نیشانه‌یه‌كی تری تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆزرایه‌وه‌

:: AM:03:32:23/03/2020 ‌
پزیشكێكی به‌ریتانی بڵاوی كرده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و نیشانانه‌ی پێشتر دووپاتیان لێ ده‌كرایه‌وه‌، بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، توێژینه‌وه‌كان نیشانه‌یه‌كی تریان دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و نیشانانه‌یشیان تێدا ده‌ربكه‌وێ، ئه‌وا تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

د.نیرمال كومار پزیشكی پسپۆر له‌ بواری نه‌خۆشییه‌كانی لووت و گوێ و گه‌روو به‌ كه‌ناڵی "سكای نیوز"ی ڕاگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و سه‌رئێشه‌ و سكچوون و وشكبوونی قوڕگ، نیشانه‌یه‌كی تری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتییه‌ له‌ له‌ له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بۆنكردن و تامكردن.

نه‌مانی هه‌ستی تامكردن و بۆنكردنیش نیشانه‌ی تووشبوونه‌ به‌ كۆرۆنا
ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ڵێ، له‌ ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ی تووشی كۆڤید19 ده‌بن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و نیشانانه‌ی كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌ و ناوه‌نده‌ پزیشكییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خرانه‌ڕوو، له‌ ده‌ستدانی ئه‌و دوو هه‌سته‌یش نیشانه‌یه‌كی تره‌، له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پێشوو و له‌ ده‌ستدانی توانای تامكردن و بۆنكردن ئاماژه‌ی دڵنیاكه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون.

زیاتر گوتی، جاران به‌هۆی لێكچوونی نیشانه‌كانی كۆرۆنا و هه‌ڵامه‌تی وه‌رزی، زۆر خه‌ڵك خۆیان كه‌ره‌نتین نه‌ده‌كرد و تیمه‌ پزیشكییه‌كانیان ئاگادار نه‌ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و نیشانانه‌ هه‌ستی بۆنكردن و تامكردنتان نه‌ما، ئیتر بیانووی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نیا تووشی هه‌ڵامه‌ت بووبن، به‌ڵكوو تووشی كۆڤید 19 بوون و پێویسته‌ خۆتان كه‌ره‌نتین بكه‌ن و تیمه‌ پزیشكییه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د

ئه‌م بابه‌ته 16219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌