بەیان زەریفی و شاناز محەمەد لە ماڵەوە سەرقاڵی چین؟

:: PM:09:45:24/03/2020 ‌

هونەرمەندانی دیاری سلێمانی، بەیان زەریفی و شاناز محەمەد لە پابەندیان بۆ بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ماڵەوە دەمێننەوە و کاتەکانیان بە بە کاری جۆراوجۆر بەسەر دەبەن.

بەیان زەریفی خوێندکاری قۆناغی چوارەمە لە کۆلێژی هونەر بەشی فیلم سازیی و ماوەی ساڵانێکە کاری هونەریی دەکات و بەشداریی چەندان فیلمی کۆمیدیی کردووە.

بەیان زەریفی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ "وشە" باس لە چۆنییەتی بەسەربردنی کاتەکانی دەکات لە ماڵەوە و دەڵێ، ئێستە کە لە ماڵەوەم دەرفەتی زۆر شتم هەیە بیکەم، ڕەنگە بەهۆیی کاری دەرەوە نەمانتوانیبێ بیانکەم، بەڵام ئێستە دەتوانم بیانکەم، وەک ماڵ پاککردنەوە و کتێب خوێندنەوە کە زیاتر حەزم لە ڕۆمانە و کتێبەکانی کاتی کۆلیژیشم دووبارە خوێندووەتەوە تا لە بوارەکەی خۆمدا زانیاریم زیاتر بێت.

ئەم دوو خانمە هونەرمەندە داواکارن کە هاووڵاتییانیش پابەندی ڕێنماییەکان بن و لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە

زیاتر گوتی، بەشێکی کاتەکانم داناوە بۆ شت دروستکردن، وەک کڵاو و کۆڵوانە و ملوانکە و شتە کۆنەکانم دووبارە دیزاین کردووەتەوە و شتی جیاوازم دروست کردووەتەوە، هەروەها لە ماڵەکەمیشدا گۆڕانکاریم کردووە و شێوازی دانانی کەلووپەلەکانم گۆڕیوە و بە جوانتر ماڵەکەم دەرەکەوێت ئێستە.

هەر لەبارەیەوە شاناز محەمەد خانمە ئەکتەر و شانۆکار بۆ "وشە" گوتی، ئەم پشوە زیاتر کتێبی شانۆیی دەخوێنمەوە و هەر کتێبێک پێوەندی بە دەقی شانۆیی و توێژینەوە و شیکارییەکان لەسەر شانۆ ئەوا من دەیخوێنمەوە و سوودم بینیوە لە ئینتەرنێت بۆ بینینی گرتە ڤیدیۆی شانۆی لەبەر ئەوەی کە مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانم سوودی باشم لەو ڤیدیۆیانە بینیوە کە ڕاهێنانی شانۆییە بۆ ئەوەی کە خوێندکارانم فێری شتی تازەگەری ببن.

ئاماژەی بەوەیش کرد، حەزم لە فیلمە کۆمەڵایەتییەکانە و لەگەڵ منداڵەکانمدا سەیری دەکەم و گوێ لە گۆرانی و میوزیکی جۆراوجۆر دەگرم.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان