له‌وه‌ته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا دنیای ته‌نیوه، جیاله‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر تووشی بوون و ژماره‌یه‌كی تریش به‌هۆیه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه.
له‌ناویاندا ئه‌ستێره و هونه‌رمه‌ندانی دنیایش بێبه‌ش نه‌بوون له تووشبوون و مردن. له‌وباره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی "
ئه‌لئه‌هرام"ی میسری له پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی، ئاماژه به‌و هونه‌رمه‌ندانه كردووه كه تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون.
دوێنێ ژه‌نیاری ئامێری ساكسیفۆن مانۆ دیبانجۆ له فڕه‌نسا به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه گیانی له ده‌ست دا
له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی جیهانیدا دوێنێ سێشه‌م ژه‌نیاری ئامێری ساكسیفۆن مانۆ دیبانجۆ له فڕه‌نسا به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه گیانی له ده‌ست دا كه ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه 86 ساڵ.
به‌رله‌ویش ئۆرلۆس مابیلیی گۆرانیبێژی كۆنگۆلی كه ئه‌ستێره‌یه‌كی ناوداری بواری موزیكی رۆمبا بوو، رۆژی پێنجشه‌می رابردوو به‌هه‌مانشێوه به‌هۆی كۆرۆناوه گیانی له ده‌ست دا.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه شه‌مووی رابردوو لینی كیم گۆرانیبێژی كه‌نه‌دایی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو. هاوكات گۆرانیبێژی بواری ئۆپرای ئیسپانیایی بلاسیدۆ دۆمینجۆ رای گه‌یاند كه تووشی كۆرۆنا بووه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا یه‌كشه‌می رابردوو بڵاویان كرده‌وه، به‌رهه‌مهێنه‌ری سینه‌مایی هارفی واینستین كه له رابردوودا به‌هۆی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ژنان حوكمی به‌ندكردنی به‌سه‌ردا سه‌پابوو و ئێسته له گرتووخانه‌یه، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه.
پێشتریش له 12ی ئادار تۆم هانكسی ئه‌كته‌ر و ریتا وێڵسۆنی هاوسه‌ری كه ئه‌كته‌ر و هاوكات گۆرانیبێژیشه، له ئوسترالیا تووشی كۆرۆنا بوون و له‌وێ چاره‌سه‌ر كراون. هاوكات له 16ی ئادار ئه‌كته‌ری به‌ریتانیایی ئیدریس ئیلبا رای گه‌یاند كه تووشی كۆرۆنا بووه.
دواتریش نووسه‌ری چیلی لویس سیبۆلفێلدا كه ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته 70 ساڵ و له باكوری ئیسپانیا ژیان ده‌كات، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه.
له‌وه‌ته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیای گرتووه‌ته‌وه، تا ئێسته نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌س تووشی بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زاریش به‌هۆیه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه.