جەنگی بازاڕی نەوت گەرم دەبێت و سعوودیە ئاستی هەناردن بەرز دەكاتەوە

:: PM:05:36:30/03/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگژەی بڵاوبوونەوەی پەتای گۆڤید19 و سەرهەڵدانی جەنگێكی دەستەویەخەی مرۆڤایەتی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تا ئێستە زیاتر لە 740 هەزار تووشبوو و 35 هەزار مردنی تۆمار كردووە، جەنگێكی تری بازاڕی نەوت لە نێوان سعوودیە و رووسیا هەیە، لەو ناوەدا ئەمڕۆ ریاز رای گەیاند كە بەنیازە لە مانگی ئایاری داهاتوو 600 هەزار بەرمیلیتری نەوتی رۆژانە بخاتە بازاڕەوە، بەوەیش قەبارەی هەناردنی رۆژانەی دەگاتە 10 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل.
سعوودیە بازاڕی نەوت لە نەوت نقووم دەكات
قەبارەی هەناردنی ئاسایی سعوودیە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانەیە، بەڵام بەرزكردنەوەی قەبارەی هەناردن بە بڕی 3.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بۆ بازاڕێكی پڕ لە نەوت و كەمتر كڕیار لە سایەی پاشەكشەی خواست و كڕین بەهۆی وەستانی كارگە و پیشەسازییەكان و ئامرازەكانی گواستنەوە و هیتریش لە سەرانسەری جیهان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە.

بە پێی ئاژانسی هەواڵی حكوومەتی سعوودیە "واس"، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی وزەی سعوودیە رای گەیاندووە كە بەكارهێنانی نەوت لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بەهۆی كەمبوونەوەی پێویستی و رێوشوێنەكانی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەرگیراون، كەمی كردووە، بەوەیش توانای هەناردن زیادی كردووە، هۆكارێكی تر بەكارهێنانی گازە لە بری نەوت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.  

لەوەتەی تەنگژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرۆكی دنیای گرتووە، بازاڕی نەوت لە دابەزینی بەردەوامە بەهۆی زۆری خستنەڕوو و كەمی خواستی كڕین، هۆكارێكی تر ئەو جەنگەیە كە لە نێوان سعوودیە و رووسیا هەیە لەدوای شكستهێنانی رێككەوتن لەسەر درێژكردنەوەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان لە مانگی رابردوودا، لەوكاتەی ئەمەریكا داوای لە سعوودیە كردووە كە كار بۆ سەقامگیربوونی بازاڕی نەوتی دنیا بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل