دابەشكردنی مووچە دەست پێ دەكاته‌وه‌

:: PM:10:04:17/03/2020 ‌
دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاته‌وه‌، دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران هەموو دامەزراوە پێوەندیدارەكانی راسپارد كە بە میكانیزمی تایبەت دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەن.

سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە لە 19ی ئەم مانگەوە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا و یەكەی 70 یەكەی 80 دەست پێ بكات.

وەزارەتی دارایی میكانیزمی نوێ‌ بۆ دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنێت
ڕوونیشی كردەوە كە ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ تا ئەوكاتە بەردەوام بێت ئەوا وەزارەتی دارایی میكانیزمی نوێ‌ بۆ دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنێت تا خۆپارێزی بەرانبەر كۆرۆنا بەردەوام بێت و قەرەباڵغی لە بانكەكاندا دروست نەبێ.

لێدوانی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە كە پێشتر د.جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا دووپاتی كردبووەوە كە پارە لە بانكەكاندا ئامادەیە و چاوەرێ‌ دەكەن قەدەغەی هاتوچۆ هەڵبگیرێ‌ ئەوكاتە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن.

ئەمڕۆیش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپات لەوە كرایەوە كە بە میكانیزمێكی گونجاو دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێ‌.

هەرێمی كوردستان جگە لە داهاتی ناوخۆی بڕە پارەیەكیشی لەلایەن بەغداوە بۆ دابەشكردنی مووچە پێ دەگات، بەڵام ئەو مانگە بەهۆی بڕیاری لیژنەی رووبەربووبوونەوەی كۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ چەند ڕۆژێكە دابەبەشكردنی مووچە دواخراوە تا خۆپارێزی بەرانبەر كۆرۆنا بەردەوام بێ‌.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم