دوایین ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان

:: PM:06:07:25/03/2020 ‌

لەوەتەی دەركەوتنی لە ووهانی چین لە كانوونی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بە خێرایی لە وڵاتانی دنیا بڵاو دەبێتەوە و دوا ئاماری تووشبوون لە 181 دەوڵەتی دنیا گەیشتووەتە 440321 تووشبوون و 19752 مردن و 112015 چاكبوونەوە، ئەو ئامارەیش ورد نییە، چونكە لە زۆر وڵات تەنیا ئەوانە دەپشكنن كە سەردانەی نەخۆشخانەكان دەكەن یان نیشانەی نەخۆشییەكەیان بەسەر دیار دەكەوێت.
تا دێت مەترسییەكان زیاتر دەبن
لیژنەی نیشتمانیی تەندروستی چین رای گەیاند كە تۆماركردنی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە كەم بووەتەوە و ئەوانەی رۆژانە تۆمار دەكرێن بۆ كەسانی گەڕاوەن لە دەرەوەی چین و دوا ژمارەی تووشبوون 47 حاڵەت بووە كە ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 81218 حاڵەت و 3281 حاڵەتی مردن.

ئیتاڵیا كە بەدەست دۆخێكی زۆر ناهەموواری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا دەناڵێنێت، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون گەیشتووەتە 69176 و 6820 حاڵەتی مردنیش هەیە، هەرچی ئیسپانیایە ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 47610 حاڵەت و مردووانیش 3434 حاڵەتن، ئێران خاوەن 2077 حاڵەتی مردن و 27017 حاڵەتی تووشبوونە.

فڕەنسا خاوەن 22302 حاڵەتی تووشبوون و 1100 مردنی هەیە، ئەمەریكایش 55225 حاڵەتی تووشبوون و 600 مردنی هەیە، بە گشتی لە ئەوروپا 226340 حاڵەتی تووشبوون و 12719 مردن و ئاسیا 99805 تووشبوون و 3593 مردن و ئەمەریكا و كەنەدا 51304 حاڵەتی تووشبوون و 624 مردن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 32118 حاڵەتی تووشبوون و 2119 مردنیان هەیە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌