بۆچی ماهیر حەسەن لە ماڵەوە دانانیشێت؟

:: PM:07:16:23/03/2020 ‌
ماهیر حەسەن هونەرمەندی دیاری بواری كۆمیدی، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرقاڵی كاری خێرخوازیيە و پێداویستی دەگەیەنێتە ماڵە هەژارەكان.

هەرچەندە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە و هەمووان لە ماڵەكانیان دەمێننەوە، بەڵام ماهیر حەسەن ڕۆژانە نزیكەی 12 سەعات لە دەرەوەیە و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت تا پێداویستی و خۆراك بگەیەنێتە دەست ئەو ماڵە هەژار و كەمدەرامەتانەی كە بژێوی ژیانیان لەسەر كاری ڕۆژانەیە و ئێستە هیچ داهاتیان نییە.

لەگەڵ ئەحمەد جۆڵای هونەرمەند ماوەیەكە دەستمان كردووە بە كاری خێرخوازی
ماهیر حەسەن، بۆ وشە گوتی، لەگەڵ ئەحمەد جۆڵای هونەرمەند ماوەیەكە دەستمان كردووە بە كاری خێرخوازی و ڕۆژانە ماڵ بە ماڵ ئەو هاوكارییانەی كە لەلایەن كەسانی دەوڵەمەند و خێرخوازەوە بەدەستمان گەیشتووە، دەیگەیەنینە دەست هەژاران و كەمدەرامەتان، كە جێگەی خۆشحاڵیە لە ڕێگەی ئەو كەسە خێرخوازانەوە زیاتر لە هەزار ماڵ هاوكاریان بەدەست دەگەیەنین.

" لیستی ئەو ماڵانەمان لایە و ڕۆژ تا ئێوارە بەردەوام لە دەرەوەین و سەرقاڵی كارین، تاوەكو هاوكارییەكان بە دەست ئەو ماڵانە بگەیەنین" ماهیر حەسەن وای گوت.

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەدا، ڕێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ بەرگرتن لەم ڤایرۆسە زۆر باشە و دەستخۆشیان لێدەكەم، بەڵام هەندێك كەس بێ گوێدانە ڕێنوێنییەكان مامەڵە دەكات.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - سه‌رخێڵ هاشم