حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌ روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر مووچه ده‌دات

:: PM:01:34:26/03/2020 ‌
 
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ پرسی دابه‌شكردنی مووجه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات  و ده‌ڵێ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان چاوه‌ڕوانی به‌غدایه‌ مووچه‌كه‌ بنێرێت.

دكتور جووتیار عادل گوته‌بێژی حكووومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری و ناوخۆ مووچەیان وەرگرتوە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو به‌ڵام بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەکەی بەغدان.

 ئه‌و ده‌ڵێت "هەرکاتێک پاره‌كه‌ له‌ به‌غدا گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەن بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت."
 
مووچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار
سەرجەمی مووچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار، لەو بڕە 453 ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 51%کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام وه‌ك له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ كراوه‌ بەهۆی ئەو دۆخە و ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتووە،

گوته‌بێژی حكوومه‌ت  روونی ده‌كاته‌وه‌  بۆ ئەو مەبەستە  وەزیری دارایی وئابوری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی  حکوومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە چاوەڕێن لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەیان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان.


هاوكات باسی له‌وه‌ش كردووه‌ حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان.  سوپاسی هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێمیش دەکات کە تاکو ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵیان.

له‌ به‌شێكی روونكردنه‌وه‌ك هاتووه‌  "ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تاکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقیعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حکومەت یان لایەنێکی سیاسی نیە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین."

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری کرد و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو دۆخە نەخوازراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیاندا هەموو تواناکانی لە پێناو رووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە خستووەتەگەڕ و هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە پاراستنی گیانیان ودابینکردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەرکەکانیدایە. 



وشە - سلێمان تاشان