ڕه‌نگه شۆك بیت كاتێك ده‌بینی منداڵه‌كه‌ت چیرۆكێكی خۆیت بۆ ده‌گێڕێته‌وه و تۆش ده‌زانی ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ سه‌رله‌به‌ری درۆیه، خۆ ڕه‌نگه زۆر سه‌رسامی بیت ئه‌گه‌ر نه‌زانی درۆیه، یان كاتێك باسی ئه‌وه‌ت بۆ ده‌كات یه‌كێك له هاوڕێكانی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ كردووه و ئه‌میش هه‌ر پێی گوتووه نابێ شه‌ڕ بكه‌ین، تۆیش هه‌ڵده‌چیت و سه‌ركۆنه‌ی دایك و باوكی یان خۆی ده‌كه‌ی، دواتر بۆت ده‌رده‌كه‌وێ ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته، خۆ ڕه‌نگه هه‌ر هیچ ڕووی نه‌دابێ.
بۆچی منداڵ درۆ ده‌كات؟
هه‌موو منداڵێك درۆ ده‌كات، ئه‌وان كاتێك ئیدی ورده ورده فێری درۆ ده‌بن، زۆر چێژ له‌م هونه‌ره تازه‌یه ده‌كه‌ن و حه‌ز ده‌كه‌ن زوو زوو دووباره‌ی بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی باش نایزانن و دایك و باوكی ژیر به ئاسانی بۆی ده‌رده‌كه‌وێ. بۆ نموونه كاتێك زۆر سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شتێكی كردووه و سوێندی له‌سه‌ر ده‌خوات، ئه‌وا دڵنیابه كردوویه‌تی. به‌زۆری منداڵ بۆیه درۆ ده‌كات تا شتێكی ده‌ست بكه‌وێ، یان له‌كۆڵ شتێك ببێته‌وه كه نایه‌وێ، یان بۆ ئه‌وه‌ی چوارده‌وریان پێیان سه‌رسام بێت و بایه‌خ و سه‌رنجی چوارده‌ور ڕابكێشن. هه‌ندێك جار ده‌بینی بۆ شتی زۆر ساده درۆ ده‌كه‌ن، شتێكی شكاندووه و نایه‌وێ بیدركێنێ كه خۆی بووه، تۆمه‌ته‌كه بۆ برایه‌كی بچووكتری یان هه‌ر كه‌سێكی تر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر پشیله‌یه‌ك له ماڵه‌كه بێت، هه‌رچی تۆمه‌ته تووشی ئه‌و داماوه ده‌كرێ.
له كه‌یه‌وه ده‌ست به درۆ ده‌كات؟
منداڵ له ته‌مه‌نی دوو بۆ سێ ساڵییه‌وه هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و درۆكردن ده‌ست پێ ده‌كات و زۆر جار به درۆكانیان پێكه‌نینمان دێ، چونكه خۆیان وا ده‌زانن زۆر باوه‌ڕپێكراوانه كردوویانه و نازانن گه‌وره‌كان به ته‌واوی ده‌زانن كه ڕاست ناكات. له ته‌مه‌نی چوار ساڵیدا، له‌و درۆ ساده‌یه باوه‌ڕ پێنهكراوانهوه قۆناغ ده‌بڕن و فێری هونه‌ری درۆكردن ده‌بن كه پێوه‌سته به گه‌شه‌ی مێشكیان. قۆناغی سێیه‌میش له ته‌مه‌نی حه‌وت یان هه‌شت ساڵی ده‌ست پێ ده‌كات، لێره‌دا فه‌نتازیای درۆ به جوانی ده‌زانن و به ڕووداوی ڕۆژانه‌وه تێكه‌ڵی ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر دایك و باوكی ئاگه‌داری بابه‌ته‌كه نه‌بن به ته‌واوی ده‌توانێ فێڵیان لێ بكات.
درۆ نیشانه‌ی زیره‌كییه
هه‌موومان ده‌زانین ده‌بێ منداڵ له‌سه‌ر ڕاستگۆیی په‌روه‌رده بكه‌ین و درۆیان لا ناشیرین بكه‌ین، چونكه "په‌تی درۆ كورته" و هه‌ر ده‌بێ ڕاستییه‌كه ڕوون ببێته‌وه، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كان ده‌ڵێن، درۆكردن نیشانه‌ی زیره‌كیی منداڵه. جۆر و به‌هێزیی درۆكه‌ی لێهاتوویی ئه‌و ده‌رده‌خات و ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێ تا چه‌ند ئاگای له تایبه‌تمه‌ندیی كه‌سه‌كانی چوارده‌ورێتی، ئه‌وه‌تا ئه‌و درۆیه‌ی بۆ باوكی ده‌كات، شێوازه‌كه‌ی جیایه له‌وه‌ی بۆ دایكی ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئه‌ویش جیایه له‌وه‌ی بۆ باپیری، نه‌نكی، پووری، هاوڕیێیهكی و هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌ك خۆی مامه‌ڵه‌ی درۆی له‌گه‌ڵ ده‌كات. توێژینه‌وه‌كه ده‌ڵێ: ئه‌و منداڵه‌ی زوو فێری درۆ ده‌بێ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه زوو مێشكی گه‌شه‌ی كردووه.
مایكل مۆریس مامۆستای ده‌روونناسی له توێژینه‌وه‌یه‌كی خۆیدا كه له گۆڤاری "سایكۆلۆجی توده‌ی" بڵاوی كردووه‌ته‌وه و پشتی به ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه به‌سه‌ر سه‌دان منداڵدا به‌ستووه، ده‌گاته كۆمه‌ڵێ ڕاستیی نوێ. داوای له منداڵه‌كان كردووه، جوان سه‌یری ئه‌و یارییه بكه‌ن كه له پشتهسهریانهوه دانراوه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ده‌توانن سه‌رنجیان بۆی بچێت له كاتێكدا له پشته‌وه‌یه و ده‌توانن بزانن چییه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای بكه‌ن؟ توێژهركه ده‌چێته ده‌ره‌وه و چاودێرییان ده‌كات، ده‌بینی منداڵه‌كان به چه‌ند چركه‌یه‌ك ئاوڕ ده‌ده‌نه‌وه و كه دێته‌وه داوای وه‌ڵامیان لێ ده‌كات، زۆربه‌یان وه‌ڵامه‌كه ده‌زانن و درۆش ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئاوڕمان نه‌داته‌وه. به‌م شێوه‌یه: سێیه‌كی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان دوو ساڵ بووه درۆ ده‌كه‌ن، نیوه‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان سێ ساڵه درۆ ده‌كه‌ن و زیاتر 80% ته‌مه‌ن چوار ساڵه‌كان درۆیان كردووه.
توێژه‌ره‌كه ئه‌وه‌شی بۆ ده‌ركه‌وتووه، جیا له ته‌مه‌ن، ڕه‌گه‌زی منداڵ، جۆری خێزان و ئاینی دایك و باوكی ڕۆڵیان هه‌بووه. ئه‌وه‌شی بۆ ده‌ركه‌وتووه ئه‌وانه‌ی به دزییه‌وه سه‌یریان كردووه و دواتر درۆیان كردووه له‌وه‌ی سه‌ریان كردبێ، توانای زیره‌كییان زیاتره، به به‌راورد به‌و منداڵانه‌ی ئاقڵ دانیشتوون و نه‌یانوێراوه یان نه‌یانویستووه ئاوڕ بده‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی كهمینهشن.
درۆ و زۆرزانی
درۆ دیارده‌یه‌كی ته‌ندروسته له منداڵدا، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه مێشكی به ته‌واوی گه‌شه‌ی كردووه. به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی تۆرینتۆ كه پرۆفیسۆر "كانج لی" سه‌رپه‌رشتی كردووه، كاتێك منداڵ فێری فێڵبازی و درۆ ده‌بێ، توانا مه‌عریفییه‌كانی به ته‌واوی گه‌شه ده‌كات. ئه‌و منداڵه‌ی له ته‌مه‌نی چوار ساڵییه‌وه به لێهاتوویی درۆ ده‌كات، تواناكانی زۆرتره له‌و منداڵه‌ی له ته‌مه‌نێكی دواتردا فێری بووه.
له ته‌مه‌نی شه‌ش و حه‌وت ساڵیدا كاتێك مێشك به گشتی گه‌شه ده‌كات، توانای درۆكردنیش به‌هێز ده‌بێ و زانیارییه‌كانی منداڵ بۆ درۆكه‌ی پێویستی پێیه‌تی هه‌مووی دێنه‌وه به‌رچاوی و هه‌تا به‌شی یاداشته‌كانی ناو مێشكی به‌هێز بێت، درۆكانی هێنده لۆجیكی ده‌بن.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر درۆ به‌رده‌وام بوو؟
زانیمان كه درۆ نیشانه‌ی زیره‌كیی منداڵه و نابێ وه‌ك كاره‌سات مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ، ئه‌ی باشه ماده‌م وایه بیه‌ڵین به‌رده‌وام بێت؟ هه‌ڵبه‌ت نه‌خێر ئه‌وه ڕاست نییه و ئێمه وێڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی درۆكانی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ ڕاده‌ی زیره‌كی چه‌نده، ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌وه په‌روه‌رده‌ی بكه‌ین كه درۆ نه‌كات.
ئه‌ی چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی واز له درۆ بێنێ؟
-به‌كارهێنانی شێوازی پاداشت له ئه‌نجامی ڕاستگۆیی له‌جیاتی ڕێی لێدان و سه‌ركۆنه و توندی. توێژینه‌وه‌كان ده‌ری ده‌خه‌ن، لێدان و ترساندنی منداڵ ناچاری ده‌كات به‌رده‌وام بێت له درۆ.
-ستایشكردنی له كاتێكدا شتێكی ڕاست ده‌ڵێ و وه‌ك خۆی ده‌یگێڕێته‌وه.
-به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كیش ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و ڕێیه شكستی هێنا كه چیرۆك و ئه‌نیمه‌یشنه‌كان ده‌یگرنه به‌ر، كه‌سی درۆزن له كۆتادا تووشی نه‌هامه‌تی ده‌بێ. ده‌ركه‌وتووه منداڵ هێنده‌ی سوود له شێوازی درۆی پاڵه‌وانه‌كه ده‌كات، هه‌رگیز گرنگی به ئه‌نجامه‌كه‌ی نادا، چونكه هه‌میشه درۆزن به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه تێده‌كه‌وێ، ئه‌وان فێر ده‌بن كاتێك درۆكه ده‌كه‌ن ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره ناكه‌نه‌وه. باشتر له‌وه، گۆڕینی بۆ ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ڕاستگۆكان نووسراوه.
-هه‌میشه پیشانی بده چه‌نده هه‌ست به نائومێدی ده‌كه‌ی كاتێك درۆیه‌كی ئه‌وت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ و چه‌نده له‌به‌رچاوی بێزراو بوویت.
-هه‌رگیز به "درۆزن" ناوی مه‌به، ئه‌مه یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی وای لێ ده‌كات ڕاستی نه‌ڵێ، چونكه بۆی ده‌رده‌كه‌وێ تازه ئه‌وه بووه به پێناسه‌ی.