له‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌ی
عێراق و جیهانی تێ كه‌وتووه، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، سیاسییه‌كانی عێراق له ململانێیكانی خۆیان نه‌كه‌وتوون و وردتر بیر له دۆخه‌كه ناكه‌نه‌وه، هۆكاری ئه‌مه‌یش بۆ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه و سه‌رچاوه‌كانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه نه‌جه‌ف ده‌رگاكانی به ڕووی سیاسییه‌كان داخستووه و به‌ره‌ی ئێرانیش پاشه‌كشه له هه‌ڵوێستی خۆیان ناكه‌ن و پرۆسه‌ی سیاسی به‌ره‌و به‌سته‌ڵه‌ك ده‌ڕوات.
هه‌رچه‌نده لایه‌نه شیعه‌كان له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌یان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی پرسه ئاڵۆزه‌كه كه كاندیدكردنی عه‌دنان زورفییه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌ره‌ی ئێران له لایه‌نه شیعه‌كان به ته‌واوی زورفی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، ئێسته خه‌ریكن ئاڵۆزییه‌كه بگه‌یه‌ننه ئاستێك كه ته‌واوی سیسته‌می سیاسی بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر خاڵی سفر، ئه‌ویش به هه‌وڵدان بۆ متمانه‌سه‌ندنه‌وه له سه‌ركۆماری عێراق، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشێلی ده‌ستووری كردووه و بێ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن كاندید بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت پێشكه‌ش بكات، ئه‌و عه‌دنان زورفی به ویستی خۆی ڕاسپاردووه.
سوننه و كورد تا ئێسته هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر كاندیدی هاوبه‌ش و كۆده‌نگی له‌سه‌ر ڕانه‌گه‌یاندووه
سه‌ره‌ڕای گفتوگۆ زۆره‌كان و ڕوونكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی و وڵات به گشتی، كه‌چی تا ئێسته ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح و سادقوون و سه‌نه‌دی وه‌ته‌نی و عه‌تا كه فراكسیۆنه‌كانی سه‌ر به به‌ره‌ی ئێرانن له نێو په‌رله‌مانی عێراق به توندی كاندیدكردنی زورفی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، ده‌ستیان به ئاماده‌كاری كردووه بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری ناو په‌رله‌مان بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش كه به ڕێی سازانی نیشتمانی و كۆده‌نگییه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت.
سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، كه سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كه‌مان ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه به ته‌واوی دژی كاندیدكردنی عه‌دنان زورفی بوه‌ستنه‌وه و به هیچ شێوه‌یه‌ك و له هیچ دانیشتنێكی په‌رله‌مان له به‌رژه‌وه‌ندی زورفی ده‌نگ نه‌ده‌ن و هه‌ڵوێست و بڕیار نه‌ده‌ن. سه‌ركرده‌كانی ئه‌و قه‌وارانه‌یشی زورفی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، بڕیاره له‌م ڕۆژانه كۆبوونه‌وه‌ی تر بكه‌ن و له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش ڕێك بكه‌ون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌یه بژاره‌ی لادانی زورفییه له‌و ئه‌ركه و دانانی كاندیده هاوبه‌شه‌كه‌یه، ده‌یانه‌وێ فشاره‌كان چڕ بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زورفی ناچار بكرێ ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌یش تا ئێسته ڕوون نییه.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی فه‌تح ده‌ڵێ، بۆ دروستكردنی كۆده‌نگی نیشتمانی و دانانی كاندیدێك به سازان، لایه‌نه‌كانی شیعه داوایان له كورد و سوننه‌یش كردووه كه هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌رببڕن و ئه‌وانیش تا ئێسته هه‌ڵوێستی فه‌رمی خۆیان به سه‌ركرده ناڕه‌زاییه‌كان و به‌ره‌ی دژ به زورفی ڕانه‌گه‌یاندووه، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش دا عه‌دنان زورفی چه‌ندان نێوه‌ندگیر و لایه‌نی ڕاسپاردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆسپه‌ی به‌ره‌ی ئێران له نێو شیعه‌كان له به‌رده‌میدا دروستیان كردووه كۆتایی پێ بهێنرێت و ئاماده‌یه له پێناو ڕازیبوونیان دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ بكات و به داواكانیان ڕازی بێت، به‌ڵام ئه‌وان به هه‌موو جۆرێك دانوستاندن و ده‌سپێشخه‌رییه‌كانی زورفییان ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه.
به‌ره‌ی سه‌ر به ئێران هه‌وڵی متمانه‌وه‌رگرتنه‌وه له به‌رهه‌م ساڵح ده‌ده‌ن
هه‌ردوولا بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی زیاتر و ڕه‌وایه‌تیدان به بۆچوونه سیاسییه‌كانیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پشتیوانی مه‌رجه‌عیه‌ت و سیستانی به‌ده‌ست بهێنن، بۆیه ڕوویان له نه‌جه‌ف كردووه، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی نزیك له نووسینگه‌ی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق عه‌لی سیستانی گوتی، نه‌جه‌ف و سیستانی به ته‌واوی ده‌رگایان به ڕووی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی هه‌ردوو به‌ره سیاسییه‌كه داخستووه و ئاماده‌نین لاگیری له‌و پرسه بكه‌ن، بۆیه پشتیوانی هیچ لایه‌ك ناكه‌ن و ته‌نیا داوای مه‌رجه‌عیه‌ت ئه‌وه‌یه حكوومه‌تێكی به‌رپرسیار و به‌هێز بۆ ئه‌و دۆخه قورسه‌ی وڵات پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بێته سه‌ر حوكم، له‌باره‌ی ناوی كاندیده‌كان و ڕێككه‌وتن و ڕاستی و دروستی به‌ره‌یه‌ك دژ به‌وه‌ی تر هیچ هه‌ڵوێستێك له نه‌جه‌فه‌وه نییه و ئه‌سته‌مه هه‌ڵوێستێكیشی لێ ببیسترێ، ئه‌مه‌یش هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی قورس كردووه، چونكه گه‌ر نه‌جه‌ف خۆی به‌لایه‌كدا بكات، پێشبینی ده‌كرێ به‌ره‌ی دژ به دۆخه‌كه ڕازی بن و بكه‌ونه دانوستاندن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و دۆخه‌كه تێپه‌ڕێنن، جا چ به مانه‌وه‌ی زورفی بێ، یاخود به ناچاركردنی بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه.
ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی مه‌ترسیدارتر كردووه و پرۆسه‌ی سیاسی ده‌خاته به‌رده‌م كۆسپێكی قووڵتره‌وه، جووڵاندنی دۆسیه و سكاڵا تۆماركردنه له‌لایه‌ن به‌ره‌ی دژ به زورفییه‌وه له دادگای فیدرالی له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵحی سه‌ركۆمار، چونكه ئه‌وان به پێشێلكردنی ده‌ستوور تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش كاتی زۆری پێویسته و دۆخه‌كه به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ئه‌حمه‌د حه‌مدانی پسپۆری سیاسی له عێراق له‌وباره‌وه گوتی، ئه‌و بۆشایی و ناكۆكییه سیاسییه‌ی ئێسته له نێوان لایه‌نه‌كانی شیعه به تایبه‌تی و لایه‌نه‌كانی تر به گشتی هه‌یه، له 2003ه‌وه بوونی نه‌بووه و گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و له ئه‌گه‌ری هه‌ره‌سی سیسته‌می سیاسی نزیكمان ده‌كاته‌وه.