وەزارەتی ئەوقاف: بڕیارەکانی حکوومەت جیاوازیی لە نێوان پێڕەوانی هیچ ئاینێک ناکات

:: PM:02:17:17/03/2020 ‌
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی دەدات كە ئەوەی  لە قەشەكەی عەنكاوە رووی دا دووبارە نابێتەوە.

دوای ئەوەی گرتەیەكی ڤیدۆیی لە یەكێك لە كەنیسەكانی عەنكاوە بڵاو كرایەوە كە قەشەیەك گوتار بۆ پێڕەوانی ئاینی مەسیحی دەدات، ئەمەیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایی لێ كەوتەوە و بە جیاكاری وەسف كرا.

چەند قەشەیەك لەناو كەنیسە كۆ بوونەوەتەوە بۆ خۆیان وتاریان داوە

ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئادار ، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە"وشە"ی راگەیاند، بەپێی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەموو كۆبوونەوە و چالاكییەكی ئاینی وەستێنراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف هێمای بۆ ئەوە كرد، ئەوەی لە عەنكاوە رووی داوە جارێكی تر دووبارە نابێتەوە، هەروەها وەزارەت پێوەندی بە قەشەكانەوە كردووە داوای روونكردنەوەیان كردووە.

هاوكات نەبەز ئیسماعیل روونی كردەوە، چەند قەشەیەك لەناو كەنیسە كۆ بوونەوەتەوە بۆ خۆیان وتاریان داوە، بەبێ ئامادەبوونی پێڕەوكارانی ئاینی.

زیاتر گوتی، دڵنیایی دەدەین كە جیاكاری لە بڕیارەكانی حكوومەت لە نێوان پێڕەوانی ئیسلام و بۆ مەسیحی ناکرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گشت كۆبوونەوە ئاینی و پرسەی بۆ تەواوی ئاینەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت.



وشە - زریان تەها