چوار قۆناغی ژیانی مرۆڤ لە سایەی كۆرۆنادا

:: PM:08:36:31/03/2020 ‌

تا ئێستە وادەی دیاریكراو بۆ نەهێشتنی داخستن و لێكدووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و لەماڵهێشتنەوە  بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دیار نییە، بەڵام دوو شارەزا نەخشەیەكی كاتی بۆ داهاتووی نزیكی ژیانی مرۆڤایەتی لە سایەی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە دەكێشن، وەك ماڵپەڕی "لایف ساینس"، بڵاوی كردەوە.
كەی دەبێت داخستن و دابڕینی كۆمەڵایەتی كۆتایی بێت؟
حزقیال ئیمانوێل، شارەزای سیاسەتی تەندروستی و جێگری سەرۆك زانكۆی پنسلڤانیا دەڵێت، پێشبینی دەكەین ئەو رێوشوێنە توندەی هەیە لە كۆتایی تەمووزی داهاتوو كۆتایی بێت، بەو مەرجەی ئەمەریكا پابەندی توندی دابڕینی كۆمەڵایەتی بێت لە هەشت تا 10 حەفتەی داهاتوودا.

سكۆت گۆتلیب، شارەزا و كۆمسیاری پێشووی بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی بەمدواییە نەخشەرێگەیەكی بۆ كرانەوە و سووككردنی رێوشوێنەكان دانابوو، بەڵام كاتەكەی بە وردی دیاری نەكردبوو، ئەو چوار قۆناغی بۆ ژیانی مرۆڤەكان لە سایەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دیاری كرد، یەكەمیان كە ئێستە ئەمەریكا تیایدا دەژیت و ڤایرۆسەكە خەریكی بڵاوبوونەوەیە، پێویستە لەو قۆناغە پابەندیی لێكدووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی توانای پزیشكی بین.

زیاتر گوتی، بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە، پێویستە هەموو تووشبووان چارەسەر بكرێن و هەموو ئەوانەیش گومانیان لێ دەكرێت، پشكنینیان بۆ بكرێت و ئەگەر بەلایەنی كەم بۆ ماوەی 14 رۆژ تێكڕای تووشبوون بەرەو كەمبوونەوە بوو، ئەوكات بە فەرمی چووینەتە ناو قۆناغی دووەم.  

روونی كردەوە، پێویستە وریا بین نەگەڕێینەوە قۆناغی یەكەم و ئەوكاتە دەچینە قۆناغی سێیەم كاتێك پێكوتە و چارەسەری تایبەت بە كۆرۆنا دۆزرابێتەوە و لەو قۆناغەدا دەتوانین دەستبەرداری سیاسەتەكانی لێكدووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی ببین، هەرچی چوارەم قۆناغە بریتییە لەوەی دەوڵەت فێری چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بێت و بۆ داهاتوو خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئامادە بكات.      




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل