حیكمەت دوای شەش مانگ زانی 10 ئەندامی خێزانەكەی بەر كیمیاباران كەوتوون

:: PM:06:58:16/03/2020 ‌
حیكمەت فایەق، هاووڵاتییەكی هەڵەبجەیە و 32 ساڵ پێش ئێستە و لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا، دایك و باوكی و هەشت خوشك و برای لەدەستدا، حیكمەت چیرۆكی گیان لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەكەی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە.

حیكمەت لە خێزانێكی 12 كەسیدا دەژیا لە هەڵەبجە و خۆیشی پێشمەرگەیەكی بەجەرگ بووە، هەرچەندە تەمەنی 17 ساڵان بووە، چیرۆكی ژیانی لە زاری خۆیەوە بەم جۆرە لە "وشە" بڵاو دەكەینەوە، حیكمەت لە ساڵی 1988دا تەمەنی 17 ساڵان بووە و پێشمەرگە بووە لە سنووری قەرەداغ، بۆیە لە 16ی ئاداردا كە كیمیابارانی هەڵەبجە كرا ئاگاداری دۆخی هەڵەبجە نەبوو. وەك خۆی دەڵێت لە ڕێگەی ڕادیۆكانی ئێران و ڕاگەیاندنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئاگاداری ئەوە بووە كە هەڵەبجە تاوانێكی بەو شێوەیە گەورەی بەرانبەر كراوە، بەڵام حیكمەت نەیزانی كە خێزانەكەی یەكێكن لەو كەسانەی كە بوونەتە قوربانی ئەو تاوانە، بۆیە لە چاوەڕوانی هەواڵی هاوڕێكانی بوو كە لە سنووری هەڵەبجە بوون تا بزانێت ئەو تاوانەی بەرانبەر هەڵەبجە كراوە دۆخی خێزانەكەی چۆنە، بەڵام هیچ زانیارییەكیان پێنەداوە و تەنیا گووتویانە كە تاوانەكە قەبارەی گەورە بووە و قوربانی زۆری لێكەوتووەتەوە.

باوكم بەهۆی تەندروستییە خراپەكەیەوە پاش ماوەیەك گیانی لەدەستدا و خوشكەكەم لە ژیان مایەوە
حیكمەت هەر هەواڵی لە خێزانەكەی نەبوو هەرچەندە ڕۆژ تێپەڕی و مانگی نیسان هات و تاوانی ئەنفال دەستی پێ كرد لەلایەن بەعسەوە، بەڵام هاوڕێكانی زانیارییان پێگەیشتبوو كە خێزانەكەی حیكمەت نۆ كەسیان دەستبەجێ بەهۆی كیمیابارانەكەوە گیانیان لەدەستداوە و باوكی و پەخشانی خوشكی بە سەختیش برینداربوون، بەڵام لەبەرئەوەی كە بارودۆخی ڕووبەرووبونەوە و شەڕیان هەبوو لەگەڵ ڕژێمی بەعس هاوڕێكانی باسی لەدەستدانی خێزانەكەیان بۆ حیكمەت نەكرد.

"لە شەڕەكاندا دۆخێكی قورسمان هەبوو، هاوڕێ پێشمەرگەكانمان شەهید دەبوون و لە ناوچە كوێستانیەكان كیمیاباران كراین و ئێمەش هەندێكمان بەركەوتەبووین برینداربووین، بۆیە ڕومان كردە گەرمیان و لەوێش دوژمن بە چەك و گرووپ و سوپای گەورە هێرشیان كردە سەر گەرمیانیش، بەم شەڕ و دۆخەوە شەش مانگ تێپەڕی بەسەر كیمیابارانی هەڵەبجەدا، ئینجا مام و خانەوادەكەی چوون بە شوێنیا و بردیان بۆ ماڵی مامی، كاتێك دەچێتە ماڵی مامی ،ئامۆژنی دەست دەكاتە ملی حیكمەتی 17 ساڵان و بە گریانەوە پێی دەڵێت كە دایكت و  حەوت خوشك و برات لە كیمیابارانەكەدا گیانیان لەدەستداوە، تەنیا باوكت و پەخشانی خوشكت ماون، باوكم تاكو ئەوكاتە لە ژیاندابوو بەڵام زیانێكی زۆر بە چاوی و سیەكانی گەیشتبوو" حیكمەت وای گوت.

حیكمەت گوتی، باوكم بەهۆی تەندروستییە خراپەكەیەوە پاش ماوەیەك گیانی لەدەستدا و خوشكەكەم لە ژیان مایەوە بەڵام ئەویش چاوەكانی هێشتا كاریگەری كیمیاییەكە لەسەرە و تەندروستی چاوی خراپە.

ئەو كەسوكاری قوربانیانە داواكارە كە نەخۆشخانەی تایبەت بە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بكەوێتە كار و خزمەت بە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی بكات، ئەویش بە هێنانی پزیشكی پسپۆڕی وڵاتان بۆ نەخۆشخانەكە، نەك بەركەوتوان بنێرێت بۆ وڵاتان.

حیكمەت ئێستە تەمەنی 49 ساڵە و خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە، هەروەها پەخشانی خوشكیشی هاوسەرگیری كردووە، چیرۆكی ژیانی خۆی و خێزانەكەی و مێژووی پڕ سەروەری و تێكۆشان و خەبات و نەهامەتی و ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی كوردی بۆ منداڵەكانی گێڕاوەتەوە، تاوەكو ئەوانیش لە مێژووی نەتەوەكەیان شارەزابن و بۆ نەوەكانی داهاتوو بمێننەوە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد




وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌