له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی هه‌موو ئه‌و ده‌رماڵانه دێنه بڕین كه به ناحه‌ق به هه‌ندێك توێژ دراون و دواجار دادپه‌روه‌رییان تێدا ره‌چاو ده‌كرێ، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك نیگه‌رانی له‌وه هه‌یه به‌شێك له‌وانه‌ی به یاسا ده‌رماڵه‌یان بۆ براوه‌ته‌وه سته‌میان لێ بكرێت، به‌ڵام له یاساكه‌دا ره‌چاوی ئه‌وه كراوه ده‌رماڵه له‌وانه ببڕێت كه به ناحه‌ق وه‌ریان گرتووه و هه‌ندێك حاڵه‌تیش له قازانجی گشتیدا رێك ده‌خسترێن و یه‌ك ده‌رماڵه‌یان بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی پێڕه‌وی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی خانه‌نشینی له كوردستان له ڕۆژنامه‌ی فه‌رمیی كوردستان (وه‌قایعی كوردستان) مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان واژووی له‌سه‌ر پێڕه‌وه‌كه كردووه كه 11 لاپه‌ڕه‌یه و ورده‌كاریی جێبه‌جێكردنی چاكسازی له كوردستان تێدا خراوه‌ته ڕوو.
یه‌كێك له‌و به‌شانه‌ی له‌م پێڕه‌وه‌دا ئاماژه‌ی پێ كراوه، بریتییه له به‌شی ده‌رماڵه كه هه‌مان منحه‌یه و له مووچه جیاوازه و له بری كاركردن یان وه‌زیفه‌یه‌كی تایبه‌تیی نادرێت، به‌ڵكو له‌بری كه‌مئه‌ندامی، زیندانیی سیاسییه و یان به‌و كه‌سانه ده‌درێ كه بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان. له یاساكه‌دا هاتووه، رێكخستنه‌وه‌ی ماف و ئیمتیازاته‌كانی میراتگرانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ و ده‌رماڵه‌كان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێك ده‌خرێته‌وه، گشت ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه كه نایاسایی دراون و پله دراوه به فه‌رمانبه‌ران.
هاوكات له ماده‌ی 17 باس له‌وه كراوه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گشت ده‌رماڵه‌كان له‌به‌ر رۆشنایی یاسابه‌ركاره‌كان به‌شێوه‌ی دادپه‌روه‌رانه رێك ده‌خاته‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی باڵا پێشنیاره‌كانی خۆی به‌گوێره‌ی ماده‌ی پێنج له یاسای چاكسازی پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كات.
به‌گوێره‌ی ماده‌ی پێنجی یاساكه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێك ده‌هێنرێت به سه‌رۆكایه‌تی نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌ندامێتی نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به مه‌رجێك پله‌یان له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كه‌متر نه‌بێت. ئه‌وانه ئه‌ركی وردبینی و پێداچوونه‌وه و پاككردنه‌وه‌ی لیسته‌كانی زیندانی و گیراوی سیاسی به‌پێی شایسته‌ی یاسایی دیاریكراو ده‌گرنه ئه‌ستۆ.
وه‌ك له بڕگه‌ی دووه‌می یاساكه‌دا ئاماژه‌ی پێ كراوه، تۆماری زیندانی و گیراوی سیاسی نوێ له لایه‌ن لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه دێته هه‌ڵپه‌ساردن تا ئه‌ركی وردبینی و پێداچوونه‌وه و پاككردنه‌وه‌ی لیسته‌كان ته‌واو ده‌بێت.
هاوكات ئه‌نجووه‌نی وه‌زیران كار ده‌كات له‌سه‌ر به ئه‌لیكترۆنیكردنی تۆماری لیسته‌كانی زیندانی و گیراوی سیاسی له رێی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری و بۆ ئه‌مه‌ش سوود له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانیانی سیاسی وه‌رده‌گرێت.
سیستمی بایۆمه‌تری كه پێشتر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی جێه‌جێ كردووه یارمه‌تی ئه‌وه ده‌دات حكوومه‌ت به‌رچاوڕوونی هه‌بێت له‌وه‌ی ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی فه‌رمانبه‌ره كۆی مووچه‌كه‌ی چه‌نده و به چ مكانیزمێك و له ژێر چ ناوێك وه‌ری ده‌گرێت له سیستمه‌كه، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه فره‌مووچه‌ی وه‌رگرتبێت یان بندیوار بێت، ئاشكرا ده‌بێت و به‌گوێره‌ی رێنوێنیی و یاساكان رێوشوێن به‌رانبه‌ری ده‌گیرێته‌به‌ر.
هه‌ڵبه‌ت پێویسته ئاماژه به‌و خاڵه‌ش بكرێ به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌پێی یاساكه ده‌رماڵه‌یان ده‌بڕێت و چیتر بۆیان درێژ ناكرێته‌وه، ره‌خنه له‌وه ده‌گرن یاسا ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ی پێ داون و ناكرێ لێی بێبه‌ش بكرێن. زیندانیان سیاسی ئه‌و توێژه‌ن كه به پێی یاساكان ده‌رماڵه‌یان ده‌بڕێت چونكه له هه‌مواری یاساكه‌یان له ساڵی 2011 دا 10 ساڵ بۆ پێدانی ده‌رماڵه‌یان ده‌ستنیشان كرابوو.
ده‌وڵه‌ت ده‌بێ چاودێری زیندانیانی سیاسی و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ تاهه‌تایه بكات.
نه‌جمه‌دین حه‌مه‌سه‌عید كه خۆی زیندانی سیاسییه و پارێزه‌ری راوێژكاره بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، پرسی ده‌رماڵه‌ی زیندانیانی سیاسی به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق نه‌ده‌بوو بێته بڕین، چونكه له بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی 32 باس له‌وه كراوه ده‌وڵه‌ت ده‌بێ چاودێری زیندانیانی سیاسی و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ تاهه‌تایه بكات.
ئه‌و روونی كرده‌وه حكوومه‌تی عێراق سه‌ره‌تا دابینكردنی ده‌رماله‌كه‌ی بۆ 10 سال ده‌ستنیشان كردبوو، به‌ڵام له نۆیه‌م ساڵ كاتێك زانی جۆرێك بۆشایی یاسایی و سه‌رپێچی یاسایی دێته كایه‌وه، ماوه‌ی پێدانی ده‌رماڵه‌كه‌ی بۆ 25 سال درێژ كرده‌وه و له‌دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر زیندانیی سیاسیی مابن، ئه‌وا بۆیان هه‌یه دیسان داوای درێژكردنه‌وه‌ی پێدانی ده‌رماڵه‌كه بكه‌ن.
وه‌ك ئه‌م پارێزه‌ره ده‌یخاته‌ڕوو، له ساڵی 2011 له هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی 10 ساڵ بۆ پێدانی ده‌رماڵه‌كان دانراوه كه ئه‌مساڵ كۆتایی دێت و له‌وانه‌یه وه‌جبه‌یه‌كی تر ده‌رماڵه‌یان پێ ببڕێت.
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كرد له‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی وه‌ك مووچه‌خۆر دامه‌زراون، دوور نییه زیندانییه‌كی سیاسیش هه‌بێت له دامه‌زراندنه‌كه‌ی سه‌رپێچی رووی دابێت و له‌و حاڵه‌ته هاوشێوه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی تر كه سیفه‌تی بندیواری هه‌بێت شایانی ئه‌وه‌یه مووچه‌كه‌ی ببڕێت، به‌ڵام ده‌ستبردن بۆ ده‌رماڵه‌ی ئه‌م زیندانییه سیاسییانه كارێكی ناڕه‌وایه و ده‌ستوور و یاسا مافی ئه‌وه‌ی پێ داون ئه‌و ده‌رماڵه‌یان پێ بدرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جگه له ده‌رماڵه خاوه‌ن پیشه‌یه‌كی تر بن یان مووچه‌خۆری حكوومه‌ت بن.
به‌بۆچوونی ئه‌و پارێزه‌ره، ده‌رماڵه‌ی زیندانیانی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان مانگانه 500 هه‌زار دینار بووه له كاتێك هی عێراق سه‌رووی ملیۆنێك و 500 هه‌زاره .
پێویسته بگوترێت پێشتر له یادداشتێكدا كه له 10ی ئاداری ئه‌مساڵ تایبه‌تمه‌ندیی ناوه‌ندی زیندانیانی سیاسی سه‌ر به حزبی شیوعی كوردستان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستانیان كردبوو، ئاماژه به یاسای ژماره 11ی ساڵی 2011ی هه‌مواركراو كراوه كه دوای 10 ساڵ ناچار ده‌كرێن یان مووچه یان ده‌رماڵه‌یان وه‌ربگرن. له یادداشته‌كه ئاماژه به سێ هه‌زار زیندانی سیاسیی كراوه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه له په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ڵه پرسی ده‌رماڵه و مووچه‌ی ئه‌و زیندانییه سیاسییانه تێكه‌ڵ كراوه، له كاتێكدا ئه‌وان له‌بری ئه‌و قوربانییه‌ی له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس داویانه، ئه‌و ده‌رماڵه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه و مووچه‌ی حكوومه‌تیش له‌بری ئه‌و خزمه‌ت و كاره ده‌درێ كه پێشكه‌شی ده‌كه‌ن.
هیچ ده‌رماڵه‌یه‌ك كه مافی خۆی بێت و به یاسا بۆی بڕابێته‌وه له هیچ كه‌سێك نابڕێت
ئیدریس ئیسماعیل غه‌بوش ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه له زۆر له‌و ده‌رماڵانه به ناحه‌ق دراون. ئه‌و ده‌ڵێ حاڵه‌ت هه‌بووه له دزی گیراوه، به‌ڵام وه‌ك زیندانیی سیاسی هه‌ژمار كراوه و شایانی ئه‌وه‌یه ده‌رماڵه‌كه‌ی لێ ببڕێت. ئه‌و پێداگری له‌وه ده‌كات هیچ ده‌رماڵه‌یه‌ك كه مافی خۆی بێت و به یاسا بۆی بڕابێته‌وه له هیچ كه‌سێك نابڕێت و له‌و 17 هه‌زار كه‌سه‌ی وردبینی بۆ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه ئه‌وپه‌ڕی پێنج هه‌زار كه‌س شایانی ئه‌و بن ده‌رماڵه‌كه‌یان به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌ی تر لێیان دێته بڕین.
به‌گوته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌رجیش نییه كه‌سێك كه به مافی خۆی ده‌رماڵه‌یه‌كی بۆ بڕاوه‌ته‌وه مادام مووچه‌ی هه‌یه لێ ببڕێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر مافی خۆی بێت هه‌ردووكی پێ ده‌درێت.
پارێزه‌ره‌كه‌ی زیندانیانی سیاسی گوتی، كاتی خۆی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به زیندانی سیاسی ناونووس كراون و ده‌رماڵه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه، به فه‌رمانی حاكم زیندانییه سیاسییه‌كه‌یان په‌سند كراوه و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌مه‌دا نییه، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان پێی وایه له‌و حاڵه‌تانه‌شدا ته‌نانه‌ت سوێندی درۆ و جۆرێك فێڵ هه‌بووه كه ده‌بێ هه‌مووی پێداچوونه‌وه‌یان به‌سه‌ردا بكرێت و لیژنه‌ی پێوه‌ندیدار له‌سه‌رجه‌م لیسته‌كان ده‌كۆڵێته‌وه و ئه‌وه‌ی شایانی نه‌بێت لێی ده‌بڕێت.
له‌وانه‌یه كه‌سێك دوو ده‌رماڵه‌ی هه‌بێت، بۆیه به‌گوێره‌ی یاساكه یه‌كێكی دێته بڕین
ئه‌و ده‌ڵێت له‌وانه‌یه كه‌سێك دوو ده‌رماڵه‌ی هه‌بێت، بۆیه به‌گوێره‌ی یاساكه یه‌كێكی دێته بڕین و پاره‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌ك زیاتر خستیه‌ڕوو، یاسای چاكسازی ئه‌گه‌ر به ته‌واوی جێبه‌جێ بكرێت، داهاتێكی زۆر بۆ حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و سووده‌كه‌شی ته‌نیا بۆ حكوومه‌ت نییه، به‌ڵكو بۆ هاووڵاتییانیشه و بۆ خزمه‌تی گشتی سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت.
جێی باسه چاكسازی له كوردستان، دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی بینراوه، یه‌كێك له پێشینه‌كانی كاری حكوومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان بووه. مه‌سروور بارزانی له میانه‌ی سوێندخواردنی له په‌رله‌مانی كوردستان گوتی" خواستی یه‌كه‌می من چاكسازییه".