عێراق.. پێشبینی ئۆپراسیۆنێكی گەورەی سەربازی ئەمەریكا دەكرێت

:: PM:09:20:25/03/2020 ‌

لە چوارچێوەی ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق، حزبوڵای عێراقی كە بەر لە ماوەیەك هێرشێكی مووشەكی كردە سەر سەربازگەی تاجی، چاوەڕوانی گورزێكی ئەمەریكی دەكات و دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا بە یارمەتی چەند دەزگەیەكی تەناهی عێراق پلانی هێرشكردنە سەر ئەوانی هەیە.
ئەمەریكا گورزێكی تر لە حزبوڵا دەوەشێنێت
كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی كە دوای مووشەكبارانكردنی چەندجارەی سەربازگەی تاجی لە باكوری بەغدا، ئەمەریكا بە ئەنجامدانی هێرشەكان تۆمەتبار كرد و داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە وەڵامی بداتەوە، ئەگەرنا خۆیان وەڵامیان دەبێت، ئێستە لە سایەی بێدەنگی حكوومەتی عێراق چاوەڕوانی گورزێكی گەورەی سەربازی ئەمەریكی بۆ ئەو گرووپە دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم ئەو گرووپە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە جموجۆڵی گوماناوی هێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق و داردەستەكانی بە سوودوەرگرتن لەو دۆخەی هەیە و بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی بەدی كردووە، بۆیە ئەو دەیەوێ پلانێك جێبەجێ بكات پێشتر هەوڵی بۆ داوە.   

زیاتر دەڵێت، لە رۆژانی دواییدا هەڵمەتی راگەیاندن و دەروونی ئەمەریكی زیادی كردووە كە رێخۆشكەرن بۆ جێبەجێكردنی پلانێك بریتییە لە دابەزاندنی ئاسمانی و هێرشی زەوینی بۆ سەر چەند بارەگایەكی تەناهی سەر بە حەشدی شەعبی و بە بەشداری دوو دەزگای سەربازی و تەناهی عێراقی.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەو پلانە ئەگەر جێبەجێ بكرێت، دۆخی عێراق و ئاشتەوایی تیادا دەشێوێنێت و ئێمەیش بە رژدی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین بەهۆی مەترسیداری لێكەوتەكانی، ئەگەری هەیە دۆخەكە لەدەست دەربچێت، بۆیە بەهەموو توانامان وەڵام دەدەینەوە و دامەزراوە سەربازی و تەناهی و ئابوورییەكانی ئەمەریكا دەكەینە ئامانج، خۆیان و ئەوانەیشی یارمەتیان دەدەن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل