دوایین هەوڵی زانایان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا

:: PM:06:55:23/03/2020 ‌

لەوكاتەی زۆرینەی دانیشتوانی زەوی خۆیان لە چوارچێوەی دیواری ماڵەكانیان بە هۆكاری تەندروستییەوە دابڕیوە لە بەرانبەر هێرشی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێك لە كارمەندانی كەرتی تەندروستی و ناوەندەكانی توێژینەوە و زانایان ژیانی خۆیان لە ناوەندەكانی توێژینەوە و تاقیگەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە و رێگرتن لە زیانەكانی و دۆزینەوەی چارەسەری و پێكوتە، تەرخان كردووە.
پێشكەوتنی تەكنیكی هەنگاوەكانی بەرهەمهێنانی پێكوتە خێراتر دەكات
لەوەتەی ڤایرۆسەكە لە ووهانی چینی سەری هەڵداوە و وەك پەتایەكی جیهانی خۆی بە دنیا ناساند، ئەو توێژەر و زانایانە هەوڵێكی بێوچانیان دەست پێ كردووە تا رادەی شەكەتی، چونكە ئەوان بوونەتە هێڵی یەكەمی بەرگری لەبەرانبەر ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە و خۆیان هاوێشتووەتە ژێر گوشارێكی گەورە، بۆیە شایەنی ئەوەن پێیان بگوترێت كە "سەربازانی زەوی"، كە لەگەڵ دەركەوتنی یەكەم حاڵەت لە ووهان لە ناوەڕاستی چین، ئەوان بەرەو تاقیگەكان رایان كرد بۆ دۆزینەوەی نهێنییەكانی ئەو ڤایرۆسە و شیكردنەوەی و دۆزینەوەی چارەسەری بنبڕ بۆی.  

رۆژانە گوێبیستی هەواڵی نوێ دەبین لەبارەی دۆزینەوەی دەرمان و ڤاكسین لە دژی كۆرۆنا، بەكردەنیش ژمارەیەك لە كۆمپانیاكان تاقیكردنەوەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتەكان دەست پێ كردووە، بەڵام بەر لەوەی هیوایان پێ ببەخشین، پێویستە بزانین ئەو پێكوتانە چین، و چۆن كار دەكەن و ماوەی پێشبینیكراو بۆ بەرهەمهێنانیان چەندە؟

پێكوتە ئامادەكراوێكی بایۆلۆجییە كە بەرگرییەكی بەهێز بە لەش دەبەخشێت بەرانبەر هۆكاری نەخۆشییەكان لە رێگەی وەرگرتنی ڤایرۆسی لاوازكراو و لە رێژەیەكی دیاریكراو دەدرێتە مرۆڤ یان نەخۆشەكە و لەشی بەرگری دژی ئەو ڤایرۆسە لاوازكراوە دروست دەكات، بۆیە ئەوكات مرۆڤ دەبێتە خاوەن سیستمێكی بەرگری بەهێز بۆ داهاتوویش، بۆ ئەوەیش مرۆڤ تەندروست دەبێت و كەسی نەخۆش بەسەر ڤایرۆسدا زاڵ دەبێت.

هەرچی دەرمانە ئامادەكراوێكی كیمیاییە لە تاقیگە و كارگە ئامادە دەكرێت و دەدرێتە نەخۆش بۆ كەمكردنەوە و سووكردنی نیشانەكانی، بۆیە پێكوتە بەر لە نەخۆشبوون بۆ چارەسەری دەدرێت و دەرمانیش دوای نەخۆشكەوتن، هەرچی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بەر لە ئامادەكردنی هەر پێكوتەیەك زانایان كار بۆ تێگەیشتنی تەواوی كاركردنی ڤایرۆسەكە دەكەن.

دوای ئەوەی زانایان زانیاری لەبارەی میكانیزمی كارلێككردنیان لەگەڵ خانەكانی لەشی خانەخۆیی و دیاریكردنی چۆنیەتی هێرشكردنە سەری بەدەست دێنن، ئەوان بەدوای دۆزینەوەی رێگەیەكدا دەگەڕێن بۆ لاوازكردنی ڤایرۆسەكە و دوای ئەوە دەیخەنە ناو لەشی ئاژەڵی تاقیگە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر، بەڵام لە حاڵەتی ئەم ڤایرۆسە، قۆناغی تاقیكردنەوە لەسەر ئاژەڵ تێپەڕێندرا و دوای ئەوە دەبێت ڤایرۆسەكە بە چوار قۆناغدا تێپەڕ ببێت بەر لە ئامادەبوونی بۆ بەكارهێنان.

ئێستە 35 كۆمپانیا و پەیمانگە و ئەكادیمیای جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كێبەركێ دەكەن و تەنكنیكی پێشكەوتوویش ئەو كارەیان خێراتر كردووە، جیا لەو توێژینەوانەی چینی پێشكەیشی كردووە و ئەو هەنگاوانەی زانایان ناویانە لەو بوارەدا و كۆرۆنا و سارس سەر بە هەمان خێزانی ڤایرۆسی تاجین و لە رووی پێكهاتەی جینی بە رێژەی 80% لەیەك دەچن و ئەوانە مەموویان وایان كردووە كاتەكە كورتتر بێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ناتوانرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو ئامادە ببێت وەك بەشێك لە بەرپرسان بڵاوی دەكەنەوە.

ئەنتۆنی فۆسی، بەڕێوەبەری سەنتەری پەیمانگەی نیشتمانی بۆ هەستیاری و نەخۆشییە پەتاییەكان دەڵێت، دۆزینەوەی پێكوتەیەكی كاریگەر و چارەسەری بنبڕ بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا گرنگی لەپێشینەی تەندروستی گشتییە و یەكەم قۆناغ بەو ئاراستەیە دەستی پێ كراوە، لەوكاتەی ئینیلیس وایلدەر سمیس، مامۆستای نەخۆشزانی لە لەندەن دەڵێت، پێم وا نییە پێكوتەكە بەر لە 18 مانگی تر ئامادە بێت. 

هەرچی رێكخراوی تەندروستی جیهانییە رای گەیاند كە پیبَشبینی دەكەن پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی ساڵێك ئامادە بێت و ئاماژەی كرد كە مەترسییەكە لەوەدایە دوای لابردنی دابڕین و كەرەنتینەكردن، نەخۆشییەكە دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

ئێستە لە دنیا حكوومەتەكەكان چەند چارەسەریەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بەكاردێنن، لەوانە "ریمیسیفیر"ی دژ بە ڤایرۆس كە لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆڵا بەكار هاتووە، رۆبەرت ریدفیڵد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەهێشتنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن هەفتەی رابردوو گوتی، ئێستە ئەو پێكوتە لە ویلایەتی واشنتن بەكاردەهێنرێت، هەروەها هەندێك وڵاتی تر مادەی تری دە ڤایرۆس بەكاردێنن وەك "كالیترا"، كە كۆمپانیای دەرمانی " AbbVie"، پەرەی پێ داوە، ئەگەرچی زۆر كاریگەری نەبووە، هەروەها چەندان توێژینەوەی تر هەن لەبارەی سوودی دەرمانی "هایدرۆكسی كلۆرۆكین"، كە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەری نەخۆشی مەلاریا بەكار دەهێنرێت و تا ئێستە ئەنجامی باشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایش هەبووە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل