نرخی دۆلار بەرز بووەوە

:: PM:01:43:30/03/2020 ‌
دوای 20 رۆژ لە داخستنی بازاڕی دۆلارفرۆشان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بە چەند مەرجێك بازاڕی دۆلارفرۆشان كرایەوە و نرخی دۆلار بەرزە.

ئەمڕۆ دووشەم 30ـی ئادار، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەیەكی دراو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نووسینگەكانی دراو گۆڕینەوە جەنجاڵییەكەی زۆری لێ بووە و بەزۆر توانیومانە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان جێبەجێ‌ بكەین.

ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی، ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمەریكی لە سەعات 12:45، بە 122 هەزار و 250 دیناری فرۆشراوە.

ئەو نرخە لەگەڵ 20 رۆژ پێش ئێستە 450 دینار گرانترە
ڕوونی كردەوە، ئەو نرخە لەگەڵ 20 رۆژ پێش ئێستە 450 دینار گرانترە، ئەوەیش بەهۆی داخستنی بازاڕ لەو كاتەوە و چەند هۆكارێكی تر كە بوونی زۆری خواستە لەسەر دۆلار.

لەبارەی نرخی دراوەكانی تر ئاشكرای كرد، 100 یۆرۆ بە 110 دۆلار و هەشت سەنت بووە، 100 پاوەند بە 124 دۆلار بووە و 650 لیرەی توركی بە 100 دۆلار بوو. 

بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ ماوەی 20 ڕۆژە بازاڕی دراو گۆڕینەوە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نەكراوەتەوە، ئەمڕۆ یەكەمین ڕۆژی كردنەوەی بوو.



وشە - رامیار جەواد