به‌پێى بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ڕێ بە هاتوچۆی ڕۆژنامەنوسان، له ته‌واوى كوردستان دراوه، له ته‌واوى كوردستانیش كار به بڕیاره‌كه كراوه و ڕێزى زۆر له ڕۆژنامه‌نووسان گیرا، به‌ڵام له سلێمانى له‌لایه‌ن ئاسایشى یه‌كێتى لە بازگەیه‌ك لە ڕۆژنامەنوسێك دەده‌ن و سووکایەتی پێ ده‌كه‌ن.
ویستویەتی بچێت بۆ سەر كارەكەی
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له فه‌یسبووكى خۆى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ڕۆژى شه‌موو 14ى ئادار، هەكار ئامێدی بێژەرى هه‌واڵه‌كانى كەناڵی ئێن ئارتی لە بازگەی سیتەك ڕێی پێدەگیرێت و سووکایەتی پێدەكرێت بەهۆی ئەوەی ویستویەتی بچێت بۆ سەر كارەكەی.
له باره‌ى ڕووداوه‌كه ئاشكراى كردووه، كه بە پشتبەست بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ كە رۆژنامەنوسان بۆیان هەیە هاتوچۆ بكەن لە نێوان شارەكاندا، لە چوارتاوە بەرەو سلێمانی هاتووە بۆ سەر كارەكەی، بەڵام لە بازگەی سیتەك پێیان ڕاگەیاندووە كە بڕیارێكی لەو جۆرەیان بەدەست نەگەیشتووە.
ڕوونى كردووه‌ته‌وه، منیش پێم وت چۆن دەكرێت بەرپرسێك بیت بڕیارێكی لەو جۆرەت بە دەست نەگەیشتووە، كاتێكیش چوومەتەوە بۆ ئەوەی بڕیارەكەیان لە مۆبایلەكەم پیشانبدەم لە پشتەوە هێرشیان كردە سەرم و دەستیان گرتم و جگە لە عەزیەتدان سووکایەتی زۆریان پێ‌كردم و مۆبایلەكەیان شكاندم.
هەكار ئامێدی نووسیویە‌تى، "من پێم گوتن ئەو جۆرە مامەڵەی ئێوە دەیكەن مامەڵە كردنە لەگەڵ تیرۆرستێك نەك كەسێكی وەك من رۆژنامەنووس، دوای ئەو ڕووداوە هیچ كەس نەهاتووه‌تە خەت و ڕووداوەكە بەو جۆرە تێپەڕیوە."
له شارى سلێمانى ڕۆژنامه‌نووسان له دۆخێكى زۆر خراپ ده‌ژین و چه‌ندان جار له‌لایه‌ن ده‌زگه ته‌ناهییه حزبییه‌كانى ئه‌و شاره‌وه سووكایه‌تییان پێكراوه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر پایته‌خت و دهۆك كار به‌بڕیاره‌كه‌ى وه‌زیرى ناوخۆ كراوه و ده‌زگا ته‌ناهییه فه‌رمییه‌كان هاوكارى ڕژدى ڕۆژنامه‌نووسان بوونه.