رێكخراوی تەندروستی جیهانی: هەلی زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا لەدەست نەچووە

:: PM:10:46:25/03/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی خێرا دنیا دادەگرێت و ژمارەی حاڵەتەكانی مردن 20 هەزاری تێپەڕاند، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی دەكاتەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر مەترسیدارە و دنیا هەلی یەكەمی بۆ لەناوبردنی لە دەست دا، بەڵام هەلی تر ماوە و لە دەست نەچووە.

ئەدهتنۆم گیبریسۆس، ئەمڕۆ چوارشەم لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی رێكخراوەكە گوتی، خۆراگریی حكوومەتی ئیتاڵیا بۆ نەهێشتنی ئەو پەتایە گەیشتووەتە رادەیەكی باوەڕ پێ نەكراو، بۆیە رێكخراوی تەندروستی جیهانی چەندان ئاماژەی ئەرێنی لەسەر زەوی لە ئیتاڵیا دەبینێت بۆ نەهێشتنی پەتاكە بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی وەرگیراون.
دەبوایە بەر لە دوو مانگ رێوشوێنی توند وەربگیرابووایە
زیاتر گوتی، كاتی گونجاو بۆ جموجۆڵكردنمان پێش دوو مانگ بوو و وەك یەكەم هەل و لە دەستمان دا، بەڵام ئێستە دووەم هەلمان لەپێشە كە پێویستە لەدەستی نەدەین بۆ نەهێشتن و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە زۆر مەترسیدارە و هەزاران كەسی كوشتووە، بۆیە پێویستە رێوشوێنی توند وەربگیرێت و تووشبووان بدۆزرێنەوە و جیا بكرێنەوە و پشكنینیان بۆ بكرێت و چارەسەر بكرێن. 

بەپێی دوایین ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون گەیشتووەتە 460658 و 20843 حاڵەتی مردن و 113799 چاكبوونەوەیش هەیە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل