ژمارەیەك لە پێشمەرگە بۆ ماڵەكانیان دەگەڕێنرێنەوە

:: PM:02:17:24/03/2020 ‌
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارۆكەی دەربەندیخان، ژووری ئۆپراسیۆنەكانی كفری بڕیار دەدات سەرجەم پێشمەرگەكانی ئەو سنوورە بگەڕێنرێنەوە ماڵەكانیان.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی ئادار، لە ڕاگەیەنراوێكی قایمقامی كفری ئاشكرا كراوە، بۆ دڵنیایی هاووڵاتییانی شارۆكەی كفری و دەوروبەری لە چوارچێوەی رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێك دەرچوو.

بەبڕیاری ژووری ئۆپراسیونی كفری ڕەوانەی تەندروستی گەرمیان كراون  
ڕوون كراوەتەوە، ئەو كارمەند و پێشمەرگانەی لە كفری لە ئەركدان، بەهاوكاری و بڕیاری هەمەلایەنەی میحوەری قەرەتەپە حەمرین و ئیدارەی شار، گەڕانەوە دەربەندیخان.

باس لەوەش كراوە، جگە لە پێشمەرگەكان، ئەو هاووڵاتی و رۆژنامەنووسانەی سەردانی دەربەندیخانیان كردووە، بەبڕیاری ژووری ئۆپراسیونی كفری ڕەوانەی تەندروستی گەرمیان كراون بەمەبەستی پشكنین.

ئەوەیش ڕوون كراوەتەوە، بۆیە ئێمە لە ژووری ئۆپراسیۆنی كفرییەوە دڵنیایی تەواو دەدەینە هاووڵاتییان كە هیچ كەسێك لە یاسا گەورەتر نابێ، دەست لەناو دەست و بەهاوكاری هەموو لایەك تا بتوانین رووبەڕووی ئەم بەڵایە ببینەوە.

بەهۆی تووشبوونی چەند هاووڵاتییەك لە دەربەندیخان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری كەرەنتینەی بۆ ئەو شارۆكەیە دەركرد.

كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 91 تووشبووە،  لە ناویاندا دوو مردن هەیە و 22 نەخۆش بەتەواوی چاك بوونەتەوە و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكیدان.



وشە - رامیار جەواد