هاووڵاتی "نازم حه‌مه‌غه‌ریب حوسێن" له كه‌لار به گوڵه‌به‌ڕۆژه فرۆشتن خه‌ریكه و ئازاری بێ سه‌روشوێنبوونی رۆڵه‌كه‌ی، هه‌موو كاتێك به رووخساریه‌وه دیاره. ئه‌و ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته 56 ساڵ و له‌دایكبووی گوندێكی سنووری شارۆكه‌ی خورماتووه، به‌ڵام پاش رووخانی رژێمی به‌عس، هاتووه‌ته كه‌لار، رفاندنی كوڕه‌كه‌یشی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، تاڵاوی ژیانی پێ چه‌شتووه.
نازم به‌قوڕگی پڕ له گریانه‌وه بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه كوڕێكی هه‌یه به‌ناوی "كاروان" ته‌مه‌نی 26 ساڵه، به‌ڵام ماوه‌ی پێنج ساڵه چاوی به كوڕه‌كه‌ی نه‌كه‌وتووه.
وێنه‌یه‌كیشم پێ پێشان ناده‌ن، بۆیه نازانم ماوه یان مردووه
زیاتر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه پێنج ساڵه كوڕه‌كه‌ی رۆیشتووه‌ته ناو په‌كه‌كه و له‌وكاته‌وه تامه‌زرۆی ئه‌وه‌یه بیبینێ، به‌ڵام لێی بێ ئاگایه و ته‌نانه‌ت وێنه‌یه‌كیشی نه‌بینیوه.
ئه‌و هاوڵاتییه به‌ده‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كڕیاره‌كانییه‌وه، زیاتر گوتی، "خۆم چه‌ند حاڵم خراپه بۆ بینینی كوڕه‌كه‌م، دایكی زۆر زیاتر، به‌رده‌وام ده‌گری و هاواری ده‌گاته ئاسمان."
پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌ك جار له‌گه‌ڵ باوكی قسه‌ی كردووه و گوتوویه‌تی له قه‌ندیلم، له‌و كاته‌وه بێ سه‌روشوێنه
له‌باره‌ی سۆراغكردنی كوڕه‌كه‌ی، نازم روونی كرده‌وه، چه‌ندان جار سه‌ردانی ئه‌و شاخ و داخه‌ی كردووه، زیاتر له پێنج جار سه‌ردانی قه‌ندیلی كردووه و تكای كردووه كوڕه‌كه‌ی ببینێت، به‌ڵام رێ‌یان پێ نه‌داوه و ته‌نیا گوتوویانه كوڕه‌كه‌ت زیندووه. چه‌ندان جاریش تكایان كردووه ته‌نیا وێنه‌یه‌كی ببینن، به‌ڵام گه‌ریلا پێیان ره‌وانه نه‌بینیوه وێنه‌یشی ببینێت.
ئه‌و پیاوه چه‌ندان جار سه‌ردانی كه‌سانی دیار و نزیك له په‌كه‌كه‌ی كردووه له گه‌رمیان، به‌ڵام بێ سوود بووه و به ده‌نگێكی نووساوه‌وه كه ئاوێته‌ی هه‌ناسه‌یه‌كی سارد ده‌بوو، ده‌یگوت "بڕواناكه‌م رۆڵه‌كه‌م مابێ".
ئه‌و كه دووری رۆڵه‌كه‌ی به‌ته‌واوی هێزی لێ بڕیوه، به‌ده‌م سوێندخواردنه‌وه، گوتی، ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كوڕه‌مان زیز نه‌كردبوو تا ماڵ به‌جێ بێڵێ و هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ، نازانم چۆن رۆیشت، ده‌ستی كردبوو به كاری به‌قاڵی و له بازاڕ كاسبی ده‌كرد، دڵم پێی خۆش بوو كه ببێته هاوكارم بۆ په‌یداكردنی بژێوی ماڵ، به‌ڵام نه‌یانهێشت.
له‌باره‌ی ژیانی تایبه‌تی كوڕه‌كه‌ی زیاتر دوا و نه‌یشارده‌وه كه "تا پۆلی نۆیه‌م به‌رده‌وام بوو له خوێندن، ئیتر له‌یه‌ك كاتدا ئێمه و كاسبییه‌كه‌ی و قوتابخانه‌كه‌یشی به‌جێهێشت."
باوكی كاروان باس له چۆنیه‌تی دیارنه‌مانی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت، چه‌ند رۆژێك كاروان دیار نه‌بوو، له‌ناكاو رۆژێك ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و پێی گوتم له قه‌ندیلم، ئه‌مه‌ش پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بووه و له‌وكاته‌وه گوێم له ده‌نگی نه‌بووه‌ته‌وه.
نازم جگه له كاروان، دوو كوڕی تری هه‌یه، یه‌كێكیان له كاروان گه‌وره‌تره و یه‌كێكیشیان له‌و بچووكتره، به‌ڵام خه‌می كاروان بووه‌ته خه‌مێكی بێ كۆتایی و هه‌موو كات په‌ژاره باڵی به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یاندا كێشاوه.
وشه/راپۆرتی سه‌بری هۆرێنی