كۆرۆنا 80%ی قوتابیانی دنیای لە خوێندن بێبەش كردووە

:: PM:09:00:06/04/2020 ‌

بانكی نێودەوڵەتی رای گەیاند كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا، 80%ی قوتابیانی دنیا لە خوێندن بێبەش بوونە، لەوكاتەی ژمارەی تووشبووان لە جیهان لە ملیۆنێك و 320 هەزار حاڵەت زیاترە و مردنیش گەیشتووەتە سەرووی 73500 حاڵەت.
تەواوی كایەكانی ژیانی پەك خستووە
وەك بانكی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ دووشەم لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ئەو رێوشوێنە خۆپارێزیانەی لەلایەن حكوومەتەكانی دنیا و داخستن و دابڕینی خەڵك و هێشتنەوەیان لە ماڵەكانیان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەرگیراوە، كاری كردووەتە سەر پرۆسەی فێركردن و 80%ی قوتابیانی جیهان ناتوانن بخوێنن. 

بانكی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەو سیمینارە كرد كە بەیانی لەو بارەوە دێتە سازكردن و جیمی سافیدرا، بەڕێوەبەری نێودەوڵەتی فێركردن لە بانكەكە ئامادەی دەبێت.

شایەنی باسە لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا بڵاوبووەوە، كە یەكەم حاڵەتەكانی لە ووهامی چین لە كانوونی یەكەمی رابردوو تۆمار كرا و دواتر لە ماوەیەكی كورت گەیشتە زۆرینەی ناوچەكانی دنیا، لەوانەیش هەرێمی كوردستان، لە مانگەكانی شوبات و ئازاری رابردوو پرۆسەی خوێندن و دەوامی فەرمانگە حكوومەتییەكان لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا پەكی كەوت و بۆ خۆپاراستن هاتە وەستاندن.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل