ئاژانسی بلۆمبێرگی ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی دۆخی ئابووری وڵاتانی كه‌نداو له دوای دابه‌زینی نرخی نه‌وت له جیهان كردووه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئیمپراتۆریه‌تییه‌كانی كه‌نداو خه‌ریكی هه‌ره‌س هێنان و جیهان گۆڕانكاری گه‌وره به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت.
له ڕاپۆرته‌كه هاتووه، هه‌ره‌س و داڕمانی ئابووری وڵاتانی كه‌نداو كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كییان نه‌وته بووه‌ته كارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و له پێشبینی و چاوه‌ڕوانی ده‌رچووه، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه نرخی نه‌وت دابه‌زینی زۆری به‌خۆیه‌وه بینی، له ئه‌نجامی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له جیهان، بۆیه وڵاتانی كه‌نداو ئه‌و باڵاده‌ستی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی له ڕیزبه‌ندی وڵاتانی جیهان هه‌یانه له ده‌ستی ده‌ده‌ن و پاشه‌كشه‌ی یه‌كجار زۆر ده‌كه‌ن.
په‌یمانگه‌ی داڤید فلیكلینگی ئه‌مه‌ریكی له‌وباره‌وه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه پاشا و فه‌رمانڕه‌واكانی كه‌نداو له مه‌ترسی دۆخه‌كه تێنه‌گه‌یشتوون، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی شه‌پۆلی یه‌كجار قورسی داڕووخانی ئابووری ده‌بنه‌وه، كه له ماوه‌ی نیو سه‌ده‌ی ڕابردوو هه‌رگیز كاره‌ساتی له‌وشێوه‌یه‌یان به‌خۆیه‌وه نه‌بینییووه، بۆیه ناچارن زۆرینه‌ی ئه‌و پاره یه‌ده‌گه‌ی له بانكی ناوه‌ندی وڵاته‌كان كۆكراوه‌ته‌وه بیخنه خزمه‌ته‌وه، تا ڕێ له داته‌پینی ئابوورییه‌كانیان بگرن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، ناتوانن چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه بكه‌ن و گه‌وره‌ترین زیانیان به‌ر ده‌كه‌وێت.
په‌یمانگه‌كه نووسیویه‌تی، ئه‌و كاره‌ساته ڕه‌نگه زۆرترین كاریگه‌ری بۆ سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه هه‌بێت، چونكه ئیتر له‌و شێوازه ژیانه شاهانه‌یییانه‌ی كه وڵاتانی كه‌نداو هه‌یانبوو و ڕێژه‌ی زۆری خه‌ڵكی كرێكاری وڵاته‌كان ببوون به كه‌سانی بیانی، به ته‌واوی تووشی قورسی و ئه‌سته‌می ببنه‌وه و دووباره خۆیان ناچار بن ده‌ست به‌كار بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یشی به نه‌فره‌تی نه‌وت ناوبردووه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌زموونی كاربۆن دووباره ده‌بێته‌وه، كه له سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌هۆی دابه‌زینی نرخی كاربۆن، هه‌ریه‌ك له نێجیریا و ئه‌نگۆلا و كازاخستان و مه‌كسیك و ڤه‌نزوێلا تووشی بوون.
ئاژانسه‌كه نووسیویه‌تی، له ماوه‌ی 50 ساڵی ڕابردوو وڵاتانی كه‌نداو له هه‌ژارترین و په‌راوێزخراوترین ناوچه‌ی جیهانه‌وه، به‌هۆی نه‌وته‌وه بوون به ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌ی جیهان و خه‌ڵكی له سه‌رتاسه‌ری دنیا ڕووی له‌و وڵاتانه ده‌كرد، به‌هۆی گه‌شه و پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامیان، دۆخه‌كه گه‌یشته ئاستێك كه وڵاتانی وه‌كو كوێت و قه‌ته‌ڕ و ئیماڕات به سویسڕای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سعوودیه و به‌حرێن و عومانیش به ژاپۆن و به‌ریتانیا ناوببرێن، له ڕووی ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌وه.
له ساڵانی گرانی نه‌وت خه‌ریكی دروستكردنی باڵه‌خانه و كڕینی چه‌كبوون، كه‌چی ئێسته ڤایرۆسێك هه‌مووان ڕاده‌ماڵێت
ئێسته هه‌مان ئه‌و هۆكاره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی گه‌یاند به لووتكه‌ی پێشكه‌وتن و سه‌رمایه‌داری ده‌بێته ده‌رد و به‌ڵا و هه‌ره‌س تووشی ئه‌و وڵاتانه ده‌كاته‌وه، بۆیه له نیعمه‌تی نه‌وته‌وه، نه‌فره‌تی نه‌وت ده‌ست پێ ده‌كات و وه‌ك ڕه‌شه‌بایه‌ك ئه‌و پێشكه‌وتن و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی كه خه‌ڵكی كه‌نداو پێی ده‌نازن له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات.
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه هاتووه، كه ئه‌مه ڕۆژی یه‌كلاكردنه‌وه و حسابه، ئێسته سه‌رانی ئه‌و وڵاتانه بیریان ده‌كه‌وێته‌وه كه به‌هۆی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی داهات و پاره زۆرییه چی‌یان كردووه و تا چه‌ند به‌و ملیاران و تریلیۆن دۆلاره سه‌رچاوه‌ی تری داهاتیان ده‌سته‌به‌ر كردووه، یاخود ته‌نیا له جوانكاری و خۆشگوزه‌رانی سه‌رانی عه‌ره‌ب له‌و ناوچانه ئه‌و پاره‌یه خه‌رج كراوه، بێگومان هه‌موو ئاماژه‌كان دووپات له بژاره‌ی دووه‌م ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه ئیتر ئه‌و وڵاتانه له‌و تاقیكردنه‌وه به ته‌واوی شكست دێنن، چونكه نه‌یانتوانی له ساڵانی ڕابردوو به‌و پاره زه‌به‌لاحه‌ی له ڕێی نه‌وته‌وه ده‌ستیان ده‌كه‌وت، سه‌رچاوه‌كانی داهات فره‌جۆر بكه‌ن و به ته‌واوی خۆیان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی له‌مجۆره ئاماده بكه‌ن.
پێشبینی ده‌كرێ تووشی هه‌ره‌سێكی گه‌وره‌ی ئابووری ببن
ئه‌وه‌ی كه به ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه بایه‌خیان پێداوه، بریتییه له كڕینی چه‌كی پێشكه‌وتوو و دروستكردنی باڵه‌خانه‌ی به‌رز، به‌ڵام ئێسته ئه‌و هه‌موو چه‌كه زۆره‌ی كه هه‌یانه ناتوانێ ڕووبه‌ڕووی ڤایرۆسێكی بچووكی قه‌باره چه‌ند نانۆمه‌ترێك ببێته‌وه، كه به جیهان و ناوچه‌كه بڵاوبووه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆی داته‌پینی نرخی نه‌وت، ئه‌و باڵه‌خانه به‌رزانه‌یشی كه به‌ره‌و ئاسمان به‌رزبوونه‌ته‌وه و شوێنی باره‌گا و لقی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی جیهان بوون، به چۆڵی ده‌مێننه‌وه و هه‌مووان له‌و وڵاتانه ده‌كشێنه‌وه، ئه‌مه‌یش كاره‌ساته مه‌ترسیداره‌كه‌یه و ڕووبه‌ڕووی كه‌نداو ده‌بێته‌وه، كه‌چی ئه‌وان تا ئێسته‌یش هه‌نگاوی پێویستیان له‌وباره‌وه نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر.
له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوو كه نرخی نه‌وت ڕووی له هه‌ره‌س كردووه، تا ئێسته وڵاتانی كه‌نداو نزیكه‌ی نیو تریلیۆن تا تریلیۆنێك دۆلار زیانیان به‌ركه‌وتووه، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و شكاندنی هه‌موو ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت خرابووه ڕوو، ئێسته شه‌پۆله‌كه زۆر به قورسی ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، به تایبه‌ت شكستهێنانی دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ ڕووسیا له‌باره‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كانی زۆر قووڵتر ده‌بێت و زیانی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌و وڵاتانه ده‌بێت.