ئهمڕۆ لە نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانكاری لە شاری سلێمانی، نەشتەگەرییەكی گەورە و ورد و دەگمەن بۆ نەخۆشێك ئەنجام درا كە ماوەی 10 سهعاتى خایاندووه.
بڕیاردرا لەم كاتە سەختەدا ئەم نەشتەرگەرییە گەورەیەی بۆ ئەنجام بدرێت
ئهمڕۆ دووشهم 23ى ئادار، له ڕاگهیاندراوێكدا ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی كه وێنهیهكى دهست "وشه" كهوتووه ئاشكراى كردووه، نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بوو و بریتی بوو لە گواستنەوەی گۆشت و پێستی بەشێكی لەشی نەخۆشەكە بۆ شوێنی برین لە ڕێی مایكرۆسكۆپی بەستنەوەی دەمارەكان كە زۆر ووردن و بەچاو بینینێت زەحمەتە.
زیاتر هاتووه، "نەخۆشەكە كوڕێكی گەنجی كاسبكار بووه كە بەهۆی كارەباوە تووشی چەند برینێكی سەخت ببوو، بە هاوكاری تیمێكی دڵسۆزی نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانكاری كە پێكهاتبوون لە پسپۆڕانی نەشتەرگەری و بێ هۆشكاری و پزیشكانی پایە بڵند و ستافی بێهۆشكاری و نەشتەرگەری و تاقیگە و كارمەندان بڕیاردرا لەم كاتە سەختەدا ئەم نەشتەرگەرییە گەورەیەی بۆ ئەنجام بدرێت."