د سەباح خۆشناو: كۆتایی ئەمساڵ ئابووری جیهان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت

:: PM:04:33:12/04/2020 ‌

بە درێژایی ساڵانی دوای دۆزینەوەی نەوت و بەكارهێنانی وەك سەرەچاوەی بەكارخستنی كارگە و هاتوچۆ و وێستگەكانی كارەبا و پترۆكیمیاییەكان، بە بەردەوام نرخی نەوت لەلایەك كەوتووەتە ژێر كاریگەری رووداوەكان لە دنیا و ناوچەكانی بەرهەمهێنان و بەكارخستنی نەوت، لەلایەكی تر وەك چەكێك وڵاتانی لە  دژی یەكتر بەكاریان هێناوە، وەك ئەوەی ئێستە هەردوو هۆكار بەیەكەوە دەبینین، د سەباح خۆشناو، پڕۆفیسۆری دارایی گشتی یاریدەدەر لە كۆلێژی بەڕیوەبردن و ئابووری زانكۆی سەڵاحەدین لە دیمانەیەكی "وشە" تیشك دەخاتە سەر هۆكاری ناجێگیری و داهاتووی ئابووری دنیا و نرخی نەوت.
بەدرێژایی مێژوو نرخی نەوت هەڵبەزین و دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیوە
*ئەو تەنگژە ئابوورییەی ئێستە هەیە، هۆكارەكانی چین و كاریگەری بۆ سەر بازاڕی كار و زیادبوونی بێكاری لە دنیا چییە؟
كۆرۆنا وەك ڤایرۆسێكی كوشندە رووبەڕووی مرۆڤایەتی هاتووەتەوە و سەرەتا لە چینەوە دەستی پێ كرد، كە ئەو وڵاتە 20%ی پیشەسازی جیهان پێكدێنێت، واتە یەك لەسەر پێنجی هەموو پیشەسازی دنیا لە چین كۆبووەتەوە، بەوەیش كاریگەرییەكەی راستەوخۆ بوو و بووە هۆی كەمبوونەوەی كەلوپەل و كاڵا بەهۆی داخستنی كارگەكان، ئەوەیش لەلایەك پێوەستە بە بازاڕی نەوتەوە، چونكە چین رۆژانە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت دەكڕێت، بۆ بەگەڕخستنی كارگە و پیشەسازییەكانی، بۆیە ئەوە وای كرد خواست لەسەر نەوت 50% كەمبێتەوە، دوای چین، ڤایرۆسەكە بەرەو وڵاتانی پیشەسازی گەورە بڵاو بووەوە لە ئەوروپا و ئەمەریكا كە گەورەترین زیانی گیانی و ئابووری بەركەوتووە، ئەوانە هەموویان كاریگەری نەرێنیان بۆ سەر پیشەسازی و زۆرینەی كارگەكان هاتنە داخستن، ئەوەیش دوو كاریگەری بەدوای خۆیدا هێنا لەلایەك بەسەر بازاڕی وزە و نەوت و لەلایەكی تر بەسەر بازاڕی كار و رێژەی بێكاری زیاتر كرد.

ئەوانە هەموویان بەیەكەوە پێوەستن، چونكە ئابووری وڵاتانی دنیا بەیەكەوە وابەستەیە، هەر لە هەناردن و هاوردەكردن و كڕین و خواست لەسەر كەلوپەلی یەكتر و دابینكردنی پێداویستییەكانی كۆمەڵگە، بۆیە بنەماكانی كاركردن لەناو جەستەی ئابووری جیهان تووشی سستی بوو، بۆیە كۆنترۆڵكردنی ئەو نەخۆشییە، وا دەكات كە بەرە بەرە ئابووری وڵاتانی دنیا ببووژێتەوە، كە سەرەتای چاكبوونەوەكەیش لە چین دەركەوت كە دوای 75 رۆژ لە دەركەوتنی ڤایرۆسەكە، لە ووهان ئاهەنگێكیان ساز كرد و پێشانیان دا شارەكەیان ئاسایی بووەتەوە، بۆیە كاریگەرییەكە لە چینەوە باشتر دەبێتەوە لە رووی خواستی كڕینی نەوت و بەگەڕخستنەوەی دامەزراوە پیشەسازی و كارگەكانیش، بێگومان كۆرۆنا كاریگەری 100%ی هەبوو بۆ سەر چالاكی ئابووری دنیا.
زۆرینەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆكارەكەی نەوت بووە
*كاریگەری پەتاكە و كۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانیش بۆ سەر نرخی نەوت چییە و پێشبینی چی دەكەیت؟
نەوت وەك كاڵایەكی ستراتیجی ئابووری سیاسی سەیر دەكرێت، سێ رەهەند و سێ خوێندنەوەی هەیە، بۆ سێ لایەنی سەرەكی بەكاردەهێنرێت، لەلایەك بڕبڕەی پشتی ئابووری ئەو وڵاتانەن كە ئابوورییەكەیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت بەستراوە، لە رووی سیاسیشەوە وەك ئامراز و چەكێك بەكار دەهێنرێت بۆ یەكلاكردنەوەی حیسابات و گوشاركردن و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر وەك ئەوەی نێوان سعوودیە و رووسیا هەیە، جگە لەوە لە رووی ستراتیجی بەكاردەهێنرێت، وەك ئامرازێكی سەربازی ستراتیجی و ئامانجی درێژخایەن، واتە چۆن بتوانیت لەو رێگەوە بە ئامانجە درێژخایەنەكانت بگەیت.

بازاڕی نەوت كەوتووەتە ژێر كاریگەریی یاسای خواست و خستنەڕوو، خستنەڕوو واتە ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەری نەوتن لە ئۆپێك و لە دەرەوەیشی، خواستیش وڵاتانی هەموو دنیان كە پێویستیان بە نەوت هەیە و دەیكڕن، كۆڕۆنا بووە هۆی كەمبوونەوەی خواست و ئەوەیش كاری كردە سەر نرخی نەوت كە یەكەم هۆكاری دیاریكردنی نرخی نەوتە، ئێستە زۆرینەی پیشەسازی دنیا وەستاوە یان نیوچە وەستاوە، ئەوەیش كاریگەری خۆی هەیە، رۆژانە زیاتر لە 90-95 ملیۆن بەرمیل، خواستیش پێشتر لە دەورووبەری ئەو ژمارەیە بوو، بەڵام كاتێك خواست كەمبووەوە، كار دەكاتە سەر نرخی نەوت.

بابەتی كۆبوونەوەكەی ئۆپێك پڵەس، كە پێنجشەمی رابردوو لەژێر گوشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەر سعوودیە هاتە سازكردن، بەو پێیەی بەشێك لە هۆكارەكانی دابزینی نرخی نەوت سعوودیە بوو، كە دەیەوێت سەركردایەتی وڵاتانی ئۆپێك بكات، رووسیایش لە دەرەوەی ئۆپێك هەوڵی پێشەنگی دەدات، بۆیە ململانێ لە نێوانیان دروست بوو، كاتێك رۆژانە سعودیە 10 ملیۆن و رووسیا 11 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكەن، سعوودیە لەبەرنامەیدایە ئاستەكە بۆ 13 ملیۆن بەرز بكاتەوە، ئەوانە هەمووی كاریگەرن لەسەر نرخی نەوت، ئێستە ئەمەریكایش زەرەرمەندە، بۆیە هەمووان دەیانەوێ نرخی نەوت بەرز بكەنەوە بۆ 40 دۆلار و بەرەو سەرەوە، بەڵام دیارە تا ئێستە كۆبوونەوەكە بەكردەنی كاریگەری ئەوتۆی نەبووە، وەك گوتمان كاڵایەكی سیاسی و ئابووری و ستراتیجییە، بۆیە بەدرێژایی مێژوو نرخی نەوت هەڵبەزین و دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە زۆرینەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆكارەكەی نەوت بووە.

*گەر باس لە داهاتوو و دوارۆژ بكەین، نرخی نەوت و ئابووری دنیا كەی ئاسایی دەبنەوە؟
پێشبینی دەكەم نرخی نەوت بەرز بێتەوە، وەك شرۆڤەكارانیش پێشبینی دەكەن كە لە مانگەكانی ئاب و ئەیلوولی داهاتوو، واتە لە پایزدا، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، هاوكات كاریگەریی كۆرۆنا سست دەبێت، گۆڕانكارییەكان لە رووی خستنەڕوو و خواستەوە لە بەرژەوەندی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رەنگ دەداتەوە، دەكرێت نرخی نەوت تا 50 دۆلار بەرز ببێتەوە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە رەنگە پێنج بۆ شەش مانگی تر نرخی نەوت سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئێستە ئەگەر هەیە نرخەكەی تا 40 دۆلار بچێت.

چاكبوونەوەی دۆخی ئابووری دنیا دەوەستێتە سەر جۆری ئەو تەنگژەی هەیە، ئەو ڤایرۆسە راستە لە سەرەتای ئەمساڵ سەری هەڵداوە و كاریگەری نەرێنی دروست كردووە، بەڵام پێشبینییەكان بەو ئاراستەن كە لە هاوینی ئەمساڵ كۆتایی پێ بێت، ئەگەر وا دابنێین تەنگژەكە لە مانگی یەك تا مانگی حەوت بەردەوام بێت، شەش مانگی تریشی پێویستە تا دۆخەكە ئاسایی  دەبێتەوە، بۆیە رەنگە لە كۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای 2021، جارێكیتر ئابووری وڵاتانی دنیا ببوژێتەوە و بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت، واتە شەش مانگێكی پێویستە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل