وەرتێ .. په‌كه‌كه‌ كێشه‌ بۆ هێزه‌ ته‌ناهییه‌كان دروست ده‌كات

:: PM:09:33:26/03/2020 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێڵ و پیادەی دەركردووە و چەندان مەفرەزەی هاوبەشی هێزە ته‌ناهییه‌كان لە ڕێی‌ سەرەكی و لاوەكییەكانی كوردستان بڵاوە پێكردووە تەنها رێ بە هاتوچۆی ئەو كەسانە دەدرێت كە ئێشكرگی تەندرووستین یا  بۆ بەرژەوەندی گشتی كاری ڕۆژانەیان هەیە.

هەبوونی هێزی پێشمەرگە یا هەر هێزێكی تری حكوومەت دەبێتە هۆی دروست بوونی ئارامی بۆ كوێستان
هەر بەهۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێگرتن لە هاتوچۆی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ماوەی چەند ڕۆژێكە، مەفرەزەیەكی هێزە ته‌ناهییه‌كان لە زینی وەرتێ سەر بە شارۆكەی ڕه‌واندز جێگیر كراوە تا هاووڵاتییان نەتوانن لەو رێیەدا بە ئاسانی هاتوچۆی نێوان ڕه‌واندز و ئیدارەی ڕاپەڕین بكەن، ئەمەیش پەكەكەی نیگەران كردووە.

بەپێی زانیاریەكانی دەست "وشە" كەوتوون، چەكدارانی پەكەكە ماوەی چەندان ساڵە، ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی هەر چوار شارۆكه‌ی‌ سۆران، ڕه‌واندز، مێرگەسۆر و چۆمانی داگیر كردووە و ئێستەیش كێشە بۆ نوقتەیەكی هێزە ته‌ناهییه‌كان دروست دەكەن كە بۆ بەرژەوەندی سەلامەتی و تەندروستی گشتی لە زینی وەرتێ جێگیر كراون. 

هاووڵاتییەكی دانیشتووی وەرتێ  بۆ "وشە" گوتی، "دوای جێگر بوونی بازگەیەكی سەربازی سەر بە هێزی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ، چەكدارانی پەكەكە لە سنوورەكە بەوە نیگەران بوونە و تەنانەت هۆشداریشییان بەو بازگەیە داوە كە نابێت لەوێ بمێننەوە و داوا دەكەن هەرچی زووە زینی وەرتێ جێ بهێڵن".

زیاتر گوتی‌، "هەبوونی هێزی پێشمەرگە یا هەر هێزێكی تری حكوومەت وەك، پۆلیس و ئاسایش لە سنووری وەرتێ، دەبێتە هۆی دروست بوونی ئارامی بۆ كوێستان و گوندە سنووریەكان، چونكە بەهۆی پەكەكە ناوچەكە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیووە".

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی ئادار، كوێستان ئەحمەد قایمقامی شارۆكەی ڕه‌واندز بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "بڕیارەكانی  حكوومەت جێبەجێ دەكەین، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوچۆ كردن بۆ هاووڵاتییان ڕێ پێدراو نییە و لەو بار و دۆخەی ئێستە دەبێت هاووڵاتییان لەوە تێبگەن ئەم قەدەغەی هاتوچۆ لە بەرژەوەندی ئەواندایە، دانانی بازگە و مەفرەزەی هێزی ته‌ناهیش تەنها بۆ ئەو مەبەستەیە".

ڕوونی‌ كرده‌وه‌، "ماوەی چەند ساڵێكە پەكەكە لە سنووری وەرتێ بوونییان هەیە و چەندین جاریش كێشە و گرفتییان بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە و دەستگیریان كردوون، هەروەها بەهۆی هەبوونی پەكەكە بەردەوام لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا ناوچەكە بۆردومان دەكرێت بەو هۆیەوە لە ڕابردوو زیانی زۆری گیانی و مادی بەر خەلكی دەڤەرەكە كەوتووە".

كوێستان ئاماژەی بەوەیشدان "ئەو بازگەی لە زینی وەرتێ دانراوە، بۆ ئەوەیە ڕێ لە هاتوچۆی پیادە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێڵ بگیرێت تا لەم قۆناغە هەستیارەدا نەبنە مەترسی لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە پەكەكە و هەموو لایەك دەبێت لەوە تێبگەن".

زینی وەرتێ دوایین سنووری کارگێڕی ڕه‌واندز و دەکەوێتە نێوان ڕه‌واندز و ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕووی کارگێڕیەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە.

ڕه‌واندز - موڕشید برادۆستی


وشە - محەمەد میران