوا جه‌میل شه‌مه‌رى، لیوا ره‌شید فله‌یح.
له دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى سكاڵا له سه‌ر به‌رپرسانى عێراق تۆمار ده‌كرێ
له‌باره‌ی به‌رپرسانى حه‌شدى شه‌عبى له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ئه‌و به‌رپرسانه‌ى حه‌شد ناویان له لیستى سزادراوه‌كان ده‌بێت، ئه‌بوزه‌ینه‌ب لامى، سه‌لمان ده‌فار، ئه‌بوئیمان به‌هادلى، حامد جه‌زائیرى، هاشم بونیان سه‌راجى، عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌داوى، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه تۆمه‌ته‌كان ئاراسته‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیش بكرێت.
پێشتر به تۆمه‌تى جیاواز وه‌ك نزیكى له ئێران و سه‌ركوتكردنى خۆپێشاندانه‌كان، ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان جار سزاى به‌سه‌ر به‌رپرسانى عێراق سه‌پاندووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره له راپۆرته‌كه‌دا نوێ بێت، ئه‌وه‌یه دادگاى تاوانه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى به‌رپرسانى عێراق تۆمه‌تبار بكات.
تاریق حه‌ره‌ب كه شاره‌زایه‌كى ناسراوى عێراقی له بوارى یاسا و ده‌ستووره، له لێدوانێكى به رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" ده‌ڵێ، عێراق ئه‌ندام نییه له‌و دادگایه، به‌ڵام ئه‌مه رێگریى ناكات له‌وه‌ى سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمار نه‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه پێوه‌ندى به‌و وڵاته‌وه هه‌یه".
روونی ده‌كاته‌وه كه بڕیاره‌كانى ئه‌م دادگایه له‌سه‌ر داوا و سكاڵاى كه‌سایه‌تى و لایه‌نى عێراقى ده‌بێت و ده‌بێ له‌و روانگه‌یه‌وه رێكارییه‌كانى خۆى بكات و بڕیارى له‌سه‌ر بدات. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه كه ده‌كرێ ئه‌و راپۆرته‌ى بلاسخارت وه‌ك هه‌نگاوى یه‌كه‌م بێت بۆ ئه‌وه‌ى سكاڵا له دژى به‌رپرسانى عێراق تۆمار بكرێت.
له سه‌ره‌تاى مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو، خۆپێشاندان له عێراق له دژى خراپى بارودۆخى ئابوورى و گه‌نده‌ڵى ده‌ستى پێ كردووه و تا ئێسته به‌رده‌وامه. هێزه عێراقییه‌كان به‌رده‌وام توندوتیژییان ده‌رهه‌ق به خۆپێشانده‌ران به‌كار هێناوه و تا ئێسته ده‌یان هه‌زار كه‌س بریندار و زیاتر له 600 خۆپێشانده‌ریش كوژراون.