تەندروستی جیهانی: ناوەڕاستی مانگی داهاتوو زیانی كۆرۆنا لە عێراق دەردەكەوێت

:: PM:09:06:26/03/2020 ‌

تا ئێستەیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بەردەوامە و ژمارەی قوربانیان لەزیادبوونە، ئەندامێكی رێخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە دەكات كە دۆخی عێراق لەناو بازنەی مەترسیدایە و ناوەڕاستی نیسانی داهاتوو قەبارەی راستەقینەی زیانی گیانی لە عێراق دەردەكەوێت.
تا ئەو ساتە تێپەڕاندنی قۆناغی مەترسی دیار نابێت
عەدنان نەوار، ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو قەبارەی مەترسی و زیانی گیانی ڤایرۆسەكە لەسەر عێراق دیاری دەكات، بۆیە تا ئەوكاتە ناتوانرێت ئاستی مەترسیداری دۆخەكە دیاری بكرێت، رێكخراوی تەندروستی جیهانی عێراقی لەناو خانەی مەترسی پۆلێن كردووە و پێویستە هەمووان چاوەڕوانی ئەو ساتە بكەن بۆ زانینی دۆخی راستەقینەی. 

ئەو ئەندامەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە حكوومەت و هاووڵاتییانی عێراق كرد دەستیان سووك نەكەن و لە رۆژانی داهاتوودا بە رژدی كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە و رێگرتن لە گواستنەوەی بۆ كەسانیتر بكەن و بە كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون، دەتوانین بڵێن كە قۆناغی مەترسیمان تێپەڕ كردووە، بەڵام مەترسییەكە هەر دەمێنێت.

ئەمڕۆ عەبدولغەنی سەعدوون، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەری رەسافەی بەغدا رای گەیاند كە 10 رۆژی داهاتوو قۆناغێكی یەكلاكەرەوەیە و دۆخی عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە یان كەمبوونەوەی دیاری دەكات كە ئەوەیش پشت بە رێزگرتنی هاووڵاتییان لە دابڕینی تەندروستی دەبەستێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل